Direkt zum Inhalt

حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ خۆشتره‌ تا گۆڕان


ئا: ئاوێنه‌

له‌م گفتوگۆیه‌ی‌ ئاوێنه‌دا، خالیدی‌ عه‌زیزی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ حیزبی‌ دیموكراتنی‌ كوردستان تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ هه‌نوكه‌یی‌ كوردستان‌و سه‌باره‌ت به‌جموجۆڵه‌كانی‌ پژاك‌و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌دوێت.

ئاوێنه‌: به‌ده‌ر له‌وه‌ی‌ ئێوه‌ زۆرجار باسی‌ ئه‌وه‌تان كردووه‌ كه‌ وه‌ختی‌ خه‌باتی‌ چه‌كداریی‌ نییه‌ له‌دژی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران، ئایا پێتانوانییه‌ پژاك بووه‌ به‌ژماره‌یه‌كی‌ قورس له‌هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ كوردستانی‌ ئێراندا؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: به‌بڕوای‌ من ئه‌م جۆره‌ چالاكییه‌ نیزامیانه‌ی‌ پژاك هه‌یه‌تی‌، ده‌ره‌نجام‌و ده‌سكه‌وت‌و كاریگه‌رییه‌ك كه‌ له‌گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ كوردستانی‌ ئێراندا هه‌یه‌تی‌، زۆرتر مه‌حدود ده‌بێته‌وه‌ به‌كرده‌وه‌یه‌كی‌ نیزامی‌ كه‌ له‌میدیاكاندا دێته‌ گۆڕێ‌‌و باسی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆیه‌ ناكرێ‌ بڵێین له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ سیاسی‌ ئێران‌و كوردستانی‌ ئێران شوێنه‌وارێكی‌ ئه‌وتۆی‌ ده‌ابێت كه‌ بتوانێت باسێكی‌ به‌گوڕ‌و تازه‌ بهێنێته‌ گۆڕێ‌ له‌سه‌ر دۆزی‌ كورد به‌گشتی‌ له‌كوردستان‌و له‌ئێراندا. كه‌ من له‌گه‌ڵ‌ كاردانه‌وه‌ی‌ نیزامی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ به‌رامبه‌ر به‌پژاك به‌راوردی‌ ده‌كه‌م، پێموایه‌ ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ی‌ گه‌لی‌ كورد له‌و مه‌یدانه‌دا له‌ئێران ده‌یبێت، زۆر ده‌گمه‌ن‌و زۆر كه‌مه‌. هۆكه‌شی‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تێكه‌ له‌دیدی‌ ئه‌منییه‌وه‌ سه‌یری‌ كوردستان ده‌كات، سوپای‌ پاسداران كۆمه‌ڵگه‌ی‌ سیاسی‌ ئێرانی‌ قۆرخ كردووه‌، بووه‌ به‌ده‌سه‌ڵاتێكی‌ مافیایی‌ گه‌وره‌ی‌ ئابوری‌، تێده‌كۆشێ‌ سیناریۆكانی‌ خۆی‌ به‌گشتی‌ له‌ئێران بهێنێته‌ پێشێ‌، له‌و سیناریۆ نائه‌منیانه‌شدا زۆرترین مه‌جال بۆ خۆی‌ دروست ده‌كات بۆ ته‌عامول له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خۆی‌ له‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌تاراندا هه‌یه‌. جا من زۆرتر له‌و خانه‌یه‌دا پێناسه‌ی‌ ده‌كه‌م.

ئاوێنه‌: واته‌ به‌پێی‌ ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ی‌ به‌ڕێزتان پژاك به‌م كارانه‌ی‌ خزمه‌ت به‌كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران ده‌كات؟

خالیدی‌ عزیزی‌: من ناتوانم راسته‌وخۆ بڵێم خزمه‌ت به‌كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران ده‌كات، ره‌نگه‌ ده‌قی‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ به‌وشێوه‌یه‌ دروست نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و كارانه‌ی‌ پژاك، كۆمه‌ك ده‌كات به‌جه‌وی‌ نائه‌منی‌ له‌كوردستانی‌ ئێران، به‌هانه‌یه‌كی‌ زۆرتر ده‌دات به‌سوپای‌ پاسداران، كه‌ زۆرتر له‌و ناوچه‌یه‌ به‌حزوری‌ نیزامی‌ خۆی‌‌و به‌سیاسه‌تی‌ ئه‌منیه‌تی‌ له‌تارانه‌وه‌ تێبكۆشێ‌، قه‌یرانه‌كانی‌ خۆی‌ له‌تاران له‌په‌یوه‌ندی‌ به‌كێشه‌كانی‌ خۆی‌ داپۆشی‌.

ئاوێنه‌: به‌ڵام پێتوانییه‌ له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و له‌م ناوچه‌یه‌ی‌ ئێمه‌دا ئه‌وانه‌ی‌ هێزیان نه‌بێت ناتوانن سیاسه‌ت بكه‌ن؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: هێز ده‌كرێ‌ ئێمه‌ شیكاری‌و راڤه‌ی‌ بكه‌ین كه‌ به‌چی‌ ده‌گوترێ‌، له‌قۆناغێكدا ئێمه‌ له‌كوردستانی‌ ئێران هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ زۆر به‌هێزمان هه‌بوو، چالاكی‌ زۆر به‌رین‌و ته‌نانه‌ت شه‌ڕی‌ جه‌بهه‌یشمان له‌گه‌ڵ‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران بووه‌، به‌ڵام ئێستا له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێراندا، رووداوه‌كانی‌ دوو ساڵی‌ رابردوو به‌ڕاشكاوی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌رخستووه‌ كه‌ خه‌بات‌و جموجۆڵی‌ مه‌ده‌نی‌، خه‌ڵك به‌كه‌مترین زه‌ره‌رو زیان‌و به‌دروسنه‌كردنی‌ سیناریۆی‌ ئه‌منیه‌تی‌ بێنه‌ مه‌یدان، زۆرترین ده‌سكه‌وتی‌ ده‌بێت. به‌بڕوای‌ من نابێت بكه‌وینه‌ ناو ئه‌و ته‌ڵه‌یه‌ی‌ كه‌ سوپای‌ پاسداران ده‌یه‌وێت له‌كوردستانی‌ ئێران دروستی‌ بكاته‌وه‌و زۆرتر كه‌شوهه‌وایه‌كی‌ نیزامی‌‌و ئه‌منیه‌تی‌ ساز بكاو به‌وجۆره‌ جموجۆڵ‌‌و حه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ مه‌حدود بكاته‌وه‌‌و به‌ربه‌ستی‌ بكات.

ئاوێنه‌: واته‌ به‌بڕوای‌ تۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ نه‌ك هه‌ر كارێكی‌ بێهووده‌یه‌، به‌ڵكو كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ سوودی‌ لێده‌بینێ‌؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ له‌دژی‌ ئێران به‌غه‌یری‌ سه‌رئێشه‌ هیچی‌ دیكه‌ نییه‌، ئه‌مڕۆ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد له‌ئێران هه‌مووشی‌ چه‌كدار بێت، ده‌وڵه‌تی‌ پێناڕوخێت، روخانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ تاران، به‌چه‌ك به‌ده‌ر له‌ئیراده‌ی‌ ئێمه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ‌ له‌سه‌ر ئه‌و ستراتیجییه‌ بچینه‌ نێو كێشه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئێران، ئه‌و ستراتیجییه‌ له‌ڕۆژه‌كانی‌ ئه‌وه‌لدا، ئاكام‌و به‌رهه‌مه‌كه‌ی‌ دیاره‌، جا مادام بۆ سه‌ر ئێشه‌یه‌ كه‌ ئیمتیازی‌ لێبستێنین، ئێمه‌ پانزه‌ ساڵ‌ پێش ئێستا، چه‌ندین ساڵ‌ سه‌رئێشه‌ی‌ زۆر گه‌وره‌مان بۆ تاران دروست كرد، وه‌ك هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕی‌ جه‌بهه‌یی‌ زۆر قورسمان له‌دژی‌ تاران هه‌بوو، به‌ئه‌نجام نه‌گه‌یشت‌و ئه‌وه‌ ده‌ریخست كه‌ كه‌وته‌ سه‌ر خانه‌ی‌ نیزامی‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێمه‌ براوه‌ نابین.

ئاوێنه‌: واته‌ له‌دیدی‌ ئێستاتانه‌وه‌ پێتوایه‌ كه‌ ئه‌وسا كارێكی‌ باشتان نه‌كرد خه‌باتی‌ چه‌كداریتان كرد؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ شه‌ڕمان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا ته‌نها رێگه‌یه‌ك بۆ به‌رگری‌ له‌خۆمان شه‌ڕی‌ دژ به‌كۆماری‌ ئیسلامی‌ بوو.

ئاوێنه‌: ئه‌ی‌ ئێستا له‌سایه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامیدا رێگه‌یه‌كی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ خه‌بات‌و به‌رگری‌ له‌خۆكردن؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: له‌سایه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامیدا ئێستا رێگه‌ی‌ دیكه‌ نییه‌، به‌ڵام نابێت بچیته‌ سه‌ر رێگه‌یه‌ك كه‌ ئه‌و پێیخۆشه‌و بۆت هه‌ڵده‌بژێرێت، ئێستا ده‌بێت زۆرترین بایه‌خمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بێت میكانیزم‌و میتۆده‌كانی‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌هێزتر بكه‌یت، كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌كوردستان به‌شه‌ڕ وه‌له‌رزین نایه‌و ناڕوخێ‌، به‌ڵام كۆماری‌ ئیسلامی‌ به‌خه‌بات‌و جموجۆڵی‌ ژنان‌و مه‌ده‌نی‌ له‌تاران‌و شاره‌ گه‌وره‌كانی‌ ئێران كۆماری‌ ئیسلامی‌ ده‌ڕوخێنێ‌، ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت ئێمه‌ ئه‌وه‌ له‌ئێران به‌هێز بكه‌ین‌و گرێیبده‌ینه‌وه‌ به‌كوردستانه‌وه‌، دده‌توانێ‌ زه‌مینه‌ بۆ له‌ناوچونی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌بار بكات.

ئاوێنه‌: ئێوه‌ ئه‌و جموجۆڵه‌ مه‌ده‌نیه‌تان پێرێكده‌خرێت؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: ئێمه‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ش له‌هه‌لومه‌رجی‌ جۆراوجۆردا نیشانمانداوه‌، كه‌ به‌پێی‌ توانای‌ خۆمان چووینه‌ته‌ ناو گه‌مه‌یه‌وه‌‌و كاریگه‌ریمان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك بۆ چوونه‌ ئه‌و خه‌باته‌وه‌.

ئاوێنه‌: تۆ باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت كه‌ ئیتر خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ كاتی‌ نه‌ما، به‌ڵام ئێوه‌ تا ئێستاش هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و چه‌كدارتان هه‌یه‌، ئه‌مه‌تان بۆچییه‌؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و چه‌كداری‌ ئێمه‌ هه‌ر سروشتی‌ پێشووی‌ هه‌یه‌ كه‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر كوردستان‌و خه‌ڵك بۆ به‌رگری‌ له‌خۆیان چه‌كیان هه‌ڵگرت‌و ئه‌و هێزه‌یان راگرت، ئێستاش له‌ڕووی‌ ئه‌منییه‌وه‌ سوپای‌ پاسداران به‌شێوه‌ی‌ جۆراوجۆر له‌ماوه‌ی‌ چه‌ندین ساڵی‌ رابردوودا رێبه‌رانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ تیرۆر كردووه‌، له‌ناوی‌ بردوون، له‌ده‌ره‌وه‌و له‌م ناوچه‌یه‌ تیرۆری‌ كردوون، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ ئێمه‌ له‌ئێستادا رۆڵی‌ به‌رگری‌و ئه‌منییه‌تیان هه‌یه‌ بۆ پاراستنی‌ خۆمان‌و ئه‌و دامه‌زراوه‌ حیزبییه‌ی‌ كه‌ هه‌مانه‌، ده‌نا هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ ئێمه‌ به‌و روحه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ نییه‌‌و چه‌كدار نه‌كراوه‌ كه‌ بینێرینه‌ سه‌نگه‌ری‌ شه‌ڕی‌ نیزامی‌ له‌دژی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌.

ئاوێنه‌: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ فشاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ هه‌رێمتان له‌سه‌ر نه‌بێت، ئایا خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ ده‌ستپێناكه‌نه‌وه‌؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: گومان له‌وه‌دا نییه‌، مادام ئێمه‌ له‌كوردستانی‌ عێراقین‌و لێره‌ حكومه‌ت‌و قانون هه‌یه‌، حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ هه‌ڵبژێردراو هه‌یه‌، ئێمه‌ رێز بۆ ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ داده‌نێین‌و پێمانوایه‌ ره‌چاو كردنی‌ ئه‌و ده‌سكه‌وته‌، به‌شێكه‌ له‌ئه‌ركی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ ئێمه‌‌و واقیبینی‌ سیاسی‌. ناتوانین ره‌چاوی‌ ئه‌وه‌ نه‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێمه‌ لێره‌ هه‌ین یه‌كێك له‌و فاكته‌رانه‌یه‌ كه‌ چۆنیه‌تی‌ رێكخستنی‌ میتۆدی‌ خه‌باتی‌ خۆمان له‌دژی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران دیاریده‌كات.

ئاوێنه‌: په‌یوه‌ندی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌هێزه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ له‌ چ ئاستێكدایه‌، به‌تایبه‌تی‌ په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ‌ گۆڕاندا چۆنه‌؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ گۆڕان په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ئه‌وتۆمان نییه‌، هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وانمان پێخراپ بێت، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆڕان ماوه‌یه‌كه‌ هاتووه‌ته‌ گۆڕێ‌، گۆڕان تا ئێستاش پێناسه‌ی‌ حیزبییه‌كه‌ی‌ بۆ ئێمه‌ بڕێك ناڕوونه‌، چۆن خۆی‌ پێناسه‌ ده‌كات له‌خانه‌ی‌ حیزبایه‌تیدا، دووه‌م گۆڕان له‌ڕووی‌ قانوییه‌وه‌ نوێنه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌په‌رله‌ماندا، ئاره‌زووی‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ گۆڕان پابه‌ندی‌ رێسا دیموكراسییه‌كان بێت، مادام نوێنه‌ریان له‌په‌رله‌ماندا هه‌یه‌، با له‌په‌رله‌ماندا شه‌ڕ‌و كێشه‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن، هیوادارین هه‌ر ئه‌وه‌ش بكه‌ن.

ئاوێنه‌: ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئێوه‌ زانیاریتان هه‌بێت ئێران ده‌ستی‌ هه‌بووه‌ له‌هاندانی‌ ئۆپۆزیسیۆنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ دروستكردنی‌ نائارامی‌؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: له‌ڕووی‌ ئه‌منیه‌تی‌‌و پۆلیسی‌‌و ته‌كنیكییه‌وه‌ بۆ من زۆر زه‌حمه‌ته‌ ئێستا كه‌ قه‌زاوه‌ت بكه‌م ئێران ده‌ستی‌ هه‌یه‌ یان نا، ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ پۆلیسیه‌وه‌. به‌ڵام له‌لایه‌نی‌ سیاسییه‌وه‌ یه‌كێك له‌میتۆده‌كانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌دروستكردنی‌ قه‌یران له‌وڵاتانی‌ دراوسێی‌‌و ده‌روبه‌ری‌ له‌عێراق‌و ئه‌فغانستان‌و وڵاتانی‌ دیكه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ته‌مه‌نی‌ خۆی‌ درێژتر بكاته‌وه‌. ئێران ده‌یه‌وی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا وا نیشان بدات كه‌ به‌خۆی‌ زلهێزێكه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، ده‌یه‌وێ‌ له‌هه‌موو شوێنێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خۆی‌ سیناریۆی‌ گونجاوی‌ خۆی‌ دروست بكات، عێراقیش ناتوانێ‌ له‌و رێسایه‌ به‌ده‌ر بێت.

ئاوێنه‌: واته‌ ده‌شێ‌ بڵێین رۆڵی‌ ئێران به‌دیده‌كرێ‌ له‌خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زاییه‌كانی‌ كوردستان؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: من ناتوانم بڵێم رۆڵی‌ ئێران ده‌بینم له‌خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زاییه‌كانی‌ پێشووی‌ ئێره‌، ئه‌وه‌ بۆ من زۆر زه‌حمه‌ته‌ ئه‌و قه‌زاوه‌ته‌ بكه‌م، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم كه‌ ئه‌وانه‌ی‌ خۆپیشاندان ده‌كه‌ن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و نائارامی‌ دروستده‌كه‌ن، ده‌بێت ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاوبێت كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌تونس‌و نه‌میسرو نه‌سوریایه‌، هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌وڵاتانی‌ دیموكراسی‌ هاوشێوه‌ی‌ سوید‌و سویسراو ئه‌مه‌ریكاشه‌، به‌ڵكو تایبه‌تمه‌ندی‌ خۆی‌ هه‌یه‌و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ ده‌بێت هه‌وڵبده‌ن كه‌ڵك له‌و دیموكراسییه‌ وه‌ربگرن كه‌ لێره‌ هه‌یه‌.

ئاوێنه‌: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ چۆنه‌؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: په‌یوه‌ندیمان زۆر باش‌و خۆشه‌، ئێمه‌ ده‌مێكه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشمان هیه‌، ئه‌مه‌ش ئیدامه‌ی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه‌ كه‌ ده‌یان ساڵه‌ بوومانه‌، بۆیه‌ پێموایه‌ حیزبی‌ دیموكرات له‌چۆنیه‌تی‌ رێكخستنی‌ په‌یوه‌ندی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌، ئه‌زمونێكی‌ له‌مێژینه‌ی‌ هه‌یه‌‌و ده‌توانرێ‌ له‌داهاتووشدا په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشتریشی‌ هه‌بێت.

ئاوێنه‌: واته‌ په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ تێهه‌ڵكێشتره‌ تاكو گۆڕان یان ئێوه‌ په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ به‌باشتر ده‌زانن تاكو گۆڕان؟

خالیدی‌ عه‌زیزی‌: من ئه‌وه‌ ناشارمه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ زۆر زۆر خۆشتره‌ تا له‌گه‌ڵ‌ گۆڕان، له‌ڕاستیدا تاكو ئێستا ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ئه‌وتۆمان له‌گه‌ڵ‌ گۆڕان نییه‌. ئێمه‌ ئاره‌زوومان ده‌كرد گۆڕان له‌چۆنیه‌تی‌ ته‌عامول له‌گه‌ڵ‌ كێشه‌كانی‌ كوردستان زیاتر واقیعبینانه‌ بجوڵایه‌ته‌وه‌، تێبكۆشایه‌ وه‌زعی‌ ئێره‌ی‌ له‌به‌رچاو بگرتایه‌، تێبكۆشایه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كوردی‌ له‌بازنه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌تر ببینیایه‌‌و پتر حه‌وسه‌ڵه‌ی‌ نیشان بدایه‌، ئاره‌زوومان ده‌كرد رۆڵی‌ ئۆپۆزیسیۆنی‌ خۆی‌ له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌ بگێڕایه‌.

Neuen Kommentar schreiben

Der Inhalt dieses Feldes wird nicht öffentlich zugänglich angezeigt.
CAPTCHA This question is for testing whether or not you are a human visitor and to prevent automated spam submissions.