نوێکارییه‌کی پرۆڤۆکانتانه له ڕۆمانی کوردی‌دا/hawreZangana
هاوڕێ زه‌نگه‌نه/ ئه‌ڵمـانیا
خوێننهویهک بۆ (شه‌وی ئه‌ستێره‌کان) ی یاسین بانیخێڵانی
سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه وه‌کو چوونه سه‌ر شاخی" گمۆ" وایه .شاخی گمۆ که‌وتۆته لای ناوچه‌ی باسنێی شارباژێڕه‌وه. چوونه سه‌ر ئه‌م شاخه پێچاو پێچێکی زۆری تێدایه و له‌هه‌ر پێچێكدا جیهانێكی تایبه‌ته به‌خۆیه‌وه، چونکه هه‌ر له‌کاتی سه‌رکه‌وتنیدا لایه‌کی خۆرێکی خۆشه و ده‌ڕوانیته ته‌واوی بناری سیوه‌یل و شاخه‌کانی تری هه‌زار به‌هه‌زاره و پێچێکی تر ده‌ده‌یته‌وه ده‌گه‌یته لایه‌کی تری شاخه‌که بارانێکی شه‌سته ده‌بارێت، که خۆت له‌به‌ر بارانه‌که پێناگیرێت، پێچێكی تر ده‌ده‌یته‌وه ده‌بینی ته‌زره‌یه و ته‌رزه‌یه‌کی نائاساییه و پێچێکی تریش ده‌ده‌یته‌وه ده‌بینی تهمو مژێکه نازانی له‌کوێت و خه‌ریکه خۆشت وون ده‌بیت و به‌دوای خۆتدا ده‌گه‌ڕێیت.... واز له چیرۆکی ناو ڕۆمانه‌که ده‌هێنیت و به‌دوای چیرۆکه‌کانی خۆتدا ده‌گه‌ڕێیت. کاتێک له‌ته‌مه‌که ده‌رچووی ده‌بینیت به‌ره‌و لوتکه ده‌ڕۆیت. کاتێک گه‌یشتیته لوتکه‌که ئه‌مجار هه‌ناسەیه‌کی ئارامی زۆر دڵخۆش ده‌ده‌یت. به‌هه‌موولایه‌کدا ده‌ڕوانیت و کۆمه‌ڵێ پرسیار له‌لات دروست ده‌بێت!.
له ڕۆمانی (شه‌وی ئه‌ستێره‌کان)ی کاک یاسین بانیخێڵانی دا خۆڕاگرییه‌کی ده‌وێت، تا ده‌گه‌یته مه‌به‌سته سهرەکییهکان، هه‌ست ده‌که‌یت، خۆ ڕاگرییهکهت به‌هه‌ده‌ر نه‌چووه و بۆ ژیان ده‌وڵه‌مه‌ندی کردوویت.
له بابه‌ته‌کانی ناو ڕۆمانه‌که‌یدا ده‌توانرێت له ڕووی بابه‌تی ده‌روونی، په‌روه‌رده‌یی، پێگه‌یاندن و کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کو ئهوتۆبیوگرافیا (Autobiografie) سه‌یر بکرێت.
له‌لایه‌کی تره‌وه ده‌توانرێت ئه‌م ڕۆمانه وه‌کو بابه‌تێکی ئه‌ده‌بی خرۆشێنه‌ر (ئیستفزازی) نوێی سه‌رده‌م یانه‌ی نێو ئه‌ده‌بی کوردی سه‌یر بکرێت. ده‌رگای لێکدانه‌وه‌ی جوراو جۆری بۆ کردوینه‌ته‌وه.
هه‌موو ئه‌م ڕۆمانه باسی سه‌فه‌رێکی نێو سه‌فه‌ره‌کان ده‌کات. به‌ڵام یه‌کێک له‌و سه‌فه‌رانه ده‌رگا کردنه‌وه‌یه به‌ڕووی نهێنییه‌کانی هه‌موو سه‌فه‌ره کانی تر. ئه‌مه‌ش له کاتێکدا، که د. شاسۆت پێشنیاری بۆ ده‌کات.
( هاوڕێم تا وێران نه بوویت بڕۆ سه فه ر بۆ یه کێک له
دورگه کان بکه، ئه م سه فه ره بێ کێتی جیاوازه) لاپه‌ره 7.
ئیتر له‌م سه‌فه‌ره‌وه بۆ سه‌ر که‌ناری ده‌ریایه‌ک یاده‌وه‌رییه‌کان ده‌ست پێ ده‌کات. ته‌واوی وورده‌کارییه‌کانی ئه‌و دورگه‌یه، له ژیانی شه‌وان، ئێوارن، پێاسهکردن، بینیی تاڵی و جوانی ئه‌و شوێنه وه‌سف ده‌کات. زۆر جار بابه‌ته‌کان ده‌به‌ستێته‌وه به یاده‌وه‌رییه‌کانی شوێن و وڵات و که‌سایه‌تیه‌کی تره‌وه. ئه‌مانه به‌هۆی ناسینی ماسیگرێکی به‌ته‌مه‌نه‌وه،، که له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێک دانیشتووه و کاتێک ده‌که‌ونه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌کتردا... پێکه‌وه ده‌خۆنه‌وه تادره‌نگانێک حکایهتهکانیان ده‌بنه میوانی ده‌ریا. ئه‌م ڕۆمانه له پێنج شه‌و پێک هاتووه، که هه‌ر شه‌وێک له‌و شه‌وانه جیهانێکی تایبه‌ته به خۆی.
بابه‌ته‌که هه‌ڵگری لێکدانه‌وه‌ی جۆراو جۆری سێبه‌ری و ڕوناکی زۆره.
هه‌ر شه‌وێکی ئه‌م ڕۆمانه هه‌ڵگری زۆر ووردیله بابه‌ته، شه‌وی سێهه‌م یه‌کێکه له‌و شه‌وانه.
(مناڵێک نه‌بوو له ئێمه له ناخه‌وه خۆی لێنهبووبێت به یه‌کێک له‌و شۆڕشگێڕانه‌ی، که سه‌ربازو پیاوه‌کانی ده‌وڵه‌ت لهترسیان خه‌و نه‌ده‌چووه چاویان و له‌به‌رده‌م ئازایهتییاندا ئه‌ژنۆکانیان نه‌شکا بێت. مناڵیک نه‌بوو حه‌ز نه‌کات ئه‌و پیاوه ئاسنینه بێت، که ده‌یانگووت: "ده‌بابه قوت ده‌دات و به لوله‌که‌ی دانه‌کانی پاک ده‌کاته‌وه" ئه‌وه باسی ئازایه‌تی پیاوه ڕیشنه‌که هه‌ر ناکرێت، که ده‌یانگووت: خۆی ده‌کات به‌ناو ئه‌شکه‌وتی شاخه‌کاندا له‌ناو شاره‌وه سه‌ر ده‌رده‌هێنێت و گورزێکی کوشنده له پیاوه‌کانی ده‌وڵه‌ت ده‌سره‌وێنێت، وه‌ک هه‌موو جارێک له‌ناو تاریکی نیوه‌شه‌ودا بزر ده‌بێت و بۆ سبه‌ینێ له‌سه‌ر لوتکه‌ی چیاکانه‌وه ده‌رده‌که‌وێته‌وه... لاپه‌ڕه 90.)
لێره‌دا ده‌چێته سه‌ر باسێکی شۆڕشگێڕه‌کان، ده‌چێته سه‌ر باسێکی وێنه دروست کردن، به‌ڵام کام وێنه و له‌کام کاتدا و چی وێنه‌یه‌ک وله‌لای کێ؟!. ئه‌م وێنه‌یه وێنه‌یه‌که له‌کاتی خۆیدا زۆر له‌منداڵه کورده‌کانی کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌م وێنه‌یه‌دا په‌روه‌رده بوونه. واته له‌گه‌ڵ ئه‌م وێنهیشدا خه‌ون و هیواکانیان دروست بووه. له‌لایه‌کی تره‌وه له‌ڕێگه‌ی ئه‌م وێنه‌یه‌وه دڕنده‌یه‌تی دوژمن ده‌خاته ڕوو.
ئالێره‌دا خه‌ون و هیواکانی ڕوو به‌ڕووی ڕه‌قی یه‌کی تر ده‌بێته‌وه و کێشه و ململانیه‌کی گه‌وره له‌ناو خودی منداڵه‌کاندا دروست ده‌بێت. وه‌کو له‌لاپه‌ره‌ی 76 ده‌رده‌که‌وێت.
(ئه‌و ماوه‌ی له لای نه‌نکم ده‌ژیام و مناڵانی گوندم فێری خوێندن و نووسین ده‌کرد، هه‌ستم به ڕقئه‌ستوری خاڵم کردبوو به‌رامبه‌ر به شۆڕشگێڕه‌کان. له‌گه‌ڵ ناوی ئه‌وان بهاتبا کۆنترۆڵی خۆی له‌ده‌ستده‌داو سه‌ره باریکه‌که‌ی ڕادهوهشاندو ده‌یگووت: هه‌م دیسان باسی ئه‌و بێڕهوشتانهتان کرده‌وه، به ناوی شۆڕشه‌وه دایکی هه‌موومانیان گا، داواتان لێده‌که‌م من له‌هه‌ر شوێنێکدا بووم ناوی ئه‌و سه‌گبابانه مه‌هێنن، ئێمه تا ئه‌مرین ده‌بێت قوڕی ئه‌وان بشێلین.... کاتێک خاڵم به توڕه‌ییه‌وه ئه‌و قسانه‌ی ده‌کرد سه‌رنجم دابوو خه‌ڵکه‌که سه‌ری ڕه‌زامه‌ندییان بۆ ڕاده‌وه‌شاند، که‌چی ئه‌وه‌ی لام سه‌یربوو قه‌ت دهریاننهدهبڕی!.) لاپه‌ره.91.
ئه‌مه خودی خۆی ئیستاتیکایه‌کی هێڵی نووسینه‌که‌یه، که سه‌رنج ڕاکێشتر ده‌بێت و ئه‌م دوو پۆله له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌ی یه‌کتردان. له‌هه‌مان کاتیش‌دا له ڕروانگهی خۆێنهرهوه ده‌خوازێت بزانێت بۆ؟ ئالێره‌دا خوێ بۆ خۆی ده‌خوازێت و ده‌گه‌ڕێت به‌دوای وه‌ڵامی بۆ که‌ی خۆیدا. ئه‌م دوو تێڕوانینه له مێشکی خودی منداڵیا ڕووبه‌ڕووی یه‌کتر ده‌بنه‌وه. خوێنه‌ریش جار به جار ئه‌گه‌ر زۆر ووریا نه‌بێت، نووسه‌ر له‌گه‌ل خۆیدا بۆ لای یه‌کێک له‌م تێڕوانینه‌ی ده‌بات. له‌هه‌مانکاتدا شێوازێک له‌شێوازه‌کانی په‌روه‌رده‌ی ترس له پرسیارکردن. له‌م رۆمانه‌دا به‌به‌رده‌وامی پرسیارکردن هه‌یه، نه‌ک له‌ناو خودی رۆمانه‌که‌دا، به‌ڵكو له‌لای خودی خوێنهرهکهیش پرسیار ده‌وروژێنێت و تێکه‌ڵ به‌ژیانی خۆت ده‌کات و له‌گه‌ڵ خودی خۆی به‌راوردی ده‌کات. ئه‌مه به‌دوور له کێشمه‌کێشه‌کانی ناوه‌ڕۆکی ڕۆمانه‌که.
خاڵیکی تر له نووسینه‌کاندا ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌ک به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، ئه‌وه‌ش وه‌سف کردنی ده‌وروبه‌رو که‌سایه‌تیه‌کان و شتومه‌که‌کان و به‌ستنه‌وه‌ی به بارودۆخه‌که‌وه. نمونه‌یه‌کی زۆر ساده. له‌کاتی دوا ماڵئاوای له گۆڕی دایکی له پیاسه‌کردنێکدا و له‌زه‌مه‌نێک وشوێنێکی تردا به‌هۆی گه‌ڵایه‌که‌وه ئه‌و ڕۆژه‌ی بیرده‌که‌وێته و یاده‌وه‌ریه‌کان ده‌به‌ستێت به‌یه‌که‌وه.
(ئینجا تێگه‌یشتم ئه‌و بۆنه بۆنی مردنی گه‌ڵاکانه. چ هه‌ستێکی سه‌یربوو! بۆ یه‌که‌مجار له‌ژیانمدا بۆنی مردنم لاخۆش بێت، بۆیه پێمخۆشبوو باوه‌شێک له‌و گه‌ڵا چاوزهردانه له‌گه‌ڵ خۆمدا به‌رمه‌وه بۆ ژووره‌که‌م، که‌چی ئه‌و گه‌ڵا چاوزهردانه ته‌نها بۆنیان له‌و جێگایه‌دا خۆش‌بوو، که لێی ده‌مردن....لاپه‌ڕه 98)
کاتێک له‌شه‌وێکی شه‌وی ئه‌ستێره‌کانه‌وه به‌ره‌و شه‌وێکی تر ده‌ڕوات ماندو بوونی پێوه دیاره، به‌ڵام ئه‌م ماندووبوونه دوو جه‌مسه‌ریه، له‌لایه‌ک خۆی شه‌و دره‌نگه و له‌لایه‌کی تره‌وه تێراپ (Therapie)ی ئاسا گێڕانه‌وه‌ی بابه‌ته ده‌روونیه‌کانیش توانایه‌کی دیاری کراوی هه‌یه له‌گێڕانه‌وه‌دا. بۆنمونه: که کۆتای به شه‌وی سێهه‌م دێت به‌م شێوه‌یه ده‌ڵێت:
(مسیۆ، من ئه‌مشه‌و ته‌واو ماندوو بووم، تاقه‌تی قسه‌کردنم نه‌ماوه. لاپه‌ڕه 104)
به‌ڵام له‌ده‌سپێکی شه‌وێکی تردا به‌م شێوه‌یه ده‌ستده‌کات به گێڕانه‌وه‌ی بار‌و دۆخی ناوه‌وه‌ی:
(مسیۆ، دوێنێ شه‌و تۆ پرسیاری ئه‌و خانمه‌ت کرد، که له‌گه‌ڵ خه‌سره‌و خهسیودا ناوم هێنا، لاپه‌ڕه 105) ئه‌تۆی خوێنه‌ر یه‌کسه‌ر ده‌پرسێت ؟ ئه‌رێ ئه‌م خانمه کێیه ؟ یان خه‌سره‌و خه‌سیو کێیه؟ ئالێره‌وه بابه‌ته‌کان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو خوێنه‌ر ده‌پێکێت و خوێنه‌ر له ناوه‌وه ده‌کات به دوو به شه‌وه. به‌شێکی توڕه‌و به‌شێکی شاد ئاوه‌ری ده‌کات. به‌شێکی وه‌کو خه‌ون ده‌گێڕدرێته‌وه و به‌شێکی تری له‌نێو خودی ڕاستییه‌کانی ناو ڕۆژگاره‌کانی قۆناخێکی مێژووی گه‌له‌که‌ماندایه. له‌ناو ئه‌و بار‌و دۆخه‌دا ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه وه‌کو نهێنیه‌کانی خودی خه‌سره‌و خه‌سیو و ئازێتا وایه.
(هه‌ر له‌کاتی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌دا، وه‌کو خوێنه‌رێک ده‌یان وێنه ده‌هاته پێش چاوم یه‌کێک له‌و وێنانه: له سه‌ره‌تای ساڵی 1984 له شارباژێڕ پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌گه‌ل دۆسته‌که‌یدا یه‌کتر ده‌بینن . ئیتر بینرابوون و به سه‌ر هه‌ردوولادا هاتبوون. ئیتر کوڕه پێشمه‌رگه‌که له شه‌رمدا به‌و شه‌وه وون بوو. پێشمهرگهکهکانی تر به فه‌رمانی به‌رپرسه‌که‌یان ژنه‌که‌یان سه‌ر له‌به‌یانی به‌ناو خه‌ڵکی گونده‌که‌دا گێڕا‌و و له‌به‌ر چاوی خه‌ڵکه‌که ژنه‌که‌یان بۆ دادگایی‌کردن برد بۆ سه‌رکردایه‌تی. پێشمه‌رگه‌که‌ش، که له شه‌رمدا وون بووبوو، گوله‌یه‌کی نابوو به سه‌ری خۆیه‌وه و کۆتایی به‌ژیانی خۆی هێنابوو. چیرۆکی ئه‌م دووکه‌سه ؟ چی بوو چۆن نێژرا؟).
بۆیه ئه‌م نمونه‌یه‌م هێنایه‌وه، کاریگه‌ری خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته، به‌به‌رده‌وامی له گه‌ڵ یاده‌وه‌رییه‌کانتدا له‌دانوستاندایه، به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ، که هه‌ر خوێنه‌رێک به‌پێی پرۆسه‌ی ژیانی جۆری دانوستاندهکه ده‌گۆڕێت.
هه‌نگاوه پێچاو پێچه‌کان به‌سه‌ر چوون، له گه‌ڵ هاتنی ناوی خه‌سره‌و خه‌سیو و پێناسه کردنی که‌سایه‌تیه‌که‌ی خه‌سره‌و به‌تایبه‌ت دانی سیفه‌تی بێده‌نگ بوونی ئه‌و به‌به‌رده‌وامی و گومانی به‌رامبه‌ره‌کانی سه‌رنجی خوێنه‌ر ده‌وروژێنێ و خوێنه‌ر زۆر به‌په‌له و بێسه‌بر ده‌خوازێت بزانێت بۆ بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه؟ بۆ هه‌موو شتێک بۆ سه‌رهه‌نگ ده‌کات؟ بۆ دێت و ساتێکی زۆر به‌س گوێ ده‌گرێت به‌بێده‌نگی و به‌جه‌سته‌ش زۆر شت ده‌درکێنێت.
حه‌زکردنی خوێنه‌ر به دوای گه‌ڕاندا
خوێنه‌ر که بۆی ده‌رده‌که‌وێت، خه‌سره‌و خه‌سیو هه‌موو خزمه‌تێک بۆ ماڵی سه‌رهه‌نگ به‌هزاد ده‌کات، سه‌رهه‌نگ بهرپرسێکهو به جه‌ربه‌زه‌یی له کوشتارو شه‌ڕدا ناوی ده‌رکه‌وتووه و پله‌ی به‌رپرسێتی هه‌یه. ئاگاداری هه‌موو شتێک هه‌یه، به‌ڵام بێده‌نگه. هونه‌ری نووسینه‌که لێره‌دایه، که سیفه‌تی بێده‌نگی به‌م که‌سایه‌تییه به‌خشیوه. بۆیه تۆ خۆت له‌خۆتدا پێش نووسینه‌که ده‌که‌ویت وده‌ڵێیت: بابزانم بۆچی بێده‌نگه!، لهلاپهڕهیهکهوه بۆ لاپه‌ڕه‌یه‌کی تر به‌په‌له ده‌ڕۆیت. به‌س بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت بۆ بێده‌نگه؟ وا زوو پێمان ناڵێت.
که‌سایه‌تی خه‌سره‌و خه‌سیو له ئۆردوگایه‌کی نێو شۆڕشگێڕه‌کاندا ده‌یناسی، له‌ڕێگه‌ی ئه‌م ئۆردوگایهوه به‌شێکی مێژووی شاراوه‌ی نێو بزووتنه‌وه‌ی خه‌باتگێڕان ده‌خاته ڕوو به بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڵێت، هه‌موو ئه‌م مێژووه‌ش له‌رێگه‌ی خۆشه‌ویستیه‌کی زۆر سه‌ر سووڕمانه‌وه. چیرۆکی حه‌زلێکردنه، نووسه‌ر وا به‌ئاسانی خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه، هه‌ر چه‌نده درک به ڕێگایه‌کی مه‌ترسیدار ده‌کات.
ئاله‌م ماڵه‌دا خزمه‌ت ده‌کات و ڕێگه‌ی پێده‌درێت، هه‌ر وه‌ک له‌نێو کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا بۆ که‌سێکی خه‌سیو ده‌توانێت له‌ماڵێکدا خزمه‌ت بکات وبێ ئه‌وه‌ی که‌س بیرێکی تر بکاته‌وه له غیره‌کردن، به‌ڵام به‌ره‌و کوێ ده‌مان بات؟
ئێستاتیکای نوێکاری (ئێستاتیکای ئیستفزازی. پرۆڤۆکانتی)له م ڕۆمانه‌دا
سه‌رتاپای وێنه‌یه‌ک له‌نێو ئه‌و وێنانه‌ی، کهلهزهمانی دێرینه‌وه چه‌سپاوه‌و که‌س به‌م شێوه‌یه‌ی نێو شه‌وی ئه‌ستیره‌کان بهووردبینیهوه لێی ووردنهبۆهتهوه. لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌یه‌تی و لایه‌نی دهرووناسییهکهی زۆر چڕ و زانستییانه لێی ده‌دوێت.
خۆێنه‌ر ده‌خاته دانووستان و مشت‌و مڕێکی ههمهلایهنیهوه له‌گه‌ڵ خۆیدا وله‌هه‌مان کاتیش‌دا له‌خودی خۆی داوای هه‌ڵوێست ده‌کات. به‌ڵێ بێده‌نگی خه‌سره‌و خه‌سیو فێری ئه‌وه‌ت ده‌کات، که نابێت بێده‌نگبیت. ئه‌مه‌ش له‌لاپه‌ڕه‌کانی دوایی خه‌سره‌و خهسیودا ده‌رده‌که‌وێت...
هونه‌ره‌ی ئێستاتیکای پرۆڤۆکانتی له‌وه‌دایه، که چۆن وێنه‌ی به‌رپرسێکی شۆڕشگێڕێکی قاره‌مان جیا وه‌کو ده‌روونناسێک ته‌واوی زاته‌که‌ی خودی ناوه‌وه‌ی بهزامنێکی زۆر ساده شی ده‌کاته‌وه، وه‌ڵامی ده‌یان پرسیارمان بۆ ده‌داته‌وه. وێنه‌ی ته‌واوی مرۆڤایه‌تیه‌که‌ی به ئه‌وپه‌ڕی نامرۆڤایه‌تی و دڕنده‌ییه‌وه ده‌خاته ڕوو. له ڕوو یه‌کی تره‌وه هه‌مان هونه‌ری ئیستاتیکای سه‌رهه‌نگ به‌هزاد خوێنه‌ر ڕووبه‌رووی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا ده‌کاته‌وه. ئا ئه‌مه‌یه ئه‌و هونه‌ره نوێ کاریه‌ی ئه‌م ڕۆمانه.
ئیستاتیکای خۆشه‌ویستییه‌کی چاوه‌روان نه‌کراو.
هونه‌ری ئه‌م خۆشه‌ویستییه له‌وه‌دایه، که چه‌ند چاوه‌ڕوانییه‌ک له‌سه‌ره‌تادا چرۆ ده‌کات، هه‌ر چرۆیه‌ک به‌لایه‌کدا ده‌ڕوات. بۆ هه‌ر لایه‌ک ده‌رگایه‌کی گێڕانه‌وه‌ی خستوه‌ته به‌رده‌م خوێنه‌ره‌که. ئالێره‌دا خوێنه‌ر تادێت حه‌ز ده‌کات زووتر پێبگات و بزانێت ئه‌وه‌ی له‌دڵی خۆیدا بیری لێکردۆته‌وه وایه؟ یان به‌لایه‌کی تردا ده‌روات؟ ئالێرشدا بینه‌ر به‌لایه‌کی تردا ده‌خات وه‌ک له‌وه‌ی، که خۆت چاوه‌ڕوانت ده‌کرد. تاکو ئه‌و کاته‌ی کهخهسرهو خه‌سیو له ژووره‌که‌ی ئازێتا خانم به شته‌کانی ئازێتا ئاشنا ده‌بێت و هه‌ردوو لا ڕووبه‌ڕوووی دوو جیهانی تر ده‌بنه‌وه. هه‌ر وه‌ک له ڕۆمانه‌که به‌م شێوه‌یه دێته زمان:
(منیش وه‌ک ئه‌و شه‌یدای وێنه‌کێشان بووم و ئه‌و بۆنه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی خولیای وێنه‌کێشان له سه‌ریاندایه خۆشترین بۆنێکی ئه‌م جیهانه‌یه. ئه‌و گوتی: خه‌سره‌و تۆ تاکه که‌سێکی هاتبێته ئه‌م کۆشکه‌و بۆنی ئه‌م ژووره‌ی له لا خۆشبووبێت، هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی دێنه ئێره ده‌ست به لوتیانه‌وه ده‌گرن تا ده‌ڕۆنه ده‌ره‌وه لوتیان به‌رناده‌ن. لاپه‌ڕه 143)
ئا هه‌نگاو به‌هه‌نگاو هێدی هێدی ده‌چیته نێو ئاشنابوونی ئازێتا و خه‌سره‌و خه‌سیو، ئه‌وه‌ی سه‌رنج ڕاکێش بێت ئه‌م جۆره ناسینه ساده و ساکارهیه به‌ڵام ڕسته‌کانی جۆری یه‌کتر ناسین له‌دانوستاندنی دوو فه‌یله‌سوفی سه‌رده‌م ده‌که‌ن. به‌هێزی جه‌وه‌که له‌ڕووی خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیه‌وه نیشان ده‌دات. له‌هه‌مان کاتدا وه‌کو نووسه‌ره خاوه‌ن ئه‌زموونه‌کانی جیهان به‌زامنی ساده مه‌به‌ستی زۆر گه‌وره ده‌پێکێت. بۆ نمونه گفت‌و گۆکه‌ی ئازێتا و خه‌سره‌و خه‌سیو به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وامی هه‌یه:
(تۆ ده‌زانیت، هه‌ریه‌کێک له‌و ڕه‌نگانه بۆنێکی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه! نازانم تۆ بۆنی ڕه‌نگه‌کانت کردووه؟ بۆنی ڕه‌نگی سور جیاوازتره له بۆنی ڕه‌نگی شین، بۆنی ڕه‌نگی شینیش جیاوازه له‌بۆنی ڕه‌نگی زه‌رد، به‌ڵام کاتێک زه‌ردو شین تێکه‌ڵ ده‌که‌ین و ڕه‌نگی سه‌وزمان ده‌داتێ، بۆنی ڕه‌نگه سه‌وزه‌که له‌هیچیان ناچێت، ڕه‌نگی سور بۆنێکی توندی هه‌یه، به‌ڵام کاتێک به ڕه‌نگی سپی کاڵی ده‌که‌ینه‌وه‌و ڕه‌نگی په‌مه‌ییمان ده‌داتێ هه‌ستده‌که‌یت بۆنێکی ئارامکه‌ره‌وه‌یه.... لاپه‌ڕه 143)
گفتوگۆیه‌کی زانستییانه‌ی شێوه‌کاری و هێڵکاری گرنگی ڕه‌نگ و وه‌سفکردنی ره‌نگه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی زانستییانه و به زمانێکی جوانکاری سروشتیانه‌وه له‌خۆشه‌ویستی ئازێتا و خه‌سره‌و نزیکمان ده‌کاته‌وه.
مه‌زنترین لێکۆڵه‌ره‌وه‌کانی جیهانیی له‌م دوایه‌دا ده‌ریان خستووه، که ته‌نها ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی، که له له‌یه‌ک تێگه‌یشتنه‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌دات به‌خۆشه‌ویستیه‌کی زیندوو ده‌مێنێته‌وه. ئالێره‌دا له‌به‌رگی ناسینی ئازێتاو خه‌سره‌و خه‌سیو نووسه‌ر پێشکه‌شمان ده‌کات. له‌هه‌مان کاتدا نووسه‌ر وه‌کو تێراپۆتێک بابه‌ته‌کانی که‌سایه‌تییه‌کانمان پێ ده‌ناسێنێت.
خه‌سره‌و خه‌سیو له‌گه‌ڵ ئازێتا پلانێکی ترسناک داده‌ڕێژن له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تیه‌که(مامۆستا) هه‌ڵبێن و به‌ره‌و شارێکی تر به‌ترسی ده‌که‌ونه‌ڕێ تاکو به فڕۆکه به‌ره‌و وڵاتێکی تر بڕۆن و خۆیان له‌مه‌ترسی له‌ناوچوون ڕزگار بکه‌ن.
من لێره‌دا باسی کۆتایی ڕۆمانه‌که ناکه‌م.... کۆتاییه‌که‌ی زۆر سه‌رنج ڕاکێشه هه‌ر وه‌کو کێوی گمۆ. چونکه له‌دوای پێچاو پێچه‌که‌ی. کاتێک گه‌یشتمه سه‌ر لوتکه‌که‌ی گوتم ئۆخه‌ی، که‌چی دوای ئه‌وه زانیم که‌ئه‌مه لوتکه‌یه‌که له لوتکه‌کان و هێشتا لوتکه‌ی تر ماوه، که‌واته ده‌بێت لهگهڕانێکهوه بۆ گه‌ڕانێکی تر به‌رده‌وام بم.
چه‌ند تێبینهیهکی سه‌یر له منه‌وه وه‌کو خوێنه‌ر.
گه‌ر تابلۆی سه‌ر به‌رگه‌که مه‌ترسیدار و ئاڵۆز نه‌ده‌بوو له‌ساده‌یی ئه‌ستێره‌کاندا بمایه‌ته‌وه زیاتر سه‌رنج راکێشتر ده‌بوو.
*خوێنه‌ر له‌سه‌ره‌تادا پێویستی به‌هه‌ندێ هێزی مامه‌ڵه‌کردن هه‌یه بۆ به‌رچاو ڕوونتر.
*مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه، که قاره‌مانێتی شۆڕشگێڕی سه‌رهه‌نگ به‌هزاد ببێت به نمونه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر.... ئه مه مه‌ترسیداره...گه‌ر کاره‌کته‌رێکی تری هاوتای ته‌رازووی هه‌بوایه ئه‌وا ده‌وڵه‌مه‌ندتری ده‌کرد.
* وێنه‌ی ئافره‌ت لێره‌دا زۆرتر به لایه‌نی شهڕانگێزیهکهی که‌وتوه‌ته‌وه هه‌ر وه‌کو له (ئێمه‌ی پیاو جگه له بوکه‌ڵه‌یه‌ک به‌ده‌ستی ژنانه‌وه هیچی تر نین.)
* ناوه‌کان به‌شێکی ناوی زۆر ئاڵۆزن. وه‌کو ناوی منداڵه‌کان، شایگانی پوژمان... هتد.
هاوڕێ زه‌نگه‌نه/ ئه‌ڵمـانیا