دیمانه‌ی: شه‌نكار عه‌بدوڵا
له‌دوای خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات و رۆژانی دواتر، كه‌بوه هۆی شه‌هیدبونی 10كه‌س برینداربونی زیاتر له 500كه‌س و به‌سه‌دان كه‌سیش به‌نایاسایی راپێچی زیندان كران، له‌دوای سه‌ركوتی خۆپیشاندانه‌كان ده‌سه‌ڵات و هاوڵاتیان چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌لومه‌رج و گۆڕانكاری ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیدا بكه‌ن.
د. رێبوار فه‌تاح نوسه‌ر و روناكبیر له‌دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ "سبه‌ی" ده‌رباره‌ی چاكسازی ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌وه بێ كه ده‌سه‌ڵات چاكسازی بكات، ئه‌وه ئه‌سته‌مه، ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه سیاسیه‌ی ئه‌مڕۆ چاكسازی بۆ ناكرێ و پێویسته دوربخرێته‌وه. ناوبراو پێشیوایه ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان بنكه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی له‌ده‌ستداوه، سیستمی سیاسی كوردستان سیستمێكی داخراوی خێڵه‌كییه.
سبه‌ی: خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات و رۆژانی دواتر چۆن لێك ده‌ده‌یته‌وه؟ ئایا هه‌ڵچونێكی ده‌رونی بو یان به‌رهه‌می ئه‌و ناعه‌داله‌تیه كه 20 ساڵی حكومڕانی كوردی به‌رهه‌می هێناوه؟
د.رێبوار فه‌تاح: دیاره خۆنیشاندانه‌كان به‌هیچ جۆرێك هه‌ڵچونێكی ده‌رونی نه‌بون، به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامی ناله‌باری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری بون، كه ده‌كرێ به‌رجه‌سته بكرێن له كۆمه‌ڵێك هۆكاردا، وه‌ك ناڕه‌وای كۆمه‌ڵایه‌تی، گه‌نده‌ڵی به‌هه‌مو جۆره‌كانیه‌وه و قۆرغكرنی زۆربه‌ی ده‌رامه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن كه‌مینه‌یه‌كه‌وه، سه‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ش په‌راوێزخستنی به‌شێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵه، به‌تایبه‌تیش لاوان، كه چیدی هه‌ست ناكه‌ن كاران له كۆمه‌ڵدا. روداوه‌كان له‌ده‌ری ئه‌مان رو ده‌ده‌ن؛ ئه‌مانیش ده‌یانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه ناو رێڕه‌وی كۆمه‌ڵ، له نه‌بونی هیچ مێكانیزمێكی تردا، خه‌ڵكی توندوتیژ ده‌نوێنن به‌رانبه‌ر به‌و ده‌زگایانه‌ی كه سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتن، چونكه به‌م مانایه‌ی كه باسمكرد، ده‌سه‌ڵات له خه‌ڵك جودا بوه‌ته‌وه و بوه‌ته ده‌سه‌ڵاتێكی حۆسهپێن به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه. راپه‌ڕینه‌كانی ناسراو به به‌هاری عه‌ره‌بی، به‌تایبه‌تیش تونس و لیبیا و یه‌مه‌ن، ره‌نگه روداوه‌كانی كوردستانیان پێشخستبێ، ده‌نا راپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان گومانی تێدا نه‌بو، وه‌كچۆن گومانی تێدانیه كه هه‌ر سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه.
راپه‌ڕینی شوبات جۆرێكی نوێ بو له خه‌بات، پێش ئه‌م، له كوردستاندا زۆرتر خه‌باتی چه‌كداری باوبوه و خه‌باتی سڤیل به ناوچه‌كه نامۆ بو، شوبات كوردستانی برده قۆناغێكی تره‌وه له خه‌بات، كه ئه‌ویش خه‌باتی سڤیله.
ده‌توانم بڵێم كه شوبات یه‌كاڵاكه‌ره‌وه بو له‌وه‌دا كه شێوازی خه‌باتی چه‌كداری له مێشكی خه‌ڵكدا شته‌وه و به‌ردی بناغه‌ی خه‌باتی سڤیلی له كوردستاندا دانا، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای بهسڤیلبونی كۆمه‌ڵه.
چه‌ند دیارده‌یه‌ك ده‌كرێ له راپه‌ڕینی شوباتدا ببینرێن، بۆ نمونه، بیرۆكه‌ی شۆڕشی لای هه‌مومان گۆڕی، پێشتر باوه‌ڕ وابو كه كه‌مینه‌یه‌ك به بڕیارێك ئاگری شۆڕ‌شیان، كه خه‌باتی چه‌كدار بوه، هه‌ڵگیرساندوه، ئه‌م ده‌سته‌یه وه‌ك سه‌ركردایه‌تی بزوتنه‌وه‌كه ماونه‌ته‌وه، كه تا ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌رهه‌می ئه‌و خه‌باته‌یان ده‌خۆن، راپه‌ڕینی شوبات، كه ده‌ستیپێكرد سه‌ركرده‌ی نه‌بو، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده له‌نێویدا سه‌ریهه‌ڵدا، شۆڕش پێشتر پیاو ده‌ستیپێ ده‌كرد و كارێكی پیاوانه بو، ئافره‌ت گه‌ر به‌شداریش بوایه، به ژماره زۆر كه‌م و له په‌راوێزیشدا بون، شۆڕش پێشتر یان بناغه‌یه‌كی ئایدیۆلۆجی هه‌بو یان خێڵه‌كی، راپه‌ڕینی شوبات زۆربه‌ی چین و توێژه‌كانی له‌خۆگرتبو، به ئافره‌ت و پیاوه‌وه و هیچ ئایدیۆلۆجیهكی سیاسی دیاریكراوی نه‌بو؛ هه‌ڵبه‌ت كۆمه‌ڵێك گروپی ئایدیۆلۆجی له‌یه‌ك جودا خۆیان تێهاویشتبو، به‌كورتی ئه‌مانه‌ن تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی راپه‌ڕینی شوبات.
سبه‌ی: مامه‌ڵه‌ی ئۆپۆزسیۆن چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كان؟
د.رێبوار فه‌تاح: دیاره ئۆپۆزسیۆنیش له‌هه‌مان كولتوروه هاتوه، بۆیه ئه‌میش له‌سه‌ره‌تادا سه‌نگی ئه‌و خه‌باته سڤیله‌ی نه‌زانی، یان ده‌كرێ بڵێین په‌له‌ی كرد له ههڵوێستوهرگرتندا. لێدوانه‌كانی هێما و سه‌ركرده‌كانی ئۆپۆزسیۆن له رۆژانی یه‌كه‌می خۆنیشاندانهكاندا زۆر مه‌ترسیدار بون، بۆ نمونه، ده‌سته‌واژه‌ی "گێره‌شێوێن" به‌كارهێنرا، یه‌كسه‌ر دیار بو كه ئۆپۆزسیۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌باتی سڤیلدا نه‌كردوه و سه‌نگیشی نازانێ، هه‌ڵبه‌ت پڕۆتێستهكان قوتابخانه‌یه‌ك بون كه ئۆپۆزسیۆنی پێگه‌یاند، ئه‌وه بو دواتر ئۆپۆزسیۆن خۆی كرد به به‌شێك له راپه‌ڕینه‌كه، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی كاریگه‌رانه نه‌بو.
سبه‌ی: مه‌به‌ستت چییه له‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی كاریگه‌ر نه‌بو؟
د.رێبوار فه‌تاح: راپه‌ڕین هه‌رده‌م قوتابخانه‌یه‌كه بۆ رۆشنكردنه‌وه‌ی به‌رچاوی خه‌ڵك و دامه‌زرندنی رایگشتی، چونكه ته‌نیا له راپه‌ڕیندا هه‌مو لایه‌ك گه‌رمن له گوێگرتن له ئامانجه‌كان و رێچاره‌ی كێشه‌كان له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌م كه ئۆپۆزسیۆن كاریگه‌ر بو له بڵاوكردنه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی به‌شێوه‌ی چه‌ند دروشمێك، به‌ڵام كاریگه‌ر نه‌بو كه ستراتیجی خۆی بكات به‌هی خه‌ڵك.
سبه‌ی: دوای سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كان، ده‌بێ چاوه‌ڕوانی چی بكه‌ین؟ ئایا ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش 17ی شوبات؟
د.رێبوار فه‌تاح: نه‌خێر، نه ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش شوبات، نه خه‌ڵكیش، ئه‌و قۆناغه‌مان جێهێشت، پڕۆتێستهكان گوزارشێك بون له جیابونه‌وه‌ی گه‌ل له ده‌سه‌ڵات، ده‌كرێ بڵێم كه گه‌ل پێش راپه‌ڕینه‌كان هێشتا به‌شێك بو له ئه‌تمۆسفیری حیزب – ناڵێم حیزبی بو، به‌و مانایه‌ی كه خه‌ڵكێكی زۆر له ژێر كاریگه‌ری حیزبه‌كاندا بون، هێشتا زۆر كه‌س خۆی ساغ نه‌كردبوه‌وه. هه‌ڵبه‌ت راپه‌ڕینه‌كه‌ی شوبات، ئه‌و ره‌وته یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه بو كه ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵی له خه‌ڵكێكی خه‌باتگێڕ جیاكرده‌وه.
پڕۆتێستهكان سه‌ركوت نه‌كراون، به‌ڵكو راگیراون یان ههڵپهسیراون، هیچ حكومه‌تێك له مێژوی نوێ‌دا نه‌یتوانیوه كۆمه‌ڵ ببه‌زێنێ، مێژوی هه‌مو گه‌لانی جیهان به مێژوی عێراقیشه‌وه ئه‌وه دهدهركێنن، كه گه‌ر خه‌ڵكی راپه‌ڕی و ده‌سه‌ڵات له‌بری ئه‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی داخوازیه‌كانی بێ، هه‌وڵیدا سه‌ركوتی بكات، به‌مه ده‌سه‌ڵات خۆی ده‌خاته مه‌ترسی لهنێوچونهوه، بۆ نمونه، حكومه‌تی مه‌لیك له عێراقدا كاتێك كه‌وته مه‌ترسی لهنێوچونهوه، كه پڕۆتێستهكانی خه‌ڵكی عێراقی له ساڵاكانی دوای حوكمڕهوایدا به ئاگر سه‌ركوت كرد، دواتریش هه‌ر خه‌ڵكی عێراق سهریخوارد، ده‌سه‌ڵاتی كوردیش، هیچ گومانم نیه، گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ی سور بێ، به هه‌مان ده‌رد ده‌چێ.
ئێستا ده‌سه‌ڵات بێباكه، هه‌ڵبه‌ت زه‌ینه‌لعابدین، موباره‌ك، قه‌زافی، عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح و به‌شار ئه‌سه‌دیش تا چه‌ند رۆژێك به‌ر له راپه‌ڕینی خه‌ڵكی وڵاته‌كانیان خه‌مسارد بون، وایان ده‌زانی كه گه‌له‌كانیان هه‌رگیز راناپهڕن.
سبه‌ی: له‌دوای خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات و رۆژانی دواتره‌وه سزای سیاسی و پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان به‌راده‌یه‌كی به‌رچاو روی له هه‌ڵكشانه؛ هۆكاری ئه‌مه چیه؟ تاچه‌ند ئه‌م ره‌فتارانه بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌چێته‌سه‌ر؟
د.رێبوار فه‌تاح: من ئه‌م رهوتارهی ده‌سه‌ڵات به په‌له‌قاژه داده‌نێم، ده‌سه‌ڵاتێك له‌و باوه‌ڕه‌دا بێ كه به سه‌ركوتكردن و ده‌مكوتكردنی ده‌نگه جوداكان و ناڕه‌زاكان ته‌مه‌ندرێژ ده‌بێ، ته‌مه‌نی كورته، پێویسته ئه‌وه رونبكهمهوه كه ئه‌م داپڵۆسینه ته‌نیا بۆ خه‌ڵكی ده‌ری حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات نیه، خۆ ره‌نگه ئه‌ندامانی حیزبه‌كان خۆیان له‌ژێر گوشارێكی زۆرتردا بن تا خه‌ڵكی ده‌ره‌وه، حیزب ئه‌مڕۆ ده‌زگایه‌كی هه‌ڕه‌میه كه كه‌مینه‌یه‌ك، وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی ئابوری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاریده‌هێنن.
ده‌سه‌ڵات به‌هه‌مو شێوازێك و به‌هه‌مو باهایهك ده‌یه‌وێ بمێنێته‌وه بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندیانه، بۆ ئه‌قڵێكی خێڵه‌كی، ده‌سه‌ڵات وا ده‌زانێ گه‌ر خه‌ڵكی ناڕازیبون، ئه‌وه له نه‌ریتی خێڵ یاخی بون و له فه‌رمانی سه‌رۆك خێڵ ده‌رچون، چونكه ده‌سه‌ڵاتێكی خێڵه‌كی كۆمه‌ڵ وه‌ك خێڵه‌كه‌ی سه‌یر ده‌كات، دیاره ئه‌مه‌ش به نه‌ریتی ناو خێڵ سوكایه‌تیكردنه و سه‌رپێچیكاران پێویسته سزا بدرێن، خۆ ره‌نگه ئه‌مه له خێڵێكدا بچێته‌سه‌ر، به‌ڵام له كۆمه‌ڵێكی هاوچه‌رخدا، ئاسنی سارد كوتانه.
وا ده‌زانم كه مانگه هه‌نگوینه‌ی ده‌سه‌ڵات كۆتای هات و مانه‌وه‌ی وه‌ك پێش‌و ئاسان نیه، ده‌سه‌ڵات وا ده‌زانێ كه رێچاره‌ی مانه‌وه‌ی ته‌نیا به دامه‌زراندنی سیستمێكی سیاسی- كۆمه‌ڵایه‌تی داخراوی خێڵه‌كیه، به‌و مانایه‌ی كه سه‌رباری هه‌مو جیاوازیه‌كان، ده‌سته‌یه‌ك به‌رژه‌وه‌نی خۆیان به‌سه‌ر هه‌مو كۆمه‌ڵدا ده‌سه‌پێنن، ره‌نگه گرنگ بێ كه ناوه‌ڕۆكی ئه‌م سیستمه بخه‌مه‌ڕو.
له‌م سیستمه‌دا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ده‌ست كهمینهیهكدایه و ده‌یه‌وێ هه‌مو بواره‌كانی ژیان له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بگونجێنێ، بۆ به‌ئه‌نجامدانی ئه‌م ئامانجه هه‌مو سنوره‌كان ده‌به‌زێنێ، كه‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له‌سه‌ر بناغه‌ی خێڵه‌كی یان گردبونه‌وه‌یه‌كی خێڵه‌كی دامه‌زراوه بۆ زامنكردنی پیرۆزی سه‌ركرده‌كان و گوێڕیه‌ڵی و سهرنهویبونی ئه‌ندامانی حیزب، ده‌سه‌ڵات نه‌ریت و پێكهاته‌ی خێڵی له حیزب‌دا به‌رجه‌سته كرده‌وه و ده‌یه‌وێ كۆمهڵێش بكات به حیزب یان به خێڵ، واته ده‌یه‌وێ سیفه‌ته‌كانی ئه‌ندامی حیزب بگوێزێته‌وه بۆ هه‌مو ئه‌ندمانی كۆمه‌ڵ. به‌كورتی سه‌ركه‌وتوانه سنوری خێڵی كردوه‌ته‌وه بۆ حیزب، جا ده‌یه‌وێ سنوری حیزبیش بكاته‌وه كۆمه‌ڵ، واته ده‌یه‌وێ خێڵ، حیزب و كۆمه‌ڵ هه‌مان پێكهاته و نه‌ریت به‌رجه‌سته بكه‌ن، لێره‌دا چه‌مكی "هاوڵاتبون" ده‌بێ به "ئه‌ندامی حیزب/خێڵ" یان كۆیله‌ی سه‌رۆك و بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆك، بۆ به ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌مه كۆمه‌ڵێك شه‌رعیه‌ت به خۆیان ده‌ده‌ن، كه هه‌مویان وه‌همن.
یه‌كێك له ده‌رئه‌نجامه مه‌ترسیداره‌كانی ئه‌م سیستمه ئه‌وه‌یه كه دابه‌شبونی ده‌سه‌ڵات له دولاوه ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه یه‌كه‌كانی خێڵێك، كه له حیزب‌دا به‌رجه‌سته‌بوه، دابه‌شده‌بن به‌سه‌ر ده‌زگای ده‌سه‌ڵاته جوداكانی قانوندانان، جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریدا، جا له‌به‌رئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی خوێن، پیرۆزی و گوێڕایه‌ڵی بۆ خێڵ له‌سه‌ر هه‌مو كارێكه‌وه‌یه، ده‌زگا دابهشبوهكان بچوكدهبنهوه و یه‌كده‌گرنه‌وه، سیستمێكی به‌مجۆره ناتوانێ دیمكراتی بێ، چونكه هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كان له خێڵ/حیزب‌دا كۆبوه‌ته‌وه.
دوه‌میان ئه‌وه‌یه كه له‌به‌رانبه‌ر هه‌مو ده‌زگاكانی حیزب وخێڵدا، ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت، به تایبه‌تیش قانوندانان (په‌رله‌مان)، جێبه‌جێكردن (حكومه‌ت) و دادوه‌ری بچوكدهبنهوه بێسه‌نگ ده‌بن، ناتونن كاریگه‌ر بن، وه‌ك رێكخراوێكی گچكه‌ی پارهخواردنیان لێدێ، هه‌مو بڕیار و كاره‌كان له ده‌ری ئه‌مان ده‌گوزه‌رێ، ئه‌مان زۆرتر مۆركهر و پاساوهێنه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خێڵن، بۆ نمونه سه‌فیری وڵاتێك یان شاندێكی رۆشنبیری له ئه‌وروپاوه سه‌ر له كوردستان ده‌ده‌ن، كه‌چی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌زگای ههواڵگیردا كۆده‌بنه‌وه و ته‌له‌فیزیۆنیش زۆر بێباكانه ئه‌مه په‌خش ده‌كات، ده‌بێ بپرسین: ئه‌ی حكومه‌ت چ كاره‌یه؟ دیاره حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش ئه‌م رێكخستنهیان قبوڵه و چوارچێوه‌ی كاری خۆیان كه وه‌رگرتنی كۆمه‌ڵێك ئیمتیازه ده‌زانن.
ئه‌م كوشتهوبڕهی ده‌سه‌ڵات بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و سیستمه‌یه، كه ره‌نگه له په‌نجا ساڵی پێشدا ئه‌گه‌ری دامه‌زراندنی هه‌بایه، كه جیهان نه‌بوه گوندێك، ئێستا ئه‌سته‌مه و زه‌بروزه‌نگ نواندن له دنیای ئه‌مڕۆدا ته‌نیا تهمهنكورتی له‌دوایه.
دیاره داپڵۆسین، سه‌ركوتكردن و ده‌مكوتكردن ستراتیجی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاتن له سه‌پاندنی ئه‌م سیستمه‌دا، زۆرجار ده‌بیستیت كه ده‌سه‌ڵات به‌هێزه، به‌و مانایه‌ی كه گوایه هێز زامنكه‌ری مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته، ئه‌مه بۆچونێكی ساویلكه‌یه، ده‌نا ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌هێڵێته‌وه، دامه‌زراندنی دادوه‌ری، ئاسایش و خۆشگوزه‌رانیه، نه‌ك زه‌بروزه‌نگ.
ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك به‌ریتانیا بۆیه ماوه‌ته‌وه و بۆیه سێ حیزب سه‌ده‌یه‌ك ده‌بێ له پێشبڕكێی ده‌سه‌ڵاتدان، چونكه ده‌سه‌ڵات له‌هه‌مو ئاكاره‌كاندا به ئاشتی ئاڵوگۆڕ ده‌كرێ و سه‌ركردایه‌تی حیزبیش به‌ده‌وام ده‌گۆڕێ، حیزبیش به پڕۆگرامێكه‌وه به‌شداری هه‌ڵبژاردنێكی بێفێڵ ده‌كات، له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا، ده‌وڵه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌كی تۆكمه‌یه، كه تهكنۆكرتهكان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
كاتێك حیزبێكیش ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ده‌ست، به هه‌ڵبژاردن، ته‌نیا ستراتیجی خۆی به‌رجه‌سته ده‌كات، جێی هه‌مو ده‌زگاكان به ده‌زگای حیزبی و به كه‌سانی حیزبی ناگرێته‌وه، ئه‌م پێشبڕكێیه سڤیله، ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر حیزبی‌دا سه‌پاندوه كه گوێڕایه‌ڵی داخوازیه‌كانی خه‌ڵك بێ بۆئه‌وه‌ی ده‌نگی بۆ بده‌ن، ئیدی ده‌سه‌ڵات نابێ به سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كه‌سوكار خستنه ناو ده‌سه‌ڵات و نابێ به سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بون، ئه‌وه گه‌نده‌ڵیه، نه‌ك ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ست، گه‌نده‌ڵی و ناڕه‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رچاوه‌ی نائارامین؛ دیموكراسیش سه‌رچاوه‌ی ئارامی.
پارتی و یه‌كێتی ده‌یانه‌وێ به به‌كارهێنانی هێز ده‌ستبه‌سه‌ر هه‌مو ره‌وتێكی ژیاندا بگرن، دیاره ئه‌مه بۆچون و رهوتارێكی نادروست و ناته‌ندروسته، كاریگه‌ری زۆر نه‌گه‌تیڤی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ ده‌بێ، هه‌رئێستا ئه‌م كاریگه‌ریه زۆر به‌زه‌قی دیاره، ئه‌و رقه ئه‌ستوره‌ی كه له ناو خه‌ڵكدا ده‌یبینین و به‌ئاشكرا له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی سه‌ر ئینته‌رنێت و له كۆڕ و كۆبونه‌وه‌كانی كوردستان و ره‌وه‌ندی كورددا ده‌بینرێ ئه‌نجامی راسته‌وخۆی ئه‌و زوڵمه‌یه كه حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌یكه‌ن، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتوه‌ته ئه‌و ئاكامه جه‌رگبڕه‌ی كه خه‌ڵكی رقیان له جامه‌دانی سور هه‌ڵگرتوه، به مه‌رجێك كه جامه‌دانی سور چه‌ندین كۆمه‌ڵگه‌ی تر ده‌یبه‌ستن. دیاره زه‌بروزه‌نگ نواندن كۆمه‌ڵ بهرهونشێوی ده‌با، خۆ ره‌نگه په‌یوه‌ندی ئه‌مڕۆی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كانی لیبیا، سوریا و یه‌مه‌ن و كۆمه‌ڵه‌كانیان باشترین نمونه بن بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه دامه‌زراندنی رژێمێك له‌سه‌ر بناغه‌ی زه‌بروزه‌نگ و زوڵم چ كاریگه‌ریه‌كی نه‌گه‌تیڤی له داهاتوی كۆمه‌ڵدا ده‌بێ، سه‌رباری ئه‌مه‌ش، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی زاڵم به‌سه‌لامه‌تی له ده‌ست راپه‌ڕینی خه‌ڵك ده‌رنه‌چوه و ده‌رناچێ.
ئه‌و زوڵمه‌ی كه سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان ده‌یكه‌ن، به پله‌ی یه‌كه‌م، كێشه‌ی بنكه‌ی فراوانی پارتی و یه‌كێتیه، كه پێویسته بیر له‌داهاتوی خۆیان وه‌ك حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بكه‌نه‌وه تا به‌ده‌ردی قه‌زافی، عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح و به‌شار ئه‌سه‌د نه‌چن، دامه‌زراندنی حوكمێكی دیموكرات و كۆمه‌ڵێكی سڤیل زه‌مانی مانه‌وه‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵاته، پارتی و یه‌كێتیش، وه‌ك حیزبه‌كانی به‌ریتانیا، ده‌توانن بۆ ده‌یان ساڵی تر له ده‌سه‌ڵاتدا بن، به‌مه‌رجێك ئاماده‌بن حكومه‌ت به دیموكرات، كۆمه‌ڵ به سڤیل بكه‌ن و قانونیش باڵاده‌ست، هه‌ڵبه‌ت دیاره له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا پێویسته كه سه‌ركرده‌كانیان بگۆڕن.
سبه‌ی: كاردانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ئاست خۆپیشاندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ئاستێكی زۆر لاوازدابو، به‌ڕای تۆ هۆكاری ئه‌مه چیه؟
د.رێبوار فه‌تاح: ده‌بێ هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی له دو ئاكاردا لهچاوبگرین، یه‌كێكیان ئاكارێكی نافه‌رمیه یان ئاكاری رێكخراوه ناحكومیهكانه، به تایبه‌ت رێكخراوه مرۆپهروهرهكان و پارێزه‌ری مافه سڤیله‌كان؛ ئه‌مان به‌رده‌وام پێشێلكاریه‌كان بڵاوده‌كه‌نه‌وه و گوشار له ده‌سه‌ڵاتی ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر ره‌وتی ئازادیه سڤیله‌كان هه‌یه و بوه‌ته پاڵپشتێكیش بۆ ئازادی خوزهكانی كوردستان. دوه‌میان، ئاستێكی فه‌رمیه یان ئاستی ده‌وڵه دیموكراته‌كان، كه ره‌نگه ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا له پێشه‌نگیاندا بن، ئه‌مان ته‌نیا دو پێداویستیان هه‌یه له رژێمه‌كانی ناوچه‌كه.
یه‌كه‌میان، ههڕهشهنهكردن له ئاسایش نه‌ته‌وه‌ی خۆیان و هاوپه‌یمانه‌كانیان؛ مه‌رجی دوه‌میش، هه‌ڕه‌شه نه‌كردنه له ئاوهڵابونی بازاڕی جیهان، به‌تایبه‌تیش بازاڕی نه‌وت، كه پێویسته به‌بێ قۆرت بگاته بازاڕه‌كانی جیهان، له هه‌ندێك باردا ئه‌م ده‌وڵه‌تانه له پێشێلكردنی مافی مرۆڤ هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن، گه‌ر بگاته ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی ناوچه‌كه بكات یان كاریگه‌رێكی نه‌گه‌تیڤی له بازاڕی نه‌وتدا هه‌بێ، بۆ نمونه رهوه مه‌زنه‌كه‌ی كوردستان ئاسایشی ئێران و توركیای خسته مه‌ترسیه‌وه، داگیركردنی كوه‌یت ئاسایشی ناوچه‌كه و بازاڕی نه‌وتی خسته مه‌ترسیه‌وه، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ له كوردستاندا نه‌گه‌یشتوه‌ته ئه‌و ئاستانه.
دیاره ئۆپۆزسیۆن نه‌یتوانیوه رۆڵی خۆی له‌م بواره‌دا بگێڕێ، ناساندنی تۆماری مافی مرۆڤ به جیهان یه‌كێكه له كاره‌كانی ئۆپۆزسیۆن، بۆ نمونه، ئۆپۆزسیۆن ده‌كرا ئۆفیسی له له‌نده‌ن و واشنتۆن هه‌بێ، كه كاری راپۆرتكردنی هه‌مو پێشێلكردن و ئاڵۆزیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بێ، ئه‌م ئۆفیسانه ده‌بون به سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بۆ ناساندنی تۆماری هه‌رێمی كوردستان به جیهان.
هاوكات ده‌كرا ئۆفیسه‌كان سایتێكیان بۆ ئه‌م كاره به زمانه ئه‌وروپیه‌كان هه‌بوایه، كه به‌رده‌وام زانیاریان له‌سه‌ر ره‌وشی كوردستان بڵاوبكردایه‌ته‌وه، هێدی هێدی ئه‌م ئۆفیسانه ده‌یتوانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌زگا فه‌رمی و نافه‌رمیه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ببه‌ستێ و ئۆپۆزسیۆنی له ته‌نگه‌شه‌ی كوردستان رزگار بكات، له‌و بڕوایه‌دام، گه‌ر ئه‌م ئۆفیسانه باوه‌ڕ په‌یدا بكه‌ن، كه‌م راپۆرت له‌سه‌ر كوردستان ده‌نوسرێ یان په‌خش ده‌كرێ به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئه‌م ئۆفیسانه. دیاره كه ئۆپۆزسیۆن یان نازانێ یان بایه‌خ به خه‌باتێكی سڤیل له‌ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یدا نادات، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ری زۆر كه‌وتوه.
سبه‌ی: به‌سه‌ربازیكردنی سیسته‌می سیاسی له هه‌رێمی كوردستان چۆن لێك ده‌ده‌یته‌وه؟ چ مه‌ترسیه‌كی هه‌یه بۆ پاشه‌ڕۆژی ئه‌م هه‌رێمه؟
د.رێبوار فه‌تاح: به سه‌ربازیكردنی سیتمی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان دیارده‌یه‌كی نوێ نیه، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵكی چاویكراوهتهوه و دهركیپێكردوه، سیستمی حیزبی كوردستان هه‌ر له دامه‌زراندنه‌وه تا ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی سه‌ربازی بوه، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌مڕۆ له چیاكانه‌وه دابه‌زیوه، كه بهلانیكهمهوه له ١٩٦١ه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه؛ ئه‌مه ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی چه‌كداری پێشتریش فه‌رامۆش بكه‌ین، نه‌هامه‌تیه‌كه له‌وه‌دایه، هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی به شاخه‌وه بون ئه‌مڕۆ حوكمڕانن.
دیاره خه‌باتی شاخ و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتێكی سڤیل دو كاری زۆر جودان، راسته‌كه‌ی چالاكهوانهكانی شاخ ده‌بوایه به‌شداری ژیانی سڤیلی شاریان نه‌كردایه، پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان له دوای راپه‌ڕینه‌وه ده‌بوایه رێ‌یان بۆ خه‌ڵكی سڤیل خۆشبكردایه.
ئه‌م ئه‌قڵیه‌تی شاخه هه‌مو دیارده‌یه‌ك به چه‌ك و زه‌بروزه‌نگ چاره‌سه‌رده‌كات؛ رێی تر نازانێ. گه‌واهی ئه‌م گفته‌ی من له پێكهاته‌ی كوردستانی ئه‌مڕۆدا دیاره، ده‌سه‌ڵاتی كوردی زۆر به قورسی كۆمه‌ڵی كوردستانی له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كی خێڵه‌كی چه‌كدار كردوه، ده‌زگا و گروپی چه‌كدار و سیخوڕی له هه‌مو لایه‌نێكی تری ژیان زۆرتر ده‌رامه‌تیان پێداراوه؛ خۆ ره‌نگه له هه‌مو لایه‌نێكی تری ژیان ده‌رامه‌تی كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌كارهێنرابێ، ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه كه له نێوه‌ندی بنه‌ماڵه‌وه نزیكن به‌رپرسێتی له‌م ده‌زگا و گردبونهوانهدا وه‌رده‌گرن. بنه‌ماڵه‌كان هێنده چه‌كدار و ده‌زگای سیخوڕی لا گرنگه، سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی خۆیان كردوه به سه‌رباز و وه‌ك قارچك نیشانه‌ی پله‌ی سه‌ربازیان له‌سه‌ر شانی منداڵه‌كانیان كه له بیسته‌كانی ژیاندان ههڵتۆقاندوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه هیچ ئه‌زمونێكی سه‌ربازیان هه‌بێ یان له زانكۆ سه‌ربازیه‌كان ده‌رچوبن، دیاره ئه‌مه‌ش لاسایكردنه‌وه‌یه‌كی كتومتی رژێمه داخراوه‌كانی ناوچه‌كه‌یه.
ئه‌م ئه‌قڵیه‌ته خوێندنه‌وه‌یه‌كی تریشی هه‌یه، ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێ بۆ هه‌مو دیاره‌ده‌یه‌كی كۆمه‌ڵ رێچاره‌یه‌كی ئاسایشئامێز بدۆزێته‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌سه‌ربازیكردنی كۆمه‌ڵه، ناشكرێ هه‌مو كه‌سێك چه‌كدار بكرێ، چونكه ئه‌و چه‌كانه ره‌نگه له دژی خودی ده‌سه‌ڵات به‌كاربهێنرێن، جا بۆیه پشتدهبهست به پێكهاته‌ی خێڵ، چونكه هه‌ر هیچ نه‌بێ ده‌زانن كه ئه‌ندامانی خێڵ دڵسۆز ده‌بن، جا ئه‌م خێڵه مه‌رج نیه ئه‌و خێڵێكی ته‌قلیدی بێ، به‌ڵام له پێكهاته‌یه‌كی خێڵه‌كیدا كۆبونه‌ته‌وه و به‌ها و نه‌ریته‌كانی خێڵیان له‌خۆگرتوه، كێشه‌كه لێره‌دا ته‌واو نابێ، چونكه ئه‌م بهسهربازیكردنهی سیستمی حوكمكردن، پێویستی به ده‌رامه‌تێكی زۆره بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌روه‌ك چۆن پێویستی به ئه‌ندامانی خێزانی سه‌رۆكه، جا ئالێره‌وه گه‌نده‌ڵێ مالی و خزمێنه یان ناپۆتیزم سه‌رهه‌ڵده‌دات، چونكه ده‌سه‌ڵات ناتوانێ و نایه‌وێ خه‌رجی ئه‌م مه‌كینه سه‌ربازیه گرانبه‌هایه بخاته‌ڕو، هه‌روه‌ك ناتوانێ ده‌ستبه‌رداری نزیكترین كه‌سه‌كانی خۆی بێ كه ئه‌ندامانی خێزانی سه‌رۆكن، بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌ی خۆی پێویسته كۆمه‌ڵ هه‌مو گه‌نده‌ڵ بكات، كه لێره‌دا ده‌رفه‌تی باسكردنی نیه. هه‌ڵبه‌ت هێنده ده‌ڵێم كه شاعیر و نوسه‌ریش به پوڵ ده‌كڕن هه‌روه‌ك هه‌مو خزم و كه‌سه‌كاری خۆیان كه رۆژێك به‌شداری ژیانی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بون هێنراونه‌ته ناوجه‌رگه‌ی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، ئێستا هه‌ندێكیشیان له‌خۆیان گۆڕاون، خۆیان به رۆشنبیر ده‌زانن، به‌مجۆره هیچ بوارێكی ژیان نامێنێ كه گه‌نده‌ڵ نه‌كرێ.
سبه‌ی: دوای ئه‌و روداوانه‌ی چه‌ند مانگی رابردو، ده‌سه‌ڵات له‌ئێستادا خۆی به‌براوه ده‌زانێت پێیوایه ئه‌وه‌ی رویدا هه‌ڵچونێك بو، ئه‌وه تاچه‌ند مه‌نتقێكی دروسته؟
د.رێبوار فه‌تاح: ده‌سه‌ڵات دۆڕواێكی مایه‌پوچه، هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پێگه به‌نده، كه پێویستن بۆ مانه‌وه و گه‌شه‌كردنی، خۆ گه‌ر یه‌كێك له‌م پێگانه رما، ئه‌وا پێویسته ده‌سه‌ڵات گۆڕانكاری له خۆیدا ده‌كات، بۆ نمونه له به‌ریتانیادا، گه‌ر حیزبی حوكمڕان له هه‌ڵبژاردندا دۆڕاندی، ئه‌وا سه‌رۆكی حیزبه‌كه، كه سه‌رۆك وه‌زیرانه، ده‌ست له سه‌رۆكایه‌تی حیزب ده‌كێشێته‌وه، یان گه‌ر حیزبێك له هه‌ڵبژاردندا دۆڕاندی، سه‌رۆكه‌كه‌ی دهستدهكێشێتهوه، چونكه به‌پێی مۆڕاڵ و نه‌ریته‌كان سه‌رۆك به‌رپرسه له چۆنێتی كار و سه‌ركه‌وتن و ژێركه‌وتنی حیزبه‌كه‌ی، گه‌ر وه‌زیرێك یان كارمه‌ندێكی باڵای ده‌سه‌ڵات لاریه‌كی لێبینرێ لێیده‌پرسرێته‌وه و كاره‌كه‌ی له‌ده‌ستده‌دات، به‌ڵام له كوردستاندا به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه.
ده‌سه‌ڵات ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی پێگه‌كانی له‌ده‌ستداوه و ئێستا به زۆر و به زوڵمكردن حوكم ده‌كات، با نمونه بهێنمه‌وه، كه ئه‌م حیزبانه له شاخ بون و زۆربه‌ی خه‌ڵك به سۆز خۆیان به به‌شێك له‌و حیزبانه ده‌زانی؛ حیزبه‌كان و سهركردهكانیا شكۆیه‌كیان لای خه‌ڵكی هه‌بو، حیزبه‌كان پێگه‌ی مۆڕالی و شكۆیان له‌ده‌ستداوه، سه‌رباری ئه‌مه، هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی هێز و شه‌رعیه‌ت له خه‌ڵكه‌وه وه‌رده‌گرێ، ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان بنكه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی له‌ده‌ست داوه، گه‌ر له قه‌یرانێك بێته‌ده‌ره‌وه، ئه‌وا خۆی به سه‌ركه‌وتو له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا.
سه‌دام حسێن له‌دوای جه‌نگی كه‌نداوی ١٩٩١ كه هاوپه‌یمانان په‌یمانێكی سه‌ختی جهنگڕاگرتنیان به‌سه‌ردا سه‌پاند، ده‌یگێڕنه‌وه ده‌ڵێن سه‌دام هاواریكردوه: سه‌ركه‌وتین، سه‌ركه‌وتین، گه‌ر سه‌ركه‌وتن ئه‌مه بێ، ئه‌وا به‌ڵێ راسته ده‌سه‌ڵاتی كوردستانیش سه‌ركه‌وتوه، دۆڕاوی سه‌ره‌كیش له‌م كێشه‌یه‌دا یه‌كێتی بو، كه ده‌رفه‌تێكی زێڕینی بۆ ههڵكهتبو له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان ئاشتبێته‌وه و لایه‌نی خه‌ڵك بگرێ، به‌ڵام لایه‌نی پارتی گرت، به‌مه‌ش خۆی زۆرتر روتكرده‌وه له پێگه‌ی له‌ناو خه‌ڵكدا.
سبه‌ی: دوای چه‌نج كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات، دواجار ئۆپۆزسیۆن كۆبونه‌وه‌كانی هه‌ڵپه‌سارد، به‌بیانوی سزای سیاسی و راوه‌دونانی چالاكوانان و رۆژنامه‌نوسان، به‌ڕای تۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئۆپۆزسیۆن تاچه‌ند له‌جێی خۆیدایه‌تی؟
د.رێبوار فه‌تاح: ئۆپۆزسیۆن كارێكی باشی كرد كه به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی بو، به‌ڵام دیاره له‌وه نه‌ده‌چو كه رۆژهڤێك هه‌بێ بۆ كۆبونه‌وه‌كان، كه ده‌بوایه ئامانجیان چاره‌سه‌ركرن و رێچاره دۆزینه‌وه بونایه بۆ كۆمه‌ڵێك كێشه، ده‌نا كۆبونه‌وه‌كان كه‌ڵكیان چیه؟ ئه‌مانیش زۆرتر به كۆبونه‌وه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ده‌چون، كه هه‌واڵه‌كان ته‌نیا ئه‌وه ده‌دركێنن كه بارهودۆخهكه تاوتوێ كرا و ئه‌نجامه‌كانی پۆزه‌تیڤ بو؛ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بزانێ كه بۆچی كۆبونه‌ته‌وه و رۆژه‌ڤیان چی بوه؟ كۆبونهوكان ده‌بوایه رۆژه‌ڤێكی رونیان هه‌بوایه و له‌هه‌ر كۆبونه‌وه‌یه‌كدا رێچاره بۆ كۆمه‌ڵێك كێشه دابنرایه، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان رێنومای بكرانایه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێچارهیهی كه دانراوه، سه‌رباری ئه‌مه‌ش ده‌بوایه ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وام خه‌ڵكی ئاگاداربكردایهوه له‌سه‌ر هه‌مو لایه‌نه‌كانی كۆبونه‌وه‌كان، دیاره ئه‌مانه هیچی نه‌كرا و ئۆپۆزسیۆن كه‌وته داوی كات به‌فیڕۆدانی ده‌سه‌ڵاته‌وه. له‌لایه‌كی تره‌وه، نه‌ده‌بوایه لهكۆبونهوهیهكهوه بچنه یه‌كێكی تره‌وه، له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵات هیچ هه‌نگاوێكی چاره‌سه‌ری نه‌ناوه و به‌پێچه‌وانه‌وه له داپڵۆسینی هه‌ڵسوڕاوه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كاندا به‌رده‌وم بو، ئۆپۆزسیۆن هه‌نگاو به‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك خوێندا ده‌نێ و به‌شدار ده‌بێ له كۆبونه‌وه‌ی چاكسازیدا، ئه‌مه ئه‌سته‌مه، ئۆپۆزسیۆن پێویست بو كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رجی هه‌بوایه به‌ر له به‌شداربون له كۆبونه‌وه‌كان، وه‌ك راگرتنی كامپه‌ینی تۆقاندن، ئۆپۆزسیۆن زیانی زۆر به‌خۆی گه‌یاند. هه‌رچه‌ند دره‌نگ بو، به‌ڵام هه‌ر باشیكرد گه‌ڕایه دواوه، هه‌رچۆنێك بێ دره‌نگ له هه‌رگیز باشتره.
سبه‌ی: پرسی چاكسازی له هه‌رێمی كوردستان چۆن لێك ده‌ده‌یته‌وه؟ له‌ئێستادا تاچه‌ند هه‌ست به‌بونی چاكسازی ده‌كرێت؟ چاكسازی له‌به‌رژه‌وه‌ندی كێدایه؟ ئه‌ی نه‌كردنی له‌به‌رژه‌وه‌ندی كێدایه؟
د.رێبوار فه‌تاح: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له‌وه بێ كه ده‌سه‌ڵات چاكسازی بكات، ئه‌وه ئه‌سته‌مه، ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه سیاسیه‌ی ئه‌مڕۆ چاكسازی بۆ ناكرێ و پێویسته دوربخرێته‌وه، كه ره‌نگه كارێكی ئاسان نه‌بێ، هه‌ڵبه‌ت وه‌ك هه‌مو كارێكی تر لادانی سه‌ركردایه‌تی ئێستای حیزبه‌كان پێویستی به پلانداڕشتنه.
دورخستنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی ئه‌مڕۆ له به‌رژه‌وه‌ندی گشت لایه‌كه، له‌پێش هه‌موشیانه‌وه، بنكه‌ی فراوانی حیزبه‌كان خۆیان، چونكه ئه‌مان، به پله‌ی یه‌كه‌م، باجی لاری سهركردیهتیهكهیان داوه و ده‌یده‌ن، ته‌نیا رێیه‌ك بۆ پێبه‌خشینه‌وه‌ی باوه‌ڕی كۆمه‌ڵ به دو حیزبه‌كه ئه‌وه‌یه كه بنكه‌كانیان لێیان یاخی بن و دوریان بخه‌نه‌وه، ئه‌مه ره‌نگه به كارێكی ئاسته‌م ببینرێ، به‌ڵام گه‌ر به جۆرێكی تر بیری لێبكه‌یته‌وه هێنده گران نیه، ده‌كرێ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به یاخیبونی بنكه فراوانی یه‌كێتی ببینرێ بۆ لادانی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی، كه هێجگار كاریگه‌ر بوه. خۆ ره‌نگه ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ١٠ سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی له چه‌ند رۆژی رابردودا به‌شێك بێ له‌مه، له ناوچه‌ی پارتیشدا جوڵه‌جوڵ هه‌یه، بۆ نمونه دابه‌زینی لیستێكی سه‌ربه‌خۆ، به پێشڕه‌وی دكتۆر عبدولمسهر بارزانی، له هه‌ڵبژاردنی پێشودا و دابه‌زینی شێخ عه‌بدولسه‌لام به‌رزانی، وه‌ك سه‌ربه‌خۆ بۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی بارزان و سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر لیستی پارتیدا، جێێ هیوان، سه‌رباری ئه‌وه كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ی تر له ناوچه‌ی بادینان ئاواره‌ن له‌ده‌ست حكومی پارتی، وه‌ك كاك ئه‌یوب بارزانی، كه به‌رده‌وام دژی سته‌مكاری پارتی و یه‌كێتی ده‌نوسێ، هیوابه‌خشه، سه‌ركردایه‌تیه‌ك كه له بنكهكهی روتبكرێتهوه، مانای ئه‌وه‌یه كه باوه‌ڕی حیزبی لێسه‌ندراوه‌ته‌وه، بۆ به‌هێزكردنی ئۆپۆزسیۆن بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنی ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی پێویسته هاوئاهه‌نگی بن، خۆدهكرێ له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ده‌ست به‌م هاوئاهه‌نگیه بكرێ.
ئۆپۆزسیۆنیش پێویسته به‌رده‌وام بێ له پڕۆژه‌ی چاكسازیهكهیدا، كه لادانی سه‌ركردایه‌تی هه‌ردو حیزبه ده‌سه‌ڵاته‌كه به‌شێكێتی.
پڕۆفایل:
د. رێبار فه‌تاح، ساڵی 1957 له باشوری كوردستان له‌دایكبوه.
له‌ساڵی 1982وه له له‌نده‌ن نیشته‌جێیه.
ماسته‌ر و دكتۆرای له زانكۆی له‌نده‌ن له فیزیادا وه‌رگرتوه.
وه‌ك پسپۆڕی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ چه‌ند رێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تیدا كارده‌كات.
راوێژكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی به‌لجیكایه له‌سه‌ر كورد. به‌رپرسی ماڵپه‌ڕی كوردیش میدیایشه، ئه‌م ماڵپه‌ڕه به زمانی ئینگلیزی وتار و ده‌نگوباس و لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر كورد بڵاوده‌كاته‌وه.
Sbeiy
|