ئەوروپای پڕ لهخوێن مەریوان وریا قانیع
کۆتایی مانگی حەوت، ئەوروپا بە گشتیو وڵاتی نەرویج بە تایبەتی، بەسەر تاوانێکی سیاسی هێجگار گەورەدا بەخەبەرهاتنەوە، تاوانێک لهمێژوی هاوچەرخی ئەوروپای دوای جەنگی جیهانی دووهەمدا بێوێنەیە: تاوانی کوشتنی بە ئەنقەستی دەیەها ئینسان لەلایەن گەنجێکی نەرویجی تەمەن ٣٢ ساڵ بەناوی ”ئەندرێس برایڤیک“ەوە. ئەم گەنجە توندڕەوە، کە پۆلیسی وڵاتەکەی وەک توندڕەو یان ”ئوسوڵییەکی مەسیحی“ ناویدەنێت، هەم ئۆتۆمۆبێلێکی پڕ لهتەقەمەنی لەبەردەم باڵەخانەی سەرەکی حکومەتی نەرویجیدا لهئۆسلۆ تەقاندەوە، هەم لهیەکێک لهدورگەکانی ئەو وڵاتەدا کەوتە گوللەبارانکردنی دەیان گەنجی ئەو وڵاتە کە لهپشوی هاویندا بۆ کۆبوونەوەی سیاسی لەو دورگەیەدا کۆبووبوونەوە. دوای هەردوو روداوەکە برایڤیک لەلایەن پۆلیسی نەرویجییەوە دەستگیرکراو ئێستا تاوانەکەی لهقۆناغی لێکۆڵینەوەدایە لهدادگا. کاردانەوەی یەکەمی میدیاو ناوەندە سیاسیو فەرهەنگیو دینییەکان ئەوەبوو کە ئەم گەنجە کەسێکی نەخۆشە، کێشەی دەرونی هەیەو دێوانەیە، بەڵام ئەو هەزاران لاپەڕە نوسینە کە پێش ئەنجامدانی کارەکەی نوسیویەتیو ئێستا لەبەردەستی پۆلیسو دادگاو ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەدایە، نیشانیئەدات ناکرێت ئەنجامدانی ئەو تاوانە گەورەیە بە تۆمەتبارکردنی ئەو گەنجە بە نەخۆشیو دێوانەییو گرێی دەرونی لێکبدرێتەوە. واتە ئەو روداوە دابڕاو نییە لهحیکایەتەکانی ئەو دونیایەی ئەو گەنجەی تێدا ژیاوە. نوسینەکانی ئەم گەنجە هێما بۆ لەدایکبوونی کۆمەڵێک بۆچوونی سیاسیو کولتوریو دینی نوێ دەکەن، کە لهسەرەتای نەوەدەکانەوە لهئەوروپادا لهدروستبووندانو لەگەڵ روداوەکانی ١١ سێپتێمبەردا دەبنە بەشێکی باڵادەستی گوتاری میدیاکانو بەشێک لهزمانی سیاسیو زمانی ئەو موناقەشە گەورانەی دوای ١١ سێپتێمبەر هاتنەکایەوە. دەکرێت ئەو گوتارە تازانە لەژێر ناوی لەدایکبوونی جۆرێکی پەڕگیر له”ناسیۆنالیزمی کولتوری“دا ناوبنێین. لهسەرەتای نەوەدەکانەوە شەپۆلێکی نوێ لهناسیۆنالیزم لهوڵاتە ئەوروپییەکاندا لهلەدایکبووندایە کە بنەما سەرەکییەکەی پێناسەکردنەوەی نەتەوەیە لەسەر بنەمای کولتورو دینو ئەتنیەتو بەهاو نۆرمی فەرهەنگی. هەرکەسێکیش شارەزایی مێژوی ناسیۆنالیزم بێت، ئەو راستییە دەزانێت لهکوێدا ناسیۆنالیزم ئاکارە مەدەنییەکانی خۆی دۆڕاند، لەوەکەوت وەک چوارچێوەیەکی سیاسی ئامادەبێت کە تیایدا ئینسانەکان کۆمەڵێک بەهاو نرخو پرنسیپی سیاسی -نەک کولتوری- کۆیانبکاتەوە، لهکوێدا ناسیۆنالیزم بەزمانی کولتورو دینو بەهای تایبەت دواو ئەم شتانەشی بە پاشخنێکی ئەتنیو نەتەوەیی بەرتەسکەوە بەستەوە، لەوێدا ناسیۆنالیزم دەبێتە دیاردەیەکی ترسناکی هەڕەشەئامێز. ناسیۆنالیزم خۆی دیاردەیەکی ترسناک نییە، شتێک نییە بە ”جەوهەر“ خراپو لههەموو دۆخو ژینگەیەکدا مەترسیداربێت. لهڕاستیدا ناسیۆنالیزم جەوهەرێکی نەگۆڕی نییە، بەپێی ژینگە سیاسیو کۆمەڵایەتیو فەرهەنگییەکان ماناکانی دەگۆڕێت. مێژوی ناسیۆنالیزم بەسەر دوو تەوەرەی سەرەکیدا دابەشدەبێت: ”ناسیۆنالیزمی مەدەنی“ بەرامبەر بە ”ناسیۆنالیزمی کولتوریو ئەتنی“. لەیەکەمیاندا ناسیۆنالیزم لەسەر دروستکردنی بیرۆکەی هاووڵاتی یەکسانو مافی سیاسیو مەدەنی کاردەکاتو بەمەش وەک چوارچێوەیەکی گشتی بۆ رێکخستنو کۆبوونەوەی جیاوازییەکان لەپاڵیەکدا ئامادەیە، واتە ناسیۆنالیزمێکی لیبرالو دیموکراسییانەو تەندروستە، بەڵام شێوازی دووهەمیان پێ لەسەر جیاوازییە کولتوریو ئەتنیو دینیو کولتورییەکان دادەگرێتو لەسەر بنەمای ئەم جیاوازییانەش ئەم گروپ دەکا بە دوژمنی ئەو گروپی تر، واتە لەسەر بەرهەمهێنانی رقو دوژمنایەتیو خودئەڤینیو نەرجسییەت کاردەکات، بەچاوێکی سوکو بێنرخەوە تەماشای ئەوانە دەکات کە دەکەونە دەرەوەی پێناسە کولتوریو ئەتنیو دینییەکەی نەتەوەوە. ئەوەی لەسەرەتای نەوەدەکانەوە لهئەوروپادا رودەدات، گۆڕانی ناسیۆنالیزمە لهئەوروپادا له”ناسیۆنالیزمێکی مەدەنییەوە“ بۆ ”ناسیۆنالیزمێکی کولتوریو ئەتنیو دینی“. ئەم گۆڕانەش دیاردەیەکی نوێییە، بۆ نمونە، لهئەوروپای ساڵانی شەستو هەفتادا، بە دەگمەن نەبێت نوسەرو سیاسییەکی ئەوروپی نادۆزینەوە باس لهمەسەلەی ”شوناس“ بکات، بە تایبەتی شوناسی نەتەوەیی، چەمکی باڵادەستی ئەو ساڵانە چەمکی چینو چەوساندنەوەی چینایەتییە، بەڵام لهنەوەدەکانەوە چەمکی ”شوناس“ دەبێتە چەمکی باڵادەستی ناو میدیاو بەرخوردە سیاسیو کۆمەڵایەتیو فەرهەنگییەکان. لەمەشدا هەر نەتەوەیەک لهنەتەوەکانی ئەوروپا ”ئەویتر“ێکی نوێ دەدۆزێتەوە کە شوناسی خۆی پێ بەراورددەکات. ئەم ”ئەویتر“ە چیدی ”ئەویتر“ە تەقلیدییەکانی ناو ئەوروپا خۆیان نین، بۆ نمونە هۆڵەندییەک چیدی خۆی بە بەلجیکی یان ئەڵمانییەک بەراورد ناکاتو لەسەر بنەمای ئەو بەراوردە شوناسی خۆی دەستنیشان ناکات. هاوکات ئەم ”ئەویتر“ە چیدی هێزە کۆمۆنیستەکان نییە. ئەم ”ئەویتر“ە تازەیە ئەو کۆچبەرانەن کە زۆربەیان لهوڵاتە ئیسلامییەکانەوە هاتوون. بە لۆژیکی ناسیۆنالیزمێکی کولتوریی ئەم ”ئەویتر“ە مسوڵمانە وەک بوونەوەرێکی ترسناک، نەزان، توندڕەو، دزو جەردەو تێرۆریست دروستو نیشانئەدرێت. کۆنترۆڵو چاودێریو گەمارۆدانی ئەم کۆچبەرە دەبێتە بنەمای سەرەکی ئەو گوتارە ناسیۆنالیستییە تازەیەو زۆربەی هەرەزۆری ئەو کێشانەی کۆمەڵگا ئەوروپییەکان روبەڕویان دەبنەوە دەدرێنە پاڵ ئەم کۆچبەرە نالەبارو خۆنەگونجێنەرانە. لەمەدا ئیسلام دەکرێتە بنەمای ”شوناسی“ ئەم گروپە کۆچبەرە جیاوازانەو بەم ئیسلامەش جەوهەرێکی نەگۆڕی دژ بە ئینسانو دژ بە پێشکەوتنو دژ بە عەقڵ دەبەخشرێتو وەک هێزێک نیشانئەدرێت کە کاری پیلاندانانە بۆ لەناوبردنی خۆرئاواو وێرانکردنی رۆشنگەریو هەڵوەشاندنەوەی لیبرالیزم. باس لهبە”ئیسلامیکردنی کولتوری ئەوروپی”و ”جێگرتنەوەی شەریعەت بۆ یاسا لیبرالەکان“ دەکرێت. هەموو ئهمانە لەپاڵ بازدان بەسەر ئەو راستییە سادەیەدا کە ژمارەی مسوڵمانان لههەموو ئەوروپدا ٧% بۆ ١٠%ی دانیشتوانەو زۆربەی هەرەزۆری ئەمانەش کەسانی دینی نینو ژیانێکی عەلمانیانە دەژین، رێزی یاساو پرنسیپە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە دەگرن کە کۆچیان بۆکردوە. ئەمانە دەشێت دین بەشێکبێت لهکەسایەتییان، بەڵام بەهیچ مانایەک هەموو کەسایەتییان نییە، وەکچۆن بەشێک نییە لهتێڕوانینیان بۆ سیاسەتو کۆمەڵگاو کارو پەیوەندیان لەگەڵ ئەو ژینگەیەدا کە لەناویدا دەژینو کاردەکەن. دین لای ئەم کۆچبەرانە بەهیچ مانایەک بەشێک نییە لهپرۆژەیەکی ئیمپریالی. بەکورتی ئەو چوارچێوە سیاسیو فەرهەنگیو کۆمەڵایەتییەی کە برایڤیک ئەو حەمامە خوێنەی تیادا دروستدەکات، ئەو چوارچێوەیەیە کە باسمکرد. چوارچێوەیەک لەسەر دروستکردنی وێنەی دوژمنێکی ترسناک بۆ کۆچبەرانو بیناییەکانی تری ناو ئەوروپا کاردەکات. لەزۆر رووەوە لۆژیکی برایڤیکو لۆژیکی ناسیۆنالیستو ئیسلامییە توندڕەوەکانی دونیای ئێمە وەکو یەکە، هەردووکیان بە لۆژیکی هەڕەشەو مەترسیو جەنگو پیلاندانان بیردەکەنەوە. هەردووکیان توندتیژیش وەک تاقە چارەسەر وێنادەکەن. |