له ساڵیادی كۆچیدوایی (ئهورِهحمانی حاجی مارف)دا: مامه‌خه‌مه‌ی زمانی كوردی
وێنه‌ی گاله‌ری
داديار ئازاد
زانا و نووسه‌ر و زمان‌زان و زمان‌ناسی مه‌زنی كورد (ئهورِهحمانی حاجی مارف)، نیو سه‌ده بێ پسانه‌وه كونجكاو به‌دوای وشه‌ی كوردی و خجڵی كاری زمانه‌وانی، ئهمئێستاش له نێو وشه و قه‌ڵه‌می هه‌مووماندا ده‌ژیت، یه‌كێكه له سه‌رچاوه و كۆڵه‌كه سه‌ره‌كی و پته‌وه‌كانی زمانی كوردی، به نووسین و لێكۆڵینه‌وه و وهرگێرِان و سه‌رنجه‌كانی خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی پێشكێش به نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه و له زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی زمان دواوه و گه‌لێك دیوی شاراوه‌شی ده‌رخستوون و په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵماڵیون و ساغیكردوونهتهوه.
زانای گه‌وره‌مان (ئهورِهحمانی حاجی مارف) له‌دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ئاماده‌ییدا، به مه‌به‌ستی درێژه‌دان به خوێندن رِوو له ولاَتی رِوسیا ده‌كات، سێزده ساڵ له‌وێ ده‌مێنێته‌وه و به‌هه‌وڵ و كۆشش و توانستی خۆی له‌رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نووسه‌ره گه‌وره‌كانی جیهان زمانی رِووسی فێرده‌بێت. له زانكۆی (لێنیگراد) برِوانامهی به‌كالۆریۆس و ماجستێر به‌ده‌ستده‌هێنێت، دواتریش له (ئامۆژگاری رِۆژههلاَتناسیی ئه‌كادیمیای سۆڤیه‌تی لێنیگراد) به هاوكاری مامۆستا كورده‌كه‌ی پرِۆفیسۆر (قه‌ناتی كوردۆ- كوردۆیف)، كه كه‌ڵك و قازانجێكی زۆری لێبینیوه و بۆئه‌و پاڵپشتێكی به‌هێز بووه، نامه‌ی دكتۆرایهكهی له‌باره‌ی (مێژووی فه‌رهه‌نگنووسیی كوردی و شێوازی دانانی فه‌رهه‌نگی رِووسی-كوردی) ته‌واوده‌كات و برِوانامهی دكتۆراش به‌ده‌ستده‌هێنێت.
له ساڵی (1973)دا دهگهرِێتهوه و نیشتمان و له كۆرِی زانیاریی كورد و زانكۆیهكانی: (سلێمانی و ئیبن رِوشد و خانه‌قین) قۆڵی خزمه‌تكردن هه‌ڵده‌كات و وانه به قوتابییانی به‌كالۆریۆس و ماجستێر و دكتۆرا ده‌ڵێته‌وه و سه‌رپه‌رشتی ده‌یان نامه‌ی ماجسێر و دكتۆرای كردووه، ئاریكار و هانده‌ری گه‌وره‌ی قوتابییه كورده‌كانی به‌شی كوردی بووه له شاری به‌غدا و پاڵپشتێكی به‌هێزیان بووه.
له‌ماوه‌ی ژیانیدا زیاتر له بیست كتێب و سه‌دان وتار و لێۆڵینه‌وه و چه‌ندین كتێب و وتاری وهرگێرِدراوی له باره‌ی زمان و ئه‌ده‌ب و كوردناسی و رِهخنه و فه‌رهه‌نگنووسی پێشكێش به كتێبخانه‌ی كوردی كردووه و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ش گرنگی و تایبه‌تی خۆیان هه‌یه و بوون به هه‌وێنی چه‌ندان كتێب و وتار و توێژینه‌وه‌ی دیكه، كه برِواناكهم نووسه‌رێك له‌سه‌رده‌می ئه‌و و دوای ئه‌ویش هه‌بووبێت، دوو قسه‌ی له‌سه‌ر زمانی كوردی كردبێت و سوودی له نووسین و بیرورِایهكانی ئهورِهحمان وه‌رنه‌گرتبێت، ئێستاش نووسینه‌كانی له قوتابخانه‌كان و زانكۆیه‌كان ده‌خوێنرێن و نرخ و بایه‌خی تایبه‌تییان هه‌یه، به جۆرێك زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خاوه‌ن قه‌ڵه‌م و خوێنده‌وارانی ئه‌م ولاَته مشتێك له خه‌رمانی زۆر و زه‌وه‌ندی ئه‌م كه‌ڵه زانایه‌یان به‌ركه‌وتووه، به‌رهه‌مه‌كانی پرِن له داهێنان و بابه‌تی نوێ، به‌رده‌وام ملی داوه‌ته به‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی زمان، كه قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌كراوه یان كه‌مترین سه‌رچاوه‌یان له‌سه‌ر هه‌یه و كتێبخانه‌ی كوردی پێویستی پێ هه‌بووه. له رِێگهی وهرگێرِانیشهوه ده‌یان كوردناس و زمان‌ناس و كه‌ڵه‌نووسه‌ری جیهانی به خوێنه‌رانی كورد ناساندووه.
دوای ته‌مه‌نێك له نووسین و خزمه‌ت و خه‌مخۆری، كاروانی خزمه‌تی ئه‌و كه‌ڵه زانایه‌مان به‌رده‌وام ده‌بێت و برِیاری كارێكی درێژخایه‌ن وه‌كو دانانی فه‌رهه‌نگێكی "كوردی-كوردی" ده‌دات، كه خه‌ونێكی له مێژینه‌ی خۆی بووه و ماوه‌یێك به‌تامه‌زرۆییه‌وه خه‌ریكی فه‌رهه‌نگه‌كه ده‌بێت، بهلاَم نه‌خۆشی به‌رۆكی ده‌گرێت و تا رِادهیێك له كاری فه‌رهه‌نگه‌كه دووری ده‌خاته‌وه، دواجاریش مه‌رگ مه‌ودای ته‌واوكردنی فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی پێنه‌دا. فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی ناوی "میدیا"ی لێنابوو، خۆی له بیست و پێنج به‌رگدا ده‌بینیه‌وه و به رِێوشوێنێكی زانستیی فه‌رهه‌نگنووسی دایرِشتبوو و به پشتبه‌ستن به یاسا و ده‌ستوره‌كانی بواری فه‌رهه‌نگسازی وشه و واتایهكانی تۆماركردبوون و له‌سه‌ر هه‌مان رِێچكهی فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی عهبدولرِهحمانی زه‌بیحی (قاموسی زبانی كوردی) دهرِۆیشت. مخابن (میدیا)ش وه‌ك فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی زه‌بیحی به نامورادی سه‌رینایه‌وه.
ئهورِهحمانی حاجی مارف نزیكه‌ی چل ساڵ وه‌ك خزمه‌تكارێكی شاره‌زا و دڵسۆز شه‌و و رِۆژی لێكگرێداوه و لێره و له‌وێ به وشه و هه‌ڵوێست خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه، ئه‌وه‌ته خاكییانه و له‌خۆبوردوانه نووسیویه‌تی: (كۆڵه‌وارم و هه‌ر هێنده‌م له ده‌ست دێت، خۆزگه كاری گه‌وره‌م له باردا بووایه، خه‌جاڵه‌تی قاپی دڵسۆزی میلله‌ته‌كه‌مم، كه هێنده دڵپاك و له‌خۆ بووردوون، ده‌ست به رِوومهوه نانێم ئه‌و جۆره دیاریانه‌م لێ وه‌رگرن).
سه‌د مخابن له شه‌وی 7\8/7/2007 به‌كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن گیانی پاكی سپارد و له ده‌ست نه‌ته‌وه‌كه‌ی چوو، زمانه‌كه‌مان پێویستی زۆری به‌م زانایه مه‌زنه مابوو، هێشتا چه‌ندین مه‌ڵۆ و شارای دیكه‌ی له باوه‌ش بوو بیانخاته سه‌ر خه‌رمانی زانستیی كاره‌كانی، تا گه‌لێك مه‌سه‌له و كێشه‌ی دیكه‌ی زمانی كوردیمان بۆ رِوون و یه‌كلابكاته‌وه.
دانهبرِان و درێژه‌دان به كاروانی خزمه‌ته‌كانی جوانترین وه‌فایه پێشكێش به‌و پیاوه مه‌زنه‌ی ده‌كه‌ین، پێویستیشه له لایه‌ن حكومه‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و دڵسۆزانه‌وه، له ئاست خزمه‌ته بهرچاوهكانیدا سالاَنه یادی ئه‌م زانایه بكرێته‌وه، په‌یكه‌رێكی شایسته‌ی له‌به‌رده‌م كۆلێژی زمان یان كۆرِی زانیاریی كورد بۆ چێبكرێت، هه‌روه‌ها ئاورِ له به‌رهه‌مه چاپ نه‌كراوه‌كانی بدرێته‌وه و كار بۆ چاپكردنیان بكرێت، به‌رهه‌مه چاپكراوه‌كانیشی دووباره چاپ بكرێنه‌وه، كه هه‌موویان سه‌رچاوه‌ی پێویست و گرنگن. هه‌زاران سلاَو له گیانی پاكی (ئهورِهحمانی حاجی مارف) گۆرِهكهی شاد و پرِ نوور بێت.
سوودم له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگرتووه:
1-به‌رهه‌مه زمانه‌وانییه‌كانم، ئه‌وره‌حمانی حاجی مارف، به‌رگی یه‌كه‌م سلێمانی، 2002.
2-به‌رهه‌مه زمانه‌وانییه‌كانم، ئه‌وره‌حمانی حاجی مارف، به‌رگی دووه‌م، سلێمانی، 2004.
3-نیوسه‌ده له ژیان و زانستی پرِۆفیسۆر ئه‌وره‌حمانی حاجی مارف، نه‌ریمان عهبدوڵلاَ خۆشناو و حه‌مید ئه‌بوبه‌كر به‌درخان، چاپی یه‌كه‌م، ده‌زگای چاپ و بلاَوكردنهوهی به‌درخان، هه‌ولێر، 2007.