کوردو پرۆژە گەورەکان مەریوان وریا قانع
١ ـ ٤
لەسەروبەندی ئەو دەنگەدەنگە زۆرەی سەرۆکی هەرێم لەسەر مەسەلەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بەرپایدەکاتو ئەو هەڕەشانەی بەشێوەیەکی وەرزیو بێ هیچ ئەنجامێکی پۆزەتیڤ دەربارەی دامەزراندنی دەوڵەت دووبارەیان دەکاتەوە، دەکرێت لهخۆمان بپرسین: ئایا ئەم دەنگەدەنگو هەڕەشانە لهچ هەلومەرجو ژینگەیەکی ناوچەیی، واتە ئیقلیمیدا، روودەدەن؟ ئەو پرۆژە سیاسییە گەورانە کامانەن کە لهناوچەکەدا هەن؟ ئایا ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لهباشوردا بەشێکە لەو پرۆژانە، یان دەرەنجامێکە لهدەرەنجامەکانی ئەو پرۆژە گەورانە؟
چوار پرۆژەی گەورە
هەر چاودێرێکی راستەقینە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رابمێنێت، ئەو راستییەی بۆ دەردەکەوێت کە کۆمەڵێک پرۆژەی سیاسی گەورە لەناوچەکەدا ئامادەنو هەریەکێکیش لەو پرۆژانە بکەرێکی بەهێز یان چەند بکەرێکی بەهێز هەڵگریانە. من لێرەدا چوار پرۆژەی سەرەکی لەو پرۆژانە لەیەکتری جیادەکەمەوە: پرۆژەی تورکی، پرۆژەی ئێرانی، پرۆژەی سعودیو خەلیجیو پرۆژەی ئەمریکیو ئیسرائیلی. دەکرێت پرۆژەی "بەهاری عەرەبی"ش بخەینەپاڵ ئەم پرۆژانە، بەڵام لەبەرئەوەی پرۆژەی ئەم بەهارە تا ئێستا قوڵاییە ئیقلیمیو لەهەندێک دۆخیشدا تەنانەت شوناسە ناوەکییەکەشیان رۆشن نییە، بۆیە بە پێویستمان نەزانی لێرەدا باسیبکەین. لهنووسینی ئەمڕۆدا باس لهپرۆژەی تورکی دەکەم بەو هیوایەی لهداهاتوودا باس لهسێ پرۆژەکەی تریش بکەم.
پرۆژەی تورکی
تورکیا دەوڵەتێکی گەورەو بەهێزەو تا دێت رۆڵێکی گەورەترو فرەلایەنتر لهناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگێڕێت. ئەوەی لهسیاسەتی تورکیای دە ساڵی رابردوو رابمێنێت، گۆڕانێکی بەرچاو لهپەیوەندی نێوان تورکیاو وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێبینیدەکات. تورکیا لەم دەیەی دواییدا، بەپێچەوانەی ساڵانی هەشتاو نەوەدەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێرانو عێراقو سوریادا بەهێزکردوە، بەشێوەیەکی چالاکترو فراوانتر بە مەسەلەی فەلەستینەوە خەریکە، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سعودیەو وڵاتانی کەنداودا هەیە، هەوڵی نزیککردنەوەی وڵاتە عەرەبییەکانو ئیسرائیل لەیەکتری ئەداتو سەرقاڵی دروستکردنی پەیوەندییە لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی ناو لوبنانو ئەو دەوڵەتانەی پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە کێشەکانی ناو لوبنانەوە هەیە. لهساڵی ٢٠٠٧یشەوە پەیوەندییەکانی هەم بە هەرێمی کوردستانەوە گۆڕانی بەسەرداهاتووەو هەم مەسەلەی کورد لەناوخۆی تورکیاشدا لهگۆڕاندایە. بەشی هەرەزۆری ئەم گۆڕانکارییانەش پەیوەندییان بە بەدەسەڵاتگەیشتنی "پارتی عەدالەتو پێشکەوتن"ەوە هەیە کە لەساڵی ٢٠٠٢ەوە لهتورکیادا دەسەڵاتی بەدەستە. شارەزایانی تورکیا ئەم سیاسەتە نوێیەی حکومەتی تورکیا بەرامبەر بەناوچەکە بە سێ هۆکاری سەرەکییەوە گرێئەدەن. یەکەمیان گەڕانی تورکیایە بەدوای سەرچاوەی وزەدا بۆ بەهێزکردنی ئابورییەکەیو بەردەوامیدان بە گەشەو پەرەسەندنی ئەو ئابورییە. دووهەمیان هەوڵدانی تورکیایە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، بەتایبەتی کۆنترۆڵکردنی مەسەلەی کوردو پاراستنی تورکیا لهدەرەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی گەشەکردنی ئەم مەسەلەیە. سێهەمیش هەوڵدانی تورکیایە بۆ بوونی بە زلهێزێکی ناوچەییو بەهێزێکی جیهانی بەهێزو یەکێک لهگەمەکەرە گەورەکانی دونیا.(١) ئەم سێ رەهەندە گرنگە بە قووڵی دەستنیشانی سیاسەتی تورکیا لەناوچەکەدا دەکەنو هێڵە گشتییەکانی پرۆژەی تورکیا بۆ ناوچەکە دەستنیشانئەکەن.
لەهێزی رووتەوەو بۆ هێزی نەرم
بەدرێژایی مێژووی خۆی پەیوەندی تورکیا بە ناوچەکەوە پەیوەندییەکی ئاڵۆزبووە، لەم پەیوەندییانەدا تورکیا هەم پەنای بۆ "هێزی رووت" بردووە، ئەوەی بە ئینگلیزی پێیدەگوترێت "هارد پاوەر"، بۆ نموونە لهمەسەلەی قوبرسو لههەڕەشەی سەربازی لهسوریا لهساڵی ١٩٩٨و ناچارکردنی ئەو وڵاتە بۆ دەرکردنی عەبدوڵا ئۆچ ئالانی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). یەکەم فشاری تورکیا بۆسەر سوریا ساڵی ١٩٨٧ دەستیپێکرد، ئەودەم تورگوت ئوزالی سەرۆک وەزیرانی تورکیا هەوڵیدا لەڕێگای کەمکردنەوەی بەشی سوریا لهئاوی دیجلهو فورات فشاربخاتە سەر سوریاو رێ لەوە بگرێت سوریا رێ بە چالاکی پەکەکە لهسوریاو لوبناندا بدات، بەڵام ئەم سیاسەتەی ئوزال سەری نەگرت، ئەوەبوو تورکیا دواجار لەساڵی ١٩٩٨دا هێزێکی سەربازی گەورەی هێنایە سەر سنوورەکانی سوریاو ئەو وڵاتەی ناچارکرد دەست لهیارمەتیدانی پەکەکە هەڵبگرێت. سوریا عەبدوڵا ئۆچ ئالانی ناچارکرد سوریا بەجێهێڵێتو دواتر لهشاری نایروبی پایتەختی کینیا لهشوباتی ساڵی ١٩٩٩دا لەلایەن تورکیاوە بگیرێت.(٢)
لهئێستادا تورکیا وازی لهبەکارهێنانی "هێزی رووت" هێناوە لەپەیوەندیدا بە دراوسێکانییەوەو ئەو شێوازە لههێز بەکاردەهێنێت کە لهزانستە سیاسییەکاندا پێیدەگوترێت "هێزی نەرم"، بە ئینگلیزیەکەی "سۆفت پاوەر".
سەردەمی حوکمڕانی پارتی عەدالەتو پێشکەوتن بە پلەی یەکەم سەردەمی بەکارهێنانی "هێزی نەرم"ە لهپەیوەندییەکانی تورکیادا بەدەرەوەی خۆیەوە. ئەم هێزە نەرمەش بریتییە لههێزی بارزرگانیو پەیوەندی پارەوپول، بڵاوکردنەوەی کولتور، بەکارهێنانی پەیوەندی دینیو ئەتنیو خستنەگەڕی پەیوەندی دیپلۆماسی لەباتی هەڕەشەو پەلاماری سەربازی. بەکارهێنانی ئەم ستراتیژییەتە نوێیە لەسەر پرنسیپێکی سیاسی نوێ دامەزراوە کە تورکیا ناوی ناوە: "پلەی سفری کێشە لەگەڵ دراوسێکاندا".(٣) پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ستراتیژیەتی سەرەکی وەدیهێنانی ئەو سێ مەبەستە سەرەکییەیە کە لەسەرەوە هێمامان پێکرد، مەبەستی گەیشتن بە وزە، پاراستنی تورکیا لهدەرەنجامەکانی مەسەلەی کوردو هەوڵی تورکیا بۆ بوونی بە گەمەکەرێکی ناوچەییو جیهانی.
تورکیاو عوسمانیزمی نوێ
"عوسمانیزمی نوێ" ئەو ناوەیە کە زۆرجار لهسیاسەتی ئەمڕۆکەی تورکیا دەنرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو سێ مەبەستەی باسمانکرد. لەدیدی تورکەکاندا "عوسمانیزمی نوێ" هەم رەهەندی ناوەکیو هەم رەهەندەی دەرەکیشی هەیە. رەهەندە ناوەکییەکەی لەناو تورکیا خۆیدا لەسەر دروستکردنی "رێککەوتنێکی نەتەوەیی" نوێ کاردەکات، رێککەوتنێک تیایدا تورکیا خۆی وەک دەوڵەتێکی فرەکولتوریو فرەنەتەوە، بەڵام یەکگرتوو، ببینێتو وێنابکات. هاوکات وەک هێزێکی گەورەو بەهێز لهڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا دەرکەوێتو ببینرێت.(٤) عوسمانیزمی نوێ سێ رەهەندی سەرەکی هەیە. یەکەم: ئاشتبوونەوەی تورکیا لەگەڵ رابردووی ئیسلامیو عوسمانی تورکیادا چ لەناوخۆی تورکیاداو چ لهپەیوەندی تورکیادا بەدونیای دەرەوەوە، بەمەش پێشنیارکردنی شێوازێکی هێمنو نەرم لهعەلمانیەت، ناکۆک بەو شێوە توندڕەوەی کە تورکیای کەمالیزم هەڵگریبو. هاوکات هەوڵدان بۆسەرلەنوێ پیادەکردنەوەی کاریگەری لەسەر ئەو بەشانەی دونیا کە پێشتر بەشێکبوون لهئیمپراتۆریەتی عوسمانی. ئەمەش مانای دوورکەوتنەوە لەو پێداگرتنە پەڕگیرەی کەمالیزم لەسەر تورکبوون دایدەگرتو کرانەوە بەڕووی فرەشوناسیو فرەکولتوریدا. رەهەندی دووهەمی عوسمانیزمی نوێ باوەڕبوونە بە خۆو گەورەکردنی ئەو هەستەیە کە تورکیا وڵاتێکی گەورەو گرنگە لەناوچەکەدا، لەم رووەوە عوسمانیزمی نوێ خەونی ئەوەی هەیە تورکیا وەک زلهێزێکی ناوچەییو نێودەوڵەتی وێنابکرێتو واشینیشانبدات تورکیا دەتوانێت رۆڵی ئەم زلهێزە ناوچەییو نێودەوڵەتییە لەئاستی دیپلۆماسیو کولتوریو ئابوریو سیاسیدا ببینێت. رەهەندی سێهەمی ئەم سیاسەتە تازەیە باوەشکردنی تورکیایە هەم بە خۆرئاواداو هەم بەدونیای ئیسلامیدا لەیەککاتدا، لەمەشدا تورکیا دەیەوێت خۆی وەک ئەستەمبوڵێکی گەورە نیشانبدات. وەکچۆن ئەستەنبوڵ پردێکە لەنێوان خۆرهەڵاتو خۆرئاوادا، تورکیا دەیەوێت ببێتە ئەستەمبوڵێکی گەورە لەناوچەکەدا، ئەمەش لەدیدی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆکەی تورکیادا مانای دوورکەوتنەوە لهدۆگما ئایدیۆلۆژیو سیاسییە تەقلیدییەکانی تورکیای کەمالیزمو کرانەوە بەڕووی بەشە جیاوازەکانی دونیادا.(٥)
بۆ پیادەکردنی ئەم پرۆژەیە تورکیا دەیەوێت نەک تەنها سوود لهشوێنی ستراتیژی تورکیا وەک پردێک لەنێوان ئەوروپاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئاسیای دووردا وەربگرێت، بەڵکو دەیەوێت سوود لهڕابردووی عوسمانییانەی خۆی وەرگرێتو ئەو رابردووە وەک سەردەمی برایەتیو دۆستایەتیو هاوسێیەتی میللەتانی ناوچەکە لەژێر سەرکردایەتی ئالی عوسمانی تورکدا، نیشانبدات. ئاشکرایە ئەم سیاسەتەی تورکیا بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی ناوچەیی تورکیایە لهڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو لەڕاستیشدا گەورەکردنو بەهێزکردنی تورکیایە بۆ ئاستی گەمەکەرێکی جیهانی بەهێز.
بازرگانیو بازاڕو ئاسایش لەناوچەکەدا
یەکێک لهدەرکەوتە سەرەکییەکانی سیاسەتی عوسمانیزمی نوێ بریتییە لهبەهێزکردنی پەیوەندی بازرگانی لهناوچەکەداو هەوڵدان بۆ بەستنەوەی قووڵی ئابووری دەوڵەتەکانی ناوچەکە بە ئابوری تورکیاوە. ئابوری تورکیا لهناوەڕاستی هەشتاکانەوە بە پرۆسەیەکی بەرفراوانی بەلیبرالکردندا تێدەپەڕێتو لەمڕۆدا تورکیا پێویستی بە بازاڕی دەرەکی هەیە بۆ گەشەکردنی ئابوری. ئابوری تورکیا هەندێکجار بە ئابوری "پڵنگەکانی ئەنادۆڵ" ناودەبرێت. لهدەساڵی رابردوودا گەڕان بەدوای بازاڕی نوێدا یەکێک بووە لهکۆڵەکە هەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی تورکیا لەناوچەکەدا. لەو ماوەیەدا تورکیا پەیوەندییە ئابورییەکانی خۆی لەگەڵ زۆربەی کۆمەڵگاکانی ناوچەکەدا لەهەموو بوارە ئابورییەکاندا فراونکردووە، کۆمپانیا تورکییەکان، بزنسمانە تورکەکانو وەبەرهێنە تورکییەکان بوون بە بەشێکی گرنگی ئابووری ناوچەکە. هاوکات تورکیا سنوورەکانی خۆی زیاد لەهەرکاتێک بۆ گەشتیاری ناوچەکە کردۆتەوەو خەڵکانێکی زۆر لەم ناوچەیەدا دەتوانن بەبێ وەرگرتینی ڤیزا، یان بە وەرگرتنی ڤیزا بەشێوەیەکی ئاسان، سەردانی تورکیا بکەن.
ئامادەگی ئابورییانەی تورکیا تەنها دراوسێ هاوسنوورەکانی نەگرتۆتەوە، بەڵکو لهباکوری ئەفریقادا تونسو لیبیاو لەناوچەکەشدا وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەشێکی گرنگی ئەو بازاڕانەن کە تورکیا بە خەستی تیایاندا ئامادەیە. بۆ نموونە، لەناوچەی کەنداوی عەرەبیدا، تورکیا هەم بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەڕادەیەکی زۆر گەشەیکردووە، هەم بڕی وەبەرهێنانی راستەوخۆش لەو وڵاتانەدا. بڕی بازرگانی تورکیا لهساڵی ١٩٩٨دا لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا تەنها ١.٦ ملیارد دۆلار بووە، بەڵام له٢٠٠٩دا بەرزبۆتەوە بۆ ١٧.٥ ملیار دۆلار. بە دیوی ئەودیویشدا وڵاتانی کەنداو گەشەیان بە توانای وەبەرهێنانی خۆیان لهتورکیادا داوەو لهساڵی ٢٠٠٦دا ئەم وڵاتانە بڕی ١.٧ ملیار دۆلاریان لهتورکیادا خستۆتەگەڕ، بەتایبەتی لهکەرتی کشتوکاڵدا، بۆ بەهێزکردنی توانا ستراتیژیەکانی تورکیا لەبواری بەرهەمهێنانی خۆراکدا. ئەمە جگە لهوەبەرهێنانی سەرمایەی کوێتی لهمەجالی کۆمپانیای تەلەفۆنو بواری خانوبەرەدا لەناو تورکیا خۆیدا. پەیوەندی نێوان تورکیاو وڵاتانی کەنداو بەڕادەیەک گەشەیکردووە تورکیا لهساڵی ٢٠٠٨دا "بەیاننامەی هاریکاریو پێکەوەکارکردن"ی لەگەڵ وڵاتەکانی کەنداودا ئیمزاکردوەو لەم رێگەیەشەوە تورکیا بووە بەیەکەمین وڵاتێکی دەرەوەی کەنداو خۆی کە ناونیشانی "شەریکی ستراتیژی" لهکەنداودا پێبەخشراوە. بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە وڵاتانی کەنداوو تورکیا لهئاڵوگۆڕو گفتوگۆی بەردەوامدادەبن لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتانە.(٦)
ئەم سیاسەتە نوێیە تورکیای لەوە دەرکردووە تەنها شەریکێکی ئابوری سەرەکیبێت لهناوچەی کەنداودا، بەڵکو کردوشیەتی بە شەریکێکی سیاسی ستراتیژی گرنگی وڵاتەکانی کەنداو. ئەم شەراکەتە سیاسییە تەنها هۆکاری ئابووری لەپشتەوە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکاری "ئاسایشی ناوچەیی"شی لەپشتەوەیە. سەردانی پادشای سعودیە لهساڵی ٢٠٠٦دا بۆ تورکیا، یەکەمین سەردانی پادشای ئەو وڵاتەیە بۆ تورکیا بەدرێژایی ٤٠ ساڵو دووبارەکردنەوەی هەمان سەردان لهساڵی ٢٠٠٧دا رەهەندە ئاسایشییەکانی ئەم پەیوەندیانەمان بۆ رووندەکاتەوە. شارەزایەکی بواری سیاسەتی تورکیو سعودی دەڵێت، مەبەست لهو سەردانانە مسۆگەرکردنی هاریکاریو یارمەتی تورکیایە بۆ "تەوەرەی دەوڵەته سونە مەزهەبەکان لەناوچەکەدا بەرامبەر بە ئێران".(٦) وڵاتانی کەنداو بەگشتیو شانشینی سعودییە بەتایبەتی تورکیا وەک هێزێکی گەورە دەبینن کە توانای ئەوەی هەیە لەبەرامبەر دەسەڵاتی ئێران لەناوچەکەدا ئامادەبێتو هاوسەنگییەک دروستبکات لهململانێی تائیفی نێوان دەسەڵاتی شیعەو سونە لەناوچەکەدا.
بەڵام ئەم پەیوەندییە تایبەتەی نێوان تورکیاو وڵاتانی کەنداو تورکیای نەکردۆتە دوژمنی ئێران. راستە ململانێیەکی گەورە لەنێوان ئێرانو تورکیادا لەناوچەکەدا لەسەر نفوزی سیاسی هەیە، راستە تورکیا پرۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران وەک هەڕەشەیەکی گەورە وێنادەکات، بەڵام تورکیا کارێکی نەکردووە ئێران بکاتە دوژمنی خۆی. ئێران تا ئێستاش ٢٠ لهسەدی پێداویستی تورکیا بۆ گازی سروشتی دابیندەکات. لەساڵانی داهاتووشدا پێداویستیی تورکیا بە وزەی گاز بۆ گەشەدان بە ئابورییە بەهێزەکەی زیاددەکاتو ئەمەش وادەکات پێداویستی تورکیا بە ئێران زیادبکاتو کەمنەکات. ئەمە جگە لەوەی هەم تورکیاو هەم ئێران پێویستیان بەهاریکاری یەکترییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی مەسەلەی کورد لەو دوو وڵاتەدا. هاوکات هەم تورکیاو هەم وڵاتانی کەنداو لهگەورەبوونی دەسەڵاتو تواناکانی ئێران لهسوریاو لوبنانو بەتایبەتی لهعێراقی دوای پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا دەترسن.(٧)
بەشێوەیەکی گشتی گەڕان بەدوای بازاڕی نوێدا بەشێکە لههەوڵی تورکیا بۆ دۆزینەوەی شوێنی جیاوازو خۆڕزگارکردن لەوەی کە تەنها پشت بە بازاڕی ئەوروپا ببەستێت، ئەگەرچی تا ئێستا بازاڕی ئەوروپا هێشتا گەورەترین بازاڕە کە تورکیا هەناردەکانی خۆی بۆ رەوانەدەکات.(٨).
کولتور وەک هێزێکی نەرم
تا ناوەڕاستی ساڵانی هەشتا بەهێزترین دەوڵەت لەڕووی کاریگەری کولتورییەوە لەسەر کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست میسر بوو، میسر سەرچاوەی گۆرانیو مۆسیقاو فیلمو کتێبو نووسین بوو، بەڵام لهپازدە ساڵی رابردوودا، بەتایبەتی لەپاڵ سیاسەتی "عوسمانیزمی نوێ"دا، رۆڵی کولتوری تورکیا لەناوچەکەدا گەشەیەکی گەورەو بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. سینەمای تورکی، مۆسیقای تورکیو بەتایبەتی تەلەفیزۆنی تورکی، سینەماو مۆسیقاو تەلەفیزۆنی باڵادەستە لەناوچەکەدا. ئەمەش سیاسەتێکی بەئاگاو ئاراستەکراوی تورکیایەو بەشێکە لهستراتیژیەتی بەهێزکردنی کاریگەرییەکانی تورکیا لەناوچەکەدا. لەماوەی دەسەڵای رابردوودا، بۆ نموونە، لانیکەم چل زنجیرەی تەلەفیزۆنی درێژی تورکی لهجیهانی عەرەبیدا بڵاوکراوەتەوە. زنجیرەی تەلەفیزۆنی "نور" لانیکەم لەلایەن ٢١ ملیۆن تەماشاکەرەوە لهجیهانی عەرەبیدا بینراوە.(٩) زۆر هۆ هەیە وادەکات ئەم زنجیرە تەلەفیزیۆنانە ئەو هەموو تەماشاکەرەی هەبێت، یەکێک لەوانە ئەو رۆڵە پێشکەوتو بڕە ئازادییەیە کە ئافرەتو گەنجان لەم زنجیرانەدا دەیگێڕن، بەبەراورد بە وڵاتانی تری ناوچەکە.
لهوتارێکی گرنگیدا بیریاری سوری (سادق جەلال ئەلعەزم) باس لهگرنگی ئەزموونی ئەمڕۆکەی تورکیا بۆ سەرجەمی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو دونیای ئیسلامی دەکات، گرنگی ئەم ئەزموونە دەبەستێتەوە بە دروستبوونی کولتورێکی سیاسی نوێو جۆرێکی تر لههەڵسوکەوتو پراکتیکی سیاسی لهتورکیادا. سادق ئەلعەزم باس لەوە دەکات چۆن هێزێکی ئیسلامی بەشێوەیەکی دیموکراسییانە، لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە، بەهێمنیو بێخوێنڕشتن، بێ وێرانکردنی سیستمە سیاسییەکە (وەک لهجەزائیردا روویدا)و بێسەپاندنی دینو دینداری بەسەر هەموواندا، حوکمڕانی گرتەدەست. چۆن ئەم سیستمە قۆناغی دیکتاتۆریەتو پاوانکردنی دەسەڵاتو بەسەربازیکردنی دەسەڵاتی تێپەڕاندوەو گەشەی بە پرۆژەی کۆمەڵگای مەدەنی داوەو لەڕێی ئابورییەوە لیبرالو کەمگەندەڵو لەڕووی سیاسییشەوە کراوە. ئەلعەزم ئەزموونی ئەمڕۆکەی گۆڕانکاری سیاسی لهتورکیادا، بە ئەزموونی گواستنەوەی وڵاتانی وەک ئیسپانیاو یۆنانو پورتوگالو ئیرلەندا بەراورد دەکات، وڵاتانێک کە توانییان پشتبکەنە رابووردی فاشیو سەربازی خۆیانو بگوازنەوە بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی پێشکەوتوو.(١٠) لەمڕووەوە ئەزموونی سیاسی تورکی هێما بۆجۆرێکی نوێی کولتورو پراکتیکی سیاسیش دەکات.
تورکیاو عێراق
لەئاستی ئابوریدا تورکیا عێراق وەک دەروازەیەکی گرنگ دەبینێت بۆ پەلکێشان بۆ بازاڕە گەورەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. عێراق خۆشی بازاڕێکی گەورەیە بۆ تورکیا. ٢٤ لهسەدی هاوردەی عێراق لهتورکیاوە دێت، جگە لەمە ٢٦ لهسەدی هەناردەی تورکیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خاکی عێراقدا تێدەپەڕێت.(١١) عێراق هاوکات سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە بۆ ئابوری تورکیا. لەئاستی سیاسیو ئەمنیشدا عێراق یەکێکە لەو گەمەکەرە ناوچەییانەی کە لهچۆنیەتی مامەڵەکردنی مەسەلەی کوردو لهسنووردارکردنی خەونو تەماحەکانی کوردستاندا، دەتوانێت هاوڕاو هاریکاری تورکیابێت. هیچ شتێک بەڕادەی سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ بەغدا لەمانگی ئازاری ساڵی ٢٠١١دا دەربڕی گۆڕانی سیاسەتی تورکیا نییە بەرامبەر بە عێراق. لەو سەفەرەدا ئەردۆگان یەکەم سەرۆک دەوڵەتی بیانیبوو بوو سەردانی پەرلەمانی عێراق بکات، یەکەمین سەرۆکی سونی بوو سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە بکات، یەکەمین سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات. هەموو ئەمانەش وەک نووسەرێک دەڵێت "پەیامێک بوو تورکیا ناردی بۆ ئەوەی نیشانیبدات کە لهخەمی یەکپارچەیی عێراقدایەو هاوپەیمانە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا".(١٢)
جگە لەو هۆکارانەی سەرەوە، شتێکی دیکە کە وادەکات تورکیا گرنگی بە عێراق بدات بریتییە لەهەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییو تواناکانی ئێران لهعێراقدا. بەم مەبەستە تورکیا لەهەموو ئەو هێزانە نزیکدەکەوێتەوە کە دژایەتی سیاسەتی ئێرانی لهعێراقدا دەکەن، یان ناکۆکن بە حیساباتی سیاسەتی ئێران لەعێراقدا. نزیکبوونەوەی تورکیا لهلیستەکەی ئەیاد عەلاویو لهسیاسییە سونییەکان بەگشتی بەشێکە لەپیادەکردنی ئەم ستراتیژە، تورکیا لهساڵی ٢٠٠٥ هانی سونەکانی دا بەشداربن لههەڵبژاردنەکانداو بایکۆتی نەکەن. هاوکات هاریکاریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەهەمان مەبەستە. لەئاستی ناوچەییشدا تورکیاو وڵاتانی کەنداوو سعودیە بەیەکەوە لهیەک هاوکێشەی سوونیدا کۆبوونەتەوە بۆڕێگرتن لهفراوانبوونی دەسەڵاتی ناوچەیی ئێران. لەسەرێکی دیکەشەوە هەموو ئەم دەوڵەتە سونیانە بەستراونهتەوە بە سیاسەتی ئەمریکاوە لهعێراقدا، ئەمریکاش وەک ئەو هێزە سونییانە نایەوێت عێراق ببێتە ئێرانێکی تر لەناوچەکەدا. لەم وێنە گشتییەدا پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەشێکە لەم ستراتیژەو بەتوندی گرێدراوە بەسیاسەتی تورکیاوە لهعێراقدا.
تورکیاو کوردی باکور
کورد لهتورکیادا لهدۆخێکی سەختو لهبێمافییەکی گەورەو ترسناکدا دەژی، زیندانەکانی تورکیا پڕن لهمناڵو گەنجانو ئافرەتانی کورد، رۆژنامەنووسانو پەرلەمانتاران دەگیرێنو پەلامارئەدرێن، هێرشی سەربازی بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی ئەو بەشەی کوردستانیش هەمەلایەنو رۆژانەییە. بەڵم هاوکات خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان لهڕاپەڕینێکی رۆژانەی بێبڕانەوەدان، لەزۆر رووەوە دۆخی ئەمڕۆکەی کوردستانی باکور لهدۆخی راپەڕینی فەلەستینییەکانی ساڵانی نەوەدو دووهەزار دەچێت. لهسەرکوتکردنی ئەم دۆخەشدا تورکیا سڵ لهپەنابردن بۆ هێزی رووت ناکاتەوەو سڵ لەوەش ناکاتەوە سنوورەکان ببەزێنێتو لهکوردستانی باشوریشدا ناوچە کوردنشینەکان بۆمباران بکاتو دانیشتوانەکانیان ئاوارەبکات. بە کورتی لهئاستێک لهئاستەکاندا دەوڵەتی تورکی لەشەڕێکی دەستەویەخەی رۆژانەدایە لەگەڵ خەڵکی کوردستان. ئەوەی شوێنی گومان نییە ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی لهدە ساڵی رابردوودا، کە پارتی عەدالەتو پێشکەوتن لەسەر دەسەڵاتەو عەبدوڵا ئۆچ ئالانی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان لهزینداندایە، ناسیۆنالیزمی کوردی لەو بەشەی کوردستانداو لەدەرەوەی کوردستاندا لەناو کۆچبەرانی ئەو بەشەی کوردستاندا بەهێزبووە، لاوازنەبووە.(١٣) ئەمڕۆ وزەیەکی سیاسی گەورەو گرنگ لەو بەشەی کوردستاندا ئامادەیەو کاردەکات.
خاڵێک کە ئەمڕۆ نە دەوڵەتو نە کۆمەڵگای تورکی ناتوانن نکوڵی لێبکەن مەسەلەی بوونی ناسیۆنالیزمی کوردیو بوونی "مەسەلەی کورد"ە لهتورکیادا بەیەکێک لهکێشە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتەو بەیەکێک لەو تەحەدا گەورانەی ئەو وڵاتە رووبەڕووی بۆتەوە. نووسەری ئیسرائیلی (ئۆفرا بینگیۆ)، شارەزا لەبواری عێراقو کوردو تورکیادا، باس لەوەدەکات تەنانەت تا ساڵی ١٩٩٦ تورکیا نکوڵی لهبوونی شتێک بەناوی مەسەلەی کورد لهتورکیادا دەکرد، تا ئەوکاتەش کەسێکی وەک نەجمەدین ئەربەکانی سەرۆک وەزیران دەیگوت تورکیا کێشەی کوردی نییە، بەڵکو کێشەی تێرۆریزمی هەیە(١٤)، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بە رێبوراییش رێیبکەوێتە تورکیاوە، دەزانێت کێشەی کورد گەورەترین کێشەی ئەو وڵاتەیە، تا ئەو رادەیەی عەبدوڵا گولی سەرۆکی تورکیا چەند ساڵێک لەمەوبەر دانی بەوەدا نا کە لهڕۆژی دروستبوونی دەوڵەتی تورکییەوە، مەسەلەی کورد گەورەترین کێشەی تورکیا بووە.(١٥)
هاوکات لەسەردەمی تورگوت ئوزالەوە لهسەرەتای ساڵانی نەوەدەوە گۆڕانێک لهسیاسەتی تورکیدا بەرامبەر بە کورد بەدیدەکرێت، ئەم گۆڕانە لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی پارتی عەدالەتو پێشکەوتندا زیاتر دەبینرێت. یەکێک لهدیارترین ئاماژەکانی ئەو گۆڕانە ئەوەیە ئەردۆگان نەک تەنها ئینکاری بوونی کێشەی کورد لهتورکیادا ناکات، بەڵکو لهسەفەرێکیدا بۆ دیاربەکر لهساڵی ٢٠٠٥دا وتی تورکیا دەبێت دان بە هەڵەکانی رابردوویدا بنێتو ئەو راستییە ببینێت کە "کێشەی کورد کێشەی هەموو کەسێکە. کێشەی منیشە". لهساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٠ دەسەڵاتدارانی تورکیا باسیان له"کرانەوە بەڕووی کوردا" کرد. لەم ماوەیەدا هەندێک گۆڕانکاری بچووک روویاندا، بەڵام هاوکات ئەردۆگان لەدوای ٢٠١٠ خۆی زیاترو زیاتر لهچارەسەری کێشەی کورد لهتورکیادا ئەدزێتەوەو تا ئەو رادەیەی لەو پێشنیارانەدا کە لهئازاری ساڵی ٢٠١٠دا ناردی بۆ پەرلەمانی تورکیا بۆ داڕشتنەوەو دەسکاریکردنی دەستوری تورکیا کە نکوڵی لهبوونی کورد دەکات، ئەردۆگان هیچی لەسەر کورد نەووت. لهپڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١١شدا ئەردۆگان هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر بە کورد نیشاندا.(١٦) بەکورتی تورکیا تا ئێستا نەیتوانیوە مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا بەشێوەیەکی قابیلی قبووڵکردن چارەسەربکات، جگە لهبە دوژمنکردنی پەکەکە، لهساڵی ١٩٩٠ تا ساڵی ٢٠١٠ تورکیا پێنج پارتی سیاسی تری یاساغکردوە کە لهپرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا بەشدارییان کردووە.
تورکیاو هەرێمی کوردستان
ئەوەی لهچەند ساڵی رابردوودا تێبینی دەکرێت گۆڕانی سیاسەتی تورکیایە بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم، تورکیا لەم چەند ساڵەدا وازی لهدوژمنایەتیکردنی حکومەتی هەرێم هێناوەو هەوڵێکی گەورەی داوە بۆ نزیکبوونە لهدەسەڵاتدارانی کوردستان، بەتایبەتی لهپارتی دیموکراتی کوردستان، هەندێکجار ئەم نزیکبوونەوەیە وادەردەکەوێت وەک ئەوەی پەیوەندییەکی شەخسی نێوان ئەردۆگانو بنەماڵەی بارزانی بێت. بەهەرحاڵ تێگەیشتن لەم پەیوەندییە تایبەتە دەبێت لەناو سیاسەتی دروستنەکردنی کێشە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ببینرێت. بەبۆچوونی من تورکیا سێ وێنەی سەرەکی لەسەر هەرێمی کوردستانو حکومەتەکەی هەیە. یەکەم: تورکیا هەرێم وەک بازاڕێکی گەورە بۆ ساغکردنەوەی شتومەکو بەگەڕخستنی سەرمایەی تورکی دەبینێت، بەمەبەستی بەستنەوەیەکی توندی ئابوری کوردستان بە ئابوری تورکیاوە، تا ئەو شوێنەی ئابوری کوردستان نەتوانێت بەبێ تورکیا هەناسەبدات.
دووهەم: تەماشاکردنی کوردستان وەک چاڵە نەوتێکی گەورەو سەرچاوەیەک بۆ وزە. من پێشتر هێمام بەوەکرد کە تورکیا لهدەیەکانی داهاتوودا پێویستییەکی زۆری بە وزە دەبێت بۆ گەشەکردنی ئابوریی، ئەوەشم وت تورکیا لەمڕووەوە پێویستییەکی گەورەی بە غازە سروشتییەکەی ئێران هەیە. لەسەر هەمان هێڵ تورکیا لهدەیەکانی داهاتوودا پێویستی بە نەوتو غازی کوردستان دەبێتو دەیەوێت سودێکی تەواو لەم سەرچاوە نزیکە وەربگرێت. بۆ ئەم مەبەستەش چەندان کۆمپانیای تورکی لهبواری گەڕانو دۆزینەوەی نەوتو غازدا ئامادەنو کاردەکەن. بەستنەوەی نەوتی کوردستان بە ئابوریی تورکیاوەو کردنی ئەو نەوتە بەیەکێک لەسەرچاوەکانی وزە بۆخۆی، یەکێکە لهپلانەکانی تورکیا لهکوردستاندا. خاڵی سێهەم ئەوەیە تورکیا چاوەڕوانی ئەوەی لهحوکمڕانانی کوردستان هەیە هاریکاریبن لهلەناوبردنی هێزە چەکدارییەکەی پەکەکەداو لەمڕووەوە کارئاسانی بۆ تورکیا بکەن.
ئاشکرایە هەر سێ مەبەستەکەی تورکیا لەڕووی ستراتیژییەوە شوێنگەی کوردستان لاوازدەکەنو دەیکەنە پاشکۆیەکی ئابوریو سەربازیو سیاسی تورکیا.
دەرەنجام
پرۆژەی تورکیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەونی تورکیا بۆ بوونی بە زلهێزێکی ناوچەییو جیهانی ئاراستەی دەکات، لەمەشدا هەم هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی هێمنو ئارام لەگەڵ دراوسێکانو ناوچەکەدا ئەدات، لەڕێگای پەنابردن بۆ هێزی نەرمەوە، هەم بەهەموو شێوەیەک بەرگری لهئاسایشی نەتەوەییو بەرگری لهقازانجو دەسکەوتەکانی لەناوچەکەدا دەکات. ئەمە وایلێدەکات لەسەرێکەوە دەستی هاریکاری بۆ وڵاتێکی وەک ئێران درێژبکاتو هەم لهململانێو کێشمەکێشیشدابێت لەگەڵیدا لەسەر رووبەری نفوزو دەسەڵات لەناوچەکەدا. گەرچی تورکیا بۆ پیادەکردنی ئەم خەونە سیاسییە گەورەیە کۆمەڵێک گۆڕانی ناوەکیو دەرەکی بەسەردا هاتووە، بەڵام تا ئێستاش بەگژاچوونەوەی مەسەلەی کوردو رێگرتن لەوەی گەشەبکات، یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەیە کە سیاسەتی تورکی لەناوچەکەدا. نەک هەر ئەمە، بەڵکو تا ئێستاش توانای کۆکردنەوەی ئێرانو سوریاو عێراقیشی هەیە بۆ رێگرتن لەگەشەکردنی مەسەلەی کورد. بەم مانایە گۆڕانی هێزی رووت بۆ هێزی نەرم لهسیاسەتی تورکیدا مانای قبووڵکردنی دەوڵەتی کوردی نییە لەلایەن تورکیاوە. هاوکات تا ئێستاش تورکیا نە ئیرادەو نەتوانای چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردی لهباشوری کوردستاندا نیشاننەداوە، چ جای بێدەنگبوون لهیان هاریکاریکردنی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.
لهپەیوەندیدا بە هەرێمی کوردستانو حکومەتەکەیەوە تورکیا تەنها دەستی لەناو ئابوری هەرێمدا نییە، بەڵکو دەستی لەناو کولتورو سیستمی خوێندنو پەروەردەی هەرێمیشدایە. تەنها لهشارێکی وەک هەولێردا نزیکەی ١٥ هەزار تورک کاردەکەنو زیاد له٧٠٠ کۆمپانیای تورکی لههەرێمدا دەستبەکارن، ئەمەش دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەو کۆمپانیا بیانیانەن کە لههەرێمدا کاردەکەن. هاوکات تورکیا زانکۆی تایبەتی لههەولێر کردۆتەوەو بزوتنەوە دینییەکانی تورکیاش خاوەنی ١٩ نۆزدە قوتابخانەن لههەرێمدا کە ٥٥٠٠ قوتابی تیایاندا دەخوێنن. ئەمە جگە لەبوونی ژمارەیەک سەربازی لەشکری تورکی لههەرێمدا بەناوی بەگژاچوونەوەی پەکەکەوە.(١٧) ئەمەش ئەوە نیشانئەدات تورکیا خەریکی بە تورکیاکردنی هەرێمە، خەریکی داڕشتنەوەی ئابووریو کولتورو سیستمی خوێندنی هەرێمو بڵاوکردنەوەی جۆرێکی تایبەتە لەهەستی ئاینی، کە هەرێم بەتوندی بە تورکیاوە ببەستێتەوە. بەم مانایە تورکیا نەک هەڵگری پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی نییە، بەڵکو یەکێکە لەڕێگرە هەرە گەورەو سەرەکییەکانی بەردەمی دروستبوونی دەوڵەتێکی لەم بابەتە، تورکیا تا ئەم ساتەش رێکەوتنی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر خەونێکی بەدەوڵەتبوونی کوردستان.
سەرچاوەکان
١- بڕوانە:
Damla Aras and Mustafa Aydin, "Political Conditionality of Economic Relations between Paternalist States: Turkey>s Interaction with Iran, Iraq and Syria," Arab Studies Quarterly, Winter/Spring, 2005, pp. 21-43.
٢-بۆ زانیاری زیاتر لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو سوریا بڕوانە ئەم وتارە گرنگەی دەملهئاراس:
Damla Aras. <Turkish-Syrian Relations Go Downhill The Syrian Uprising>, The Middle East Quarterly,Spring 2012, pp. 41-50.
٢- بڕوانە:
Damla Aras and Mustafa Aydin, "Political Conditionality of Economic Relations between Paternalist States: Turkey>s Interaction with Iran, Iraq and Syria," Arab Studies Quarterly, Winter/Spring, 2005, pp. 21-43.
٣- بڕوانە سەرچاوەی دووهەم.
٤-بڕوانە:
ÖMER TAŞPINAR. <Neo-Ottomanism and Kemalist foreign policy>, Today>s Zaman, 22 September 2008.
هەروەها بڕوانە:
Omer Taspinar, "Turkey>s Middle East Policies: Between Neo-Ottomanism And Kemalism," Carnegie Endowment for International Peace, Washington, D.C., Sept. 2008.
٥- بڕوانە هەمان سەرچاوەی پێشوو.
٦- بۆ وردەکاری ئەو ژمارەو زانیارییانە دەربارەی پەیوەندی نێوان تورکیاو وڵاتانی کەنداو بڕوانە:
Larrabee, F. Stephen. <Turkey and the Gulf Cooperation Council>. Turkish Studies, 12:4, 689-698.
٧- هەمان سەرچاوەی پێشوو.
٨- هەمان سەرچاوەی پێشو ل ٦٩٣.
٩- بڕوانە:
-Damla Aras. <Turkish-Syrian Relations Go Downhill The Syrian Uprising>, The Middle East Quarterly,Spring 2012, pp. 41-50.
١٠- بڕوانە:
Al-azm, Sadik J.>The "Turkish Model": A View from damascus>. Turkish Studies, 12:4, 633-641.
١١- بڕوانە:
Barkey, Henri J. <Turkey and Iraq: The making of a partnership>. Turkish Studies, 12:4, p. 670.
١٢-هەمان سەرچاوەی پێشو ل ٦٦٣.
١٣- بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە ئەم وتارە گرنگەی رۆبرت ئۆلسۆن:
Olson, Robert.>Turkish-Kurdish Relations: A Year of Significant Developments,>.
Insight Turkey, Vol. 10, No. 3 (2008), p, 24.
١٤- بڕوانە:
-Bengio, Ofra.>The "Kurish Spring" in Turkey and its Impact on Turkish Foreign Re
lations in the Middle East>. Turkish Studies, 12:4, p .
١٥- بڕوانە: هەمان سەرچاوەی پێشو ل ٦٣١.
١٦- هەمان سەرچاوەی پێشو ل.٦٢٣
١٧- هەمان سەرچاوەی پێشو ل٦٢٨-٦٢٧