بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئازاد چالاك، هه‌ڵسووڕاوی حزبی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان … دیمانه‌: فه‌ره‌یدون بێوار

ئازاد چالاك، ئه‌ندامی شاندنی ئیتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر لیستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هاوكات سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌، له‌م دیداره‌دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر دانووسانه‌كانی شاندی كوردی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و راشیده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و داخوازییانه‌ی كورد جێبه‌جێ نه‌كران، ده‌بێ كورد له‌حكومه‌تدا به‌شدار نه‌بێت و ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن. ئاشكراشی ده‌كات كه‌ ئۆپۆزسیۆن بوونی كورد له‌ حكومه‌تی داهاتووی عێراقدا، داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد ناهێنێته‌دی.

فه‌ره‌یدون بێوار: له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌به‌غدا بوون، له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نی عێراقی گفتوگۆتان كرد؟

چالاك: دووجار له‌گه‌ڵ ئه‌لعێراقییه‌و، جارێك له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاساو، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ لیسته‌كه‌ی جه‌واد بۆڵانی و ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، گفتوگۆمان كرد.

فه‌ره‌یدون بێوار: به‌ره‌نجامی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ چیبوون، ئایا گه‌یشتوونه‌ته‌ رێكه‌وتن؟

چالاك: نه‌خێر، تائێستا نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ هیچ رێكه‌وتنێك كه‌واژوو كرابێت. ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی كه‌كراوون كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی بوون، باس له‌كێشه‌و شێوه‌ی حكومڕانی عێراق و پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوورو كێشه‌ و پێوه‌ندییه‌كانی دووقۆڵی كراوه‌. تاكێشه‌ی كاندیدكردنی كه‌سێكی دیاریكراو بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه‌، پێم وایه‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر بابه‌ته‌ جه‌وهه‌رییه‌كان به‌زه‌ره‌ر ده‌شكێته‌وه‌ بۆ شاندنی كوردی.

فه‌ره‌یدون بێوار: وه‌كو تێبینیتان كردبێت دیدو هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌كان چۆن بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ماف و داخوازییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد؟

چالاك: وه‌كو وتم له‌و كۆبووونه‌وانه‌دا هه‌موو شتێك باس نه‌كراوه‌، ته‌نیا ئه‌و بابه‌تانه‌ باسكراوون كه‌به‌لای ئێمه‌و ئه‌وانیشه‌وه‌ گرنگن، به‌ڵام نه‌گه‌ییشتووه‌ته‌ حاڵه‌تی بنبڕو واژوو بكرێت.

هه‌موو لایه‌نه‌كان دانیان به‌وه‌داناوه‌ كه‌ده‌ستوور مه‌رجه‌عه‌و، پابه‌ندن به‌ده‌ستووره‌وه‌. لیستی ئه‌لعێراقییه‌ پێی وایه‌ كه‌كێشه‌كانی كورد زیاتر به‌لیستی ئه‌لعێراقییه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جێناكۆكه‌كان هاوسنوورو هاوبه‌شن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان، هه‌ر ئه‌وانیش زۆ و رینه‌ی كورسییه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌یان هێناوه‌. هه‌روه‌ها لایه‌نی شیعه‌ش پێی وایه‌ كه‌ئه‌وان نزیكن له‌كورده‌وه‌، هه‌م له‌رابردوو هه‌م له‌رووی مه‌زڵومییه‌تیشه‌وه‌. حه‌سه‌ن سنێد، یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌وان له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه‌ئه‌وان ئاماده‌ن به‌نووسراوی واژوو كراو به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 بده‌نه‌ كورد.

فه‌ره‌یدون بێوار: به‌ڵام چه‌ند ئه‌ندامێكی لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا داخوازییه‌كانی كورد به‌نه‌گونجاو ده‌زانن و ئاماده‌ نین وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن مادده‌یه‌كی به‌سه‌رچووی وه‌كو مادده‌ی 140 جێبه‌جێ بكه‌ن، كه‌واته‌ له‌ناو ئه‌واندا به‌رامبه‌ر به‌داخوازییه‌ نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانییه‌كانی كورد، راجیاوازی هه‌یه‌؟

چالاك: له‌ناو ئیتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانیشدا به‌رامبه‌ر به‌لیسته‌ عێراقییه‌كان راجیاوازی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ سروشتیسیه‌. ئه‌وه‌ی من بۆم باسكردی رای فه‌رمی لیسته‌كه‌یه‌ نه‌ك رای شه‌خسی.

فه‌ره‌یدون بێوار: كام لیست له‌كورده‌وه‌ نزیكتره‌، یاخود پێتان باشه‌ كورد له‌گه‌ڵ كام لایه‌ندا هاوپه‌یمانی بكات؟

چالاك: ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ نابێ لیستێك به‌دۆست بزانین و لیستێك به‌دوژمن، نامانه‌وێ ده‌رگه‌ی دیالۆگ به‌رووی هیچ لیستێكدا دابخه‌ین، به‌پێچه‌انه‌وه‌، ده‌مانه‌وێ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ئێمه‌وه‌ نزیكبن. بڕواشمان وایه‌ كێشه‌ی كورد به‌لایه‌نێك یان دوولایه‌ن چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌روونی باسی دۆزی خۆمانیان بۆبكه‌ین و هه‌موومان بگه‌ینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئاشته‌واییه‌ له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراقدا.

فه‌ره‌یدون بێوار: ئه‌گه‌ر هاتوو لیستی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت، دانی به‌ماف و داخوازییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنی كورددا نه‌نا، ئایا ئێوه‌ وه‌كو ئیتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان بیرتان له‌ ئۆپۆزسیۆن بوون كردووه‌ته‌وه‌؟

چالاك: له‌هه‌ولێر، به‌رله‌وه‌ی سه‌فه‌ری به‌غدا بكه‌ین ئه‌و پرسیاره‌م له‌ شاندنی كوردی ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وكات و ئێستاش وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌م ده‌ست نه‌كه‌وت. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌یان دانه‌نابێت كه‌رێكنه‌كه‌وون، به‌ڵام له‌به‌رنامه‌ی شانده‌كه‌دا (ئاستی كه‌می و ئاستی زۆری) دانراوه‌، ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و داخوازییانه‌ی كورد جێبه‌جێ نه‌كران، من پێم وایه‌ ده‌بێ كورد له‌حكومه‌تدا به‌شدار نه‌بێت و ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن و نابێ به‌هه‌موو شتێك رازی بێت. نابێ واش نیشان بدات هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات ئه‌گه‌ر هه‌موو داخوازییه‌كانی جێبه‌جێ نه‌بوون ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن. ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌به‌رچاو بێت كه‌بوون به‌ئۆپۆزسیۆن كارێكی باش نیییه‌و نامانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجام و داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد ناهێنێته‌دی. بۆیه‌ ده‌بێ هه‌وڵبده‌ین دۆستی زیاتر له‌ناو شیعه‌و سونه‌ بۆخۆمان په‌یدا بكه‌ین.

فه‌ره‌یدون بێوار: كورد له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی (ئه‌یاد عه‌لاوی و نووری مالیكی و ئیبراهیم جه‌عفه‌ری) ئه‌زموونی تاڵی هه‌یه‌، گره‌نتی چییه‌ كه‌هه‌مان سیناریۆ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌؟

چالاك: گرنگترین گره‌نتی ئێمه‌، ده‌ستووره‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌رده‌وام جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ده‌ستوور مه‌رجه‌عی هه‌موومانه‌. به‌ڵام كه‌دێته‌ سه‌ر جێبه‌جێكردن ئه‌وكات ئێمه‌ داوای گره‌نتی ده‌كه‌ین له‌لایه‌نه‌كانی تر. راسته‌ پێشتریش مادده‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام كه‌مته‌رخه‌می هه‌بووه‌ له‌جێبه‌جێكردنی. هه‌وڵی ئێمه‌ چۆنییه‌تی ئه‌و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و گره‌نتییه‌یه‌ كه‌ئه‌مجاره‌ وه‌كو پێشوو نه‌بێت و مادده‌ ده‌ستوورییه‌كان جێبه‌جێ بكرێن و چیتر دوانه‌كه‌وێت. هه‌رچه‌نده‌ ئاسانیش نییه‌ بتوانین قه‌ناعه‌ت به‌لایه‌نه‌كانی تریش بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌و ده‌بێ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌رده‌وام بین له‌ گفتوگۆو دیالۆگ كردن، چونكه‌ هیچ رێگه‌یه‌كی تر نییه‌ بۆپێكه‌وه‌ ژیان، جگه‌ له‌دیالۆگ.

فه‌ره‌یدون بێوار: ئایا ئێوه‌، سه‌رۆكی لیسته‌كان، واته‌ ئه‌یاد عه‌لاوی و نوری مالیكیتان دیوه‌؟

چالاك: نه‌خێر.

فه‌ره‌یدون بێوار: به‌حزب بوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌كوێ گه‌یشتووه‌؟

چالاك: مۆڵه‌ته‌كه‌ به‌ناوی "حزبی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان" وه‌رگیراوه‌.

فه‌ره‌یدون بێوار: له‌ستافی دامه‌زرێنه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ناوی كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ی دیاری بزووتنه‌وه‌كه‌ نه‌هاتووه‌، ئه‌وه‌ هۆی چییه‌؟

چالاك: ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ قسه‌ی زۆر له‌سه‌ر كرا. ئه‌وه‌ به‌په‌له‌ كرا، پێشم وابێ شه‌و بوو، ته‌نیا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی یاسایی بوو، بۆئه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كه‌ی پێوه‌ربگیرێت، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌سلێمانی بوون هاتن واژووویان كرد، مه‌رج نییه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ناویان هاتووه‌ دامه‌زرێنه‌ربن، ئه‌وانه‌شی كه‌به‌شدار نه‌بوونه‌ یان له‌وێ نه‌بوونه‌، ئه‌وانه‌ دامه‌زرێنه‌ر نه‌بن. كه‌واته‌ ته‌نیا كۆكردنه‌وه‌ی ناوبوو، هیچ پێوه‌ندی به‌ئه‌وه‌لیات و مه‌سئولیاتی ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ نییه‌.

فه‌ره‌یدون بێوار: كه‌ی كۆنگره‌ ده‌به‌ستن؟

چالاك: هیچم نه‌بیستووه‌ و جارێ هیچ شتێك له‌و باره‌یه‌وه‌ باس نه‌كراوه‌. جارێ بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ناو شاره‌كاندا خه‌ریكی رێخستنی خۆیه‌تی، پێم وایه‌ دووای ئه‌وه‌ بیر له‌به‌ستنی كۆنگره‌ش ده‌كرێته‌وه‌.

فه‌ره‌یدون بێوار: جه‌نابت وه‌كو رۆژنامه‌نووسێك كۆنگره‌ی یه‌كێتی و به‌ره‌نجامه‌كه‌ی چۆن ده‌خوێنیته‌وه‌؟

چالاك: ئێمه‌ وه‌كو گۆڕان و رۆژنامه‌، وێرای ئه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌و نهێنییه‌كانی كۆنگره‌ ده‌زانین، كه‌مترین قسه‌مان له‌باره‌ی كۆنگره‌ی یه‌كێتییه‌وه‌ كردووه‌. یه‌كێتی حزبێكه‌ كۆنگره‌ی خۆی ده‌به‌ستێ و شتێكی ئاساییه‌. بۆیه‌ پێم وایه‌ ته‌داخول كردنی گۆڕان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ شتێكی باش نییه‌. گۆڕان و رۆژنامه‌ش كارێكی باشیان كرد كه‌ته‌داخولی ئه‌و مه‌سه‌له‌یان نه‌كرد. ئێمه‌ پێمان خۆش نییه‌ ته‌داخول له‌كاروباره‌كانی ئه‌واندا بكه‌ین و هه‌میشه‌ هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازین.

تێبینی:

ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ ژماره‌ (15) ی گۆڤاری (راڤه‌) دا بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

[email protected]

Şîroveyeke nû binivisêne

The content of this field is kept private and will not be shown publicly.

Plain text

CAPTCHA This question is for testing whether or not you are a human visitor and to prevent automated spam submissions.