Direkt zum Inhalt

هه‌ڤپه‌یڤینێک له‌ گه‌ڵ ئه‌میری حه‌سه‌نپوور، 11 سێپتامبری 1992



هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ئەمیری حەسەنپوور

ئەم هەڤپەیڤینەی بەڕۆژ ئاکرەیی و حەسەنی قازی لە گەڵ دوکتور ئەمیری حەسەنپوور، ڕۆژی جومعە ١١ی سێپتامبری ١٩٩٢ لەخانووی " کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوێد" – فێدراسیۆن کراوە و لە سەر شریت وەرگیراوە. کاک بەڕۆژ مەبەستی بوو ئەم هەڤپەیڤینە لە گۆڤاری بەربانگ دا بڵاو بکاتەوە، بەڵام لە بەر ئەوەی پیادەکردنی شریتەکە تا مانگی مارسی ١٩٩٣ی کێشا و هەر وەها نەگۆنجانی خۆی لە گەڵ " بەربانگ" ، ئەم کارە بە بڵاو نەکراوەیی مایەوە. (یادداشتی حەسەنی قازی – ژانڤییەی ١٩٩٧)
لێرە دا گشت هەڤپەیڤینەکە بەو جۆرەی کە کاک بەڕۆژ ئاکرەیی نووسیویەتەوە، بێ هیچ ئاڵوگۆڕێک نیزیکەی ٢٠ ساڵ دواتر بڵاو دەکەینەوە.

بەڕۆژ : کاکە ئەمیر، بەر لە هەموو شتێک بە خێرهاتنتان دەکەین و سوپاس بۆ ئەوەی دەرفەتت داین لە گەڵتان دانیشین و ئەم چاوپێکەوتنە ساز کەین. دەکرێ خۆتان بە خوێنەران بناسێنیت؟

ئەمیر: لە پێشدا منیش سوپاستان دەکەم. لە بارەی خۆمەوە دەبێ بڵێم خەڵکی شاری " مەهاباد"م. لە ساڵی ١٩٤٣ لە دایک بووم و دوای تەواو کردنی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی چوومەتە تاران و لە تاران زمان و ئەدەبی ئینگلیزیم خوێندووە لە گەڵ بەشی "زمانناسی" [ ] دوایەش لە ئەمریکا [ ]م چیدی؟

بەڕۆژ: چۆن بوو ئەو بەشەتان بۆ خوێندن هەڵبژارد؟

ئەمیر: وەڵلا هۆیەکەی ئەوە بوو، من زۆر زوو ، واتە لە تەمەنی پازدە ساڵیدا هەستی نەتەوایەتی لە دەوونمدا سەری هەڵدا. دواتر حەزم دەکرد بزانم باری گشتی زمانەکەم چۆنە و بۆچی قەدەغە کراوە؟ هەر لەو تەمەنەش دا دەستم کرد بە کۆ کردنەوەی پەندی پێشینان. بەڵام ئەو زوڵمەی دەمدی لە ئاست زمانەکەم بە کار دێ پاڵی پێوەنام تاکوو لە بنج و بناوانی بکۆڵمەوە.

بەڕۆژ: بەڵێ. دیارە منیش مەبەستم ئەوە بوو کە بزانم دەتانەویست دواتر بێنەوە سەر زمانی کوردی یان مەبەستێکی گشتیتان هەبوو؟

ئەمیر: زۆرتر هەر ئەوە بوو کە گوتم حەزم دەکرد باری گشتی زمانەکەم بزانم و هەستێکی توند و تیژی کوردایەتیش کە لە مندا سەری هەڵدا بوو، هانی دەدام.

بەڕۆژ: ئەو کات لە تاران گیر و گرفتتان بۆ نەدەهاتە دی؟

ئەمیر: بەرێ وەڵا! گیر و گرفت یەکجار زۆر بوو. لە بەشی زمانناسی زانکۆی تاران دا دەرس خوێندن کارێکی هاسان نەبوو، چونکە هەندێک مامۆستامان هەبوون کە بە ڕاستی شۆڤێنیستی فارس بوون و کوردییان هەر بە زمان نەدەزانی. بە هەر حاڵ دەورەی لیسانسم لە زمانی ئینگلیزیدا و ماجسترم لە زمانناسی گشتیدا تەواو کرد و دوایەش دەورەی دوکتورام دەست پێکرد. بەڵام بەر لەوەی تێزی دوکتوەا بنووسم چوومە ئەمریکا.

بەڕۆژ: لە چ ساڵێک چوویتە ئەمریکا و لە کوێ گیرسایتەوە؟ و چۆنت دەست بە دەرسەکان کرد؟

ئەمیر: لە ساڵی ١٩٧٢ لە زانستگای [ ئیلێنۆی ] لەشارێکە پێی دەڵێن [ئوربانا – شەمپەین ]. لەوێش هەر بەرنامەی دوکتورام درێژە پێدا، بەڵام نەک لە [ ] ، لە [ ]. ئەگەرچی بەشێکی زۆری دەرسەکانم هەر زمانناسی بوو، شتێکی کە پێی دەڵێن زمانناسیی کۆمەڵایەتی واتە لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی زمان لە باری کۆمەڵایەتییەوە.

بەڕۆژ: کە لە ئەمریکا دەستتان بە خوێندن کرد هەستتان بە چ جیاوازییەک لە گەڵ خوێندنی تاران کرد؟

ئەمیر: لە بارەی ئاکادێمیکەوە، جیاوازییەکەی ئەوە بوو کە ئازادیی لێکۆڵینەوە بە هەموو زمانێک هەبوو کە بە چەشنێ دەگەڕانەوە سەر زمانی کوردی. کتێبخانەکانیش دەوڵەمەندتر بوون و کتێبی کوردی وای تێدا بوو کە بەر
لەو هەرگیز نەمدیبوون.

حەسەنی قازی: لێرە پرسیارێکم بۆ دێتە پێش. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دوای وەرگرتنی فەوقی لیسانس
چوون بۆ ئەمریکا و بەرلەویش دیارە بە هۆی خوێندنەوەی کتێب بە زمانی ئینگلیسی ئاگاداریتان لە سەر زمانناسی تازەی ئەمریکا هەبوو. ئایا ئەو پرسیارەتان بۆ هاتە پێش کە ڕێبازی زمانناسی تازەی ئەمریکا تاچ ڕادەیەک مرۆڤ دەتوانێ لە هەڵسەنگاندنی زمانی کوردی دا کەلکی لێ وەرگرێ؟
( هەڵبەت لەو سەر و بەندە دا، نەک دواتر)

ئەمیر: مەبەست...؟

حەسەن: بۆ نموونە ئەگەر لە گەڵ قوتابخانەی زمانناسی (چێک) و ئەوانیتر هەڵیسەنگێنین؟

ئەمیر: من هەندێک کتێبم لە سەر ئەو باسە خووێندبوونەوە و کورتە ئاگاییەکم لە سەر هەبوو. بەڵام کە چوومە وێ زۆر خەیکی ئەوە نەبووم، گەرچی دەرس و شتی وا هەبوو، بەڵام زۆرتر پێم خۆش بوو، بۆ نموونە لە فەن و زانستی نووسینی فەرهەنگ، بەرنامە دانان بۆ زمان و لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی زمان بکۆڵمەوە و وەختیان بۆ تەرخان بکەم. کەچی بەم دواییە چەند کەسێک کە دوکتورایان لە سەر زمانی کوردی وەرگرتووە هاتوون گڕامەری کوردییان لە سەر بناخەی قوتابخانەی ئەمریکی ( چامسکی و دوای چامسکی) لێک داوەتەوە. ئەو لێکۆڵینەوانەش زۆرتر دەگەڕێنەوە سەر ئەوەی کە بۆ نموونە: ساختی زمانی کوردی چییە؟ ( ستراکتور) یان لێکدانەوە لە سەر ڕستە و فێعلی کوردی و ... کە هەر قوتابخانەیەک بە جۆرێک لێکی دەداتەوە. کەچی من زیاتر بۆ لای ئەوە دەچووم کە بزانم زمانی کوردی چەندە ستاندارد بووە؟ هەوڵ و کۆششی هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ وەی خەتی کوردی وا لێ بکەن کە بۆ نووسین لە بارتر و چاکتر بێ چۆن بووە و چی بووە؟ نەمدەویست بۆ نموونە بزانم ستراکتوری زمانی کوردی چۆنە؟ نەک لە بەر ئەوەی شتێکی باش و پێویست نەبێ، نەخێر! من لایەنە سیاسی و
کۆمەڵایەتییەکەم بەلاوە گرینگ بوو.

حەسەن: بەڵام وەک پسپۆڕێک و بە پێوانەی تیۆری ئەمڕۆی زمانناسانە، دیارە ئەتۆش هەست بەو کەمایەسییە دەکەی کە لە سەر مەسەلەی ستراکتوری زمانی کوردی کەم کار کراوە!

ئەمیر: بەڵێ، وایە. کەم کار کراوە. ئەوەی کە کراوە زۆرتر لە سەر بناغەی ڕێزمانی سوننەتی بووە. ئەوەی ناڵێم کە لەو ساڵانەی ڕابردوو دا چەند برادەرێکی کوردی عێڕاقی کە لە دەرەوە خوێندوویانە، هەندێکیان لە ....

حەسەن: مەبەستتان هی خوارووی کوردستانە ؟

ئەمیر: (پێکەنین) بەڵێ، کوردی خوارووی کوردستان! یان کابرایەکی ئەمریکی هەیە بە پێی تیۆری تازەی زمانناسییەوە، زمانی کوردی لێک داوەتەوە. بەڵام هەر وەکوو گوتم من زۆرتر پێم خۆش بوو بزانم سەرکوت کردنی زمانی کوردی لەو دەوڵەتانە دا چۆن بووە؟ بە چ شێوەیەک بووە؟

بەڕۆژ: مەبەستتان لایە سیاسییەکەیە؟

ئەمیر: بەڵێ. لایەنی سیاسی کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە: بۆچی ئەحمەدی خانی ئەو هەموو هەوڵەی دا زمانی کوردی بکاتە زمانی فارسی. دەیویست کوردی وەک عەڕەبی و فارسی لێ بێ. ئەحمەدی خانی بە تایبەتی.

حەسەن: یانی بێتە ڕادەی ئەو زمانانە؟

ئەمیر: بەڵێ بێتە ڕادەی زمانی عەڕەبی و فارسی و وەک ئەو زمانانە شتی پێ بنووسرێ. لە فەلسەفە و ئایین و شەریعەت و ئەدەبییات و لە دەزگای ئیداری و خوێندن و نووسینی حوجرەکاندا دەیویست ئەوەی بکا. زۆریشی هەوڵ دا، بۆی نەکرا. یان حاجی قادر، ئەویش بۆی نەکرا. جا منیش دەمویست هۆی ئەو نەتوانینە بزانم. دیارە سەرکوت کردنی زمانی کوردی ڕوون و ئاشکرایە. لە سەردەمی عوسمانی و سەفەوی (زەمانی خانی) دەزگای عوسمانی و سەفەوی دەسەڵاتی ئەوەیان نەبوو لە حوجرەکانی کوردستان دا بە فەقێیەکان بڵێن: ئێوە مافی ئەوەتان نییە بە کوردی بخوێنن یان بنووسن، یان شێعر بڵێن.
بەڵام دیارە دەسەڵاتی زمانی عەڕەبی بە سەر ناوچە دا زاڵ بووە. وەک دەسەڵاتی زمانی لاتین، پێش دەورەی مێژووی مۆدێڕنی ئوڕووپا،پێش دەورەی سەرمایەداری. کەم کەس دەیوێرا بە ئینگلیزی یان فەڕەنسی یان ئیتالیایی شت بنووسێ. لە سەردەمی "خانی" ش دا عەڕەبی زمانی زاڵ بوو. زمانی عەڕەبی ئیجازەی ئەوەی نەدەدا کە ئەحمەدی خانی بە کەیفی خۆی شت بنووسێ. " مەم و زین" ی کە نووسیوە، هەزار جار دەپاڕێتەوە کە: من ئەوەم نووسیوە کفرم نەکردووە. شار بەدەرم مەکەن. کوردێکی سادەم و ئەمەش حیکایەتێکی کوردەوارییە. دەبینین دەسەڵاتی زمانی عەڕەبی ئەوەندە زۆر بووە کە ئەحمەدی خانی ترساوە، لە سەرەنجامی ئەو کارەی کە کردوویەتی، ترساوە. یان " نەوبەهار"، ئەویش هەر وا. کە نووسیویەتی ترسی ئەوەی بووە کە وەک بیدعەتێک لۆمەی بکەن، یان تەشنیعی بکەن. لە شوێنێک تەنانەت دەڵێ کە تەشنیعم مەکەن، ئەم کارەی کە کردوومە کارێکی سەیر نییە. منیش حەزم دەکرد لەو بنج و بناوانە بکۆڵمەوە و ئەو هۆیانەم بۆ دەرکەوێ.

بەڕۆژ: باشە. دیارە کەسێ کە لە سەر زمان کار دەکا و لە ووڵاتی خۆی بچێتە دەرێ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە دەرەوە را سەیری شتەکان بکا. دیارە بۆچوونەکانیش کەمتا کورتێک گۆڕانیان بە سەر دا دێ. گۆڕانەکان بۆ تۆ چۆن بوون، بە تایبەت کە تەنێ لە گەڵ بەڵگە و دوکومێنتەکان سەر و کارت هەبوو؟

ئەمیر: بەڵێ. ئەوە کێشەیەکی گرینگە، کە کاتێ مرۆڤ لە ووڵات دا بێ چاکتر دەزانێ زمانەکەی لە چ حاڵ و هەوایەک دایە. بەڵام بۆ لێکۆڵینەوەکەی من تەئسیرێکی ئەوتۆی نەبوو، چونکە هێندەی پێویست بوو کە من بزانم ژیانی زمانی کوردی چۆن بوو.وەک کوردێکیش ئەو تەجروبەیەم هەبوو . پێوەندیم لە گەڵ کوردستان هەبوو. هەرچەند ئەگەر لە ووڵات بام و ئازادی لە ئارا دا با، هێندێک شێوەگەلی ترم بۆ لێکۆڵینەوە بەکار دەهێنا کە دەبوو بە هۆی ئەوەی کارەکەم پوخت تر و باش تر بێ. من بۆ چارەسەر کردنی ئەم کەلێنە نامەم بۆ خەڵک دەنووسی . بە تایبەت بۆ برادەرانی کوردی باشوور (عێڕاق). مەسەلەن بۆ " مامۆستا زەبیحی" دوای ئەوەی فەرهەنگەکەی بڵاو کردەوە نامەم بۆ نووسی، نامەیەکی دوور و درێژ. نزیکەی شازدە لاپەڕە. ئەویش ووڵامی پرسیارەکانی دامەوە.

بەڕۆژ: گوایە ووتەیەک هەیە (وا بزانم) هی – هایدێگێر- ە کە دەڵێ: " مرۆڤ لە ماڵی زمان دا، بیر دەکاتەوە". واتە زەینی هەر کەسێ ماڵی بیرکردنەوەی ئەو کەسەیە. ووتەیەکی تریش هەیە کە دەڵێ: " زمان تەنیا شتێکە کە خۆی خزمەتی خۆی دەکا." یانی بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین شەرحی زمان بکەین ، دەبێ بە خودی زمانەوە، زمان شەرح بکەین. باشە لەو مەودای دوورییەوە ، بە تایبەت کە بێیت و لە ڕێگای زمانی ئینگلیزییەوە سەیری کوردی بکەیت، چ شتێکی نوێی خستە بەرچاوت کە جیاواز بێ لەوەی جاران بە کوردی سەیری زمانی کوردیت پێ کرد بوو ؟

ئەمیر: وەڵاهی دەکرێ بڵێم هیچ کاری نەکردە سەر لێکۆڵینەوەکەم. چونکە ئەوەی تۆ باسی دەکەی لە کاری ئەدەبی دا، تەئسیری زۆرە. بۆ نموونە من ئەگەر شاعیر یا خۆ نووسەرێکی کورد بام تەئسیری دەبوو. جا چونکە من سەیری لایەنە مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی زمانی کوردیم کردووە، تەئسیرێکی وای نەبوو. بۆ نموونە من ویستوومە بزانم فەرهەنگ نووسینی کوردی تا چ ڕادەیەک کاری کردۆتە سەر ستاندارد بوونی زمانی کوردی؟ یان بەرنامەکانی ڕادیۆیی بە زمانی کوردی چ تەئسیرێکی لەو ستاندارد بوونە دا هەبووە؟ من کە لە دەرەوەی ووڵات بووم چەندین کاسێتی ڕادیۆیەکانی " ئیرەوان" و " کرماشان" و " تاران" و " بەغدا" و تەنانەت بەرنامەکانی ڕادیۆی کوردیی " مەشهەد" و " ورمێ " م هەبوون. بەڵام ئەوانە هەمووی بەشێکی کارەکەی من بوون. من باسی پەروەردە و موعاریف م کردووە. ئەگەر لە عێڕاق بام لە گەڵ گەلێ کەس قسەم دەکرد. لە گەڵ گەلێ کەس کە ئەوانیش کاریان لە سەر ئەو شتانە کردووە، یان کرد بوو. بە هەر حاڵ ...

حەسەن: مامۆستا ئەمیر! وەک دەزانی ئەو سیاسەتەی زمان بڕین یا " جێنۆساید" ی زمانی، کە بە ڕادەیەک کەم تا زۆر بە سەر زمانی کوردی هاتووە، بەرهەڵستێک نیسبەت بەوە دروست بووە کە زۆر جار بە وێنەی کتێب و نامیلکە بۆ لایەنە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی کەڵکی لێ وەرگیراوە. بەڵام دیسانیش سەرەگێژی یا خۆ ناڕوونییەک لەو بەینە دا هەیە. جا بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی تۆ کردووتە دەکرێ بڵێین لە چ تاریخێکەوە زمانی کوردی ( کوردییەک لە لە زمانی ئەمڕۆمان نزیک بێ ) وەکوو بەڵگە بە دەستەوەیە کە بە کار هاتبێ؟ ( بێی ئەوەی بچینەوە سەر بۆچوونە مێژووییەکان کە بۆ نموونە دەگوترێ: لە بەر ئەوەی زمانی کوردی بەشێکە لە زمانە ئاریاییەکانی ناوچە و هەزار یان دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر خەڵکی ئەو ناوچەیە کە لە کوردستان ژیاون ئەو خەتەیان بە کار هێناوە).

ئەمیر: ئەوەی کە من بۆم دەرکەوتبێ، کۆنترین بەڵگە بە زمانی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠ ساڵ لەمەو بەر. ئەویش شتێکی کورتی دوو سێ ڕستەییە کە بە کورمانجی نووسراوە. ئەویش لە بەڵگەیەک دا دیتراوەتەوە کە لە سۆڤییەت چاپ کراوە ( لە ساڵانی ١٩٣٠ دا). – مەکێنزی – شتێکی لە سەر نووسیوە و وا دیارە کۆنترین بەڵگەی زمانی کوردییە. شێعرێکە ...

حەسەن: ناوەرۆکەکەی چییە؟

ئەمیر: شتێکە باسی لە خاچ دانی حەزرەتی عیسا دەکا. گویا: حەزرەتێ عیسا هاتە خاچ کرن. ئێستا ڕستەکەم باش لە بیر نییە. بەڵام وێدەچێ ڕستەیەک بێ کە وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. شتێکی ترم نەدیوە کە لەوە
کۆن تر بێ. ئەوەش کە چاپ کراوە، وەکوو شێعرێکە، کە مامۆستا – انور مائی – سازی کردووە کە کاک کەماڵ فوئادیش باسی کردووە ، شتێکی وا نەبووە. شێعری بابا تاهیری هەمەدانیش من پێم وایە زۆرتر لە فارسی نزیکە تا کوردی. کەواتە بە شێعری کوردی دانانێم. زمانی – ماد- یش هیچ شتێکی وای لێ بە جێ نەماوە. چوار پێنج ووشە زیاتری لێ نازانین. بەو چوار پێنج ووشەیەش ناتوانین بڵێین ئەوە زمانی کوردی یە یان کوردی نییە. دەبێ ڕستەمان هەبێ. پێشم وایە ئەو مەسەلەیە هێندە گرینگ نییە. کوردی هەر ئەوەندەی کە ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر نووسراوی هەیە ، هەر ئەوەندەی کە شاعیرێکی وەک ئەحمەدی خانی هەیە، بەسە. وەک چۆن فارس دەڵێن زمانمان هەیە، ئێمەش بە بۆنەی ، مەلای جزیری ٠ عەلیی حەریری – فە‌قێ تەیران و ئەحمەدی خانی دەتوانین بڵێین زمانمان هەیە ، ئەدەبمان هەیە. بۆیە بە ڕاستی من خۆم لەو گێرە و کێشەیە نەدا کە ساز کراوە و دەگوترێ زمانی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ لەمەو بەر. بە کەڵەگایی ناکرێ ڕابردوویەکی وا دوور و درێژ بۆ کوردی ساز بکەین. پێویستیش نییە، کاتێ ئێمە بەیتی کوردیمان هەیە کە هەر یەکەی ( وەکووحاجی قادر دەڵێ) شانامەیەکە.

بەڕۆژ: با بێینە سەر ئەوەی کە جەنابتان کارتان لە سەر کردووە. ڕۆڵی سیاسەت لە ئاست زماندا. بزانە بۆ نموونە کورد ئەو هەموو ڕاپەڕینەی هەبووە.تۆ پێت وایە ئەو ڕاپەڕینانە چەندیان بۆ زمان بووەو چەندی بۆ خودی سیاسەت؟

ئەمیر: باسێکی گرینگ لەو لێکۆڵینەوەیە دا هەر ئەوەیە کە پێوەندی نێوان کوردایەتی ( وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی) لە گەڵ زمان چییە؟ ... دیارە ئەحمەدی خانی بەر لە هەموو کەس باسی ئەو پێوەندییەی کردووە ( لە مەم و زین یان نەوبەهار دا). ئەو پێی وا بووە کە میللەتی کورد لە هەموو میللەتەکانی تر ( عەڕەب، تورک، فارس)
لە هەندێک لایەن دا لە پێشترە. مەسەلەن لە ئازایەتی دا، لە میوانداری دا، لە سەخاوەت دا. جا دەپرسێ بۆچی دەبێ لە ژێر دەستی ئەوان دا بین؟ پێی وا بووە کورد دەبێ دەوڵەتی هەبێ و زمانی ئەدەبیشی هەبێ تا پێی بنووسێ و خۆی لە ژێر دەستییان نەجات بدا. واتە ڕزگاریی میللەتی کورد دەوەی دا دەبێت کە کورد " شیر و قەڵەم" ی هەبێ. خۆشی زۆری هەوڵ دا کە بە قەڵەم خەباتی کوردایەتی بکا، بەڵام شیری دەوڵەت ( خانەکان)
ئامادە نەبوون یەک بگرن و دەوڵەتێکی یەکگرتووی کورد ساز بکەن. حاجی قادریش هەر ئەو بڕوایەی هەبوو. ئەحمەدی خانی زۆر ڕەخنەش لە خانەکان دەگرێ کە بۆچی هیچ گرینگییەک بە ئەحمەدی خانی نادەن. بەڵام پێم وایە شۆڕشەکانی ئەم دواییەی کورد گرینگیان بە زمانیش داوە. تەنانەت سمایل ئاغای سمکۆ کە سەرەک عەشیرەت بووە و مرۆڤ چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد کە خەمخۆری زمانی کوردی بێ، چاپخانەیەکی زمانی کوردی لە شاری ورمێ دامەزراند و گەلێک شتی چاپ کرد. زەمانی شێخ مەحموودیش هەر وەها هەوڵێکی زۆرمان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردی دا. لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا هەوڵێکی یەکجار زۆر درا و پێم وایە سەرکەوتوو بوون.
لەم سەردەمە دا بۆ ئەوەی تێرمینۆلۆژی تازەی زمانی کوردی لە جیاتی تورکی و فارسی دانێین، ئەوانی ئەو دیویش هاتبوون ( دیوی کوردستانی عێڕاق)، ئەوانیش هەوڵێکی زۆریان دا. بەڵام من پێم وایە لە ساڵەکانی ١٩٦٠ تا ٧٥ هەوڵی چاک نەدرا. ١٤ ساڵ دێیەکانی کوردستان لە بن دەستی ڕابەرایەتی کورد دا بوو ، کەچی خەڵکیان فێرە خوێندەواری نەکرد. دیارە ڕۆژنامە و شتی کوردیش هەبوو بەڵام پێموایە ١٤ ساڵ ماوەیەکی یەکجار زۆرە و لەو ماوەیە دا کاری چاک نەکراوە.

حەسەن: من پێموایە، تۆزێ بۆ دواتر بگەڕێێنەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکمان باشتر بڕواتە پێش. ئەویش ئەوەیە کە دەبینن لە سەر دەمی تورک گەنجەکان دا ( بە تایبەتی بە دەستپێشخەری ئاتا تورک) کە ئەوان هەبوونی خەتی عەڕەبییان بە هۆی دواکەوتنی کۆمەڵی تورکییە دەزانی. ئەو مەسەلەیە لە نێوان هەندێک ڕووناکبیری کوردیش کە ئەوکات لە (دمشق، سوورییە) دەمانەوە بووە هۆی ئەوەی دوو خەت پەیدا ببێ. لە لێکۆڵینەوەکەی جەنابتان دا ئەو دەمەقاڵەیە چۆن ڕەنگی داوەتەوە؟ ( مەبەستم لایەک بەدرخانییەکان و لایەکی تر کەسانی وەک خودا لێخۆشبوو تەوفیق وەهبی یە).

ئەمیر: وەڵلا... کێشەیەکی یەکجار زۆر بووە.لەو بەشەی کە باسی مێژووی ڕێنووسی کوردی دەکرێ، هەوڵم داوە بە کورتی باسی ئەوە بکەم. دیارە بەڵگەی زۆرم خستووەتە ڕو. لە ساڵی ١٩١٨ بەولاوە دەوڵەتی ئینگلیس بەرنامەیەکی وای هەبوو کە زمانی کوردی لە عێڕاق بە پیتی ئینگلیزی بنووسرێ. لە ساڵی ١٩٢٠ کتێبی دەرسیشان چاپ کرد، هەر بەو خەتە، یانی لاتینی. بەڵام دوایی پەشیمان بوونەوە. کە بەرنامەیان بوو بە ئەوەی لە عێڕاق دەوڵەتێکی عەڕەبی بێننە سەر کار، بەربەرەکانی ئەو شتەیان کرد.لە نێو خودی کوردان دا، دیارە هەندێک لە ڕەوشەنبیرەکان تەنانەت بەر لە ١٩١٨ یش پێیان خۆش بوو کە کوردی بە ڕێنووسی لاتین بنووسرێ.
دیارە لە کۆتایی سەدەی نۆزدە دا لە نێوان هەندێک لە ڕەوشەنبیرە عەڕەبەکانیش ئەو باسە هەر هەبوو کە عەڕەبی بە ئەلف و بێی لاتینی بنووسرێ. ڕەوشەنبیری کوردیش ئەو فکرەیان هەبووە. لەو گۆڤارانە دا کە بەر لە ١٩١٨ لە عوسمانی چاپ کراون لەویش دا باسی ئەوە کراوە کە ئەلف و بێ بگۆڕدرێ و بە ڕێنووسی لاتینی بنووسرێ. دیسان هەر وا کە لە ناو تورکەکاندا هەبوو، بەڵام هەر وەکوو گوتم دوای پەشیمان بوونەوەی ئینگلیسیەکان لە عێڕاق دا تەنانەت ئیجازەی ئەوەش نەدرا کە زمانی کوردی بە ئەلف و بێی عەڕەبیش بنووسرێ. من هەوڵم داوە ئەو مێژووە بخەنە بەرچاو، موناقەشەی نێوان تەوفیق وەهبی و ( ساتع العصری) ( کە وەزیری معارف و ناسیۆنالیستێکی عەڕەب بوو )، ڕووی داوە، بێنمەوە بەر چاو. ساتع العصری ڕێگای بە تەوفیق وەهبی و ئەوانی تر نەدەدا کە خەتەکە بگۆڕن. بەڵام کە کەماڵ ئاتاتورک دەستووری گۆڕینی ئەلف و بێی عەڕەبی دا و کردی بە لاتینی و هەر دوای ئەوەش ڕەوشەنبیرە کوردەکان ڕایان کرد و چوونە سوورییە، پێموایە بە دوو هۆ دەیانویست ئەو کارە بکەن. یەک: تورکییە کە بەشی زۆری کوردی لێ بوو، ناچار بوون ئیتر بە ئەلف و بێی لاتین بنووسن، چونکە هیچ داهاتوویەک بۆ خەتی عەڕەبی نەبوو. دوو: چونکە ڕەوشنبیری کورد بۆ ئەوەی پێیان خۆش بوو لە عەڕەبەکان جیاواز بن، دەیانویست بە لاتین بنووسن. ئەو بیر و بۆچوونەی تورکەکان کە دەیانگوت دەبێ بە لاتین بنووسین چونکە دەمانەوێ ببین بە ئوڕووپایی و لە کولتووری ئیسلامی دەبێ جیا ببینەوە، لە نێو کورد دا بە شێوەیەکی تر هەبوو، کە ئێمە ئاریایین و ئەو خەتەش خەتی ئاریاییە. کە دیارە ئەو قسەیەیان قەبووڵ ناکرێ. هیچ خەتێک ئاریایی نییە.چونکە هیچ پێوەندییەک لە نێوان خەت و ڕەگەز دا نییە. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە دەبێ بزانین کوردی بە هەر خەتێک بنووسرێ نە دەبێتە هۆی پێش کەوتن نە دوا کەوتن. ئەو بۆچوونە هێشتاش لە نێو ئێمە دا هەر هەیە کە دەگوترێ: ئەگەر ئێمە خەتێکی فۆنێتیکمان هەبێ و بۆ هەر دەنگێک پیتێکی جیاوازمان هەبێ کوردی گەلێ بەرەو پێش دەچێ. هیچ وا نییە! هیچ پێوەندی بەوەوە نییە! بڕوانە زمانی عەڕەبی کە لە کوردی زیاتر پێشکەوتووە ،بەڵام خەتێکی وا باشی نییە. خەتی فارسی حاڵی لە عەڕەبیش خراپترە.

حەسەن: لەم ناوە دا من دەمەوێ شتێک ڕوون کەمەوە. دەزانین کە خەت قەراردادە. وا نییە؟ قەرار دادێکە لە سەر ئەو بناغەیەی کە بۆ نموونە دەڵێن ئەم دەنگانە بە شێوەی نووسراوە نوێنەریان هەبێ. بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ وەزعی زمانی کوردی لە بەرچاو بگرین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەسەڵاتێکی زاڵی تاقانە بە سەر هەموو کوردستان دا نەبووە، فرە خەتی ڕەنگە نەبێتە هۆی پێش کەوتن یان دوا کەوتن، بەڵام دەبێتە هۆی دوور کەوتنەوە. من ئەوەی لەبەرچاوی دەگرم وەزعی پێوەندی زمانی کوردی لە خوارووی کوردستانە، لە گەڵ سەرووی کوردستان. بۆ نموونە هەر ئەم برادەرەی ئەم چاوپێکەوتنەی لە گەڵ جەنابت ڕێک خستووە، خۆی خەڵکی ناوچەیەکی دیکەیە بەڵام بەو شێوە زمانەی لە سلێمانی گەشە و نەشەی کردووە قسەت لە گەڵ دەکا، کەچی خۆی بادینی یە. لە بەر ئەوەی کە ویلایەتی مووسڵ کەوتە سەر حکوومەتی زاڵی عەڕەبی بە سەر عێڕاق دا و لە بەر ئەوەی یەک شێوەی نووسین بە کار هاتووە، کە واتە دەبینین لە ڕاستیدا ئەو دوور کەوتنەوەیە نەبۆتە هۆی پاش کەوتن بەڵکوو بۆتە هۆی نزیک بوونەوە.

ئەمیر: وایە. ئەوە هەر ئەو شتەیە کە من گوتم. زمان بە هەر خەتێک بنووسرێ نابێتە هۆی دوا کەوتن و پێش کەوتن. بەڵام ئاشکرایە کاتێ لە مەڕ زمانی کوردی باسی ڕێنووس دەکەین، ئێستا، کوردی بە سێ ڕێنووس دەنووسرێ. کوردەکانی سۆڤییەت بە ڕێنووسی زمانی ڕوسی دەنووسن و دەخوێننەوە، کە بەڕاستی کۆسپێکی گەورەیە. من سەردەمایەک هەوڵم دەدا خەتی ڕووسی فێربم هەر بۆ خوێندنەوەی ئەو شتانەی لەوێ بڵاو دەبوونەوە. هەر وەها کوردەکانی سەرووی کوردستان ناتوانن خەتی خوارووی کوردستان بخوێننەوە، هەوڵی فێر بوونیشی نادەن. ئەوەش دیسان کۆسپێکی یەکجار گەورەیە. بزانە ئەوهەموو کتێبەی بە شێوەی سۆرانی لە کوردستانی عێڕاق چاپ کراوە، چونکە خەتەکەی نازانن ناتوانن کەڵکی لێ وەرگرن. لە کوردستانی تورکییەش (سەروو) – دوای ئەو ئازادییانەی ئەم چەند ساڵە – ئەوە هێندە شتێ بڵاو بۆتەوە کەچی ئەوانەی کە خەتی لاتین نازانن ، ناتوانن کەڵکی لێ وەرگرن. لە کوردستانی عێڕاق و ئێرانیش زاراوەی کورمانجی و سۆرانی هەیە، بەڵام زۆربەیان ئەو خەتە نازانن کە، شتی پێ بخوێننەوە. کە واتە ئەو هەموو هەوڵەی کە دەدرێ لە کوردستانی سەروو، وەک ئەوەی کە هیچ نەبووبێ و دەبێتە هۆی لێک دوور بوونەوە.

حەسەن: خۆت دەزانی کە لە مەسەلەی زمان دا کەس مافی ئەوەی نییە بێ دابنیشێ و بڵێ کامیان بە کار بێنن و کامیان بەکار مەهێنن. بەڵام هەر وەکوو گوتم کە وەزعێکی سیاسی دێتە گۆڕێ ، زۆر شت لە پڕۆسەی تر دا جێ بەجێ دەکرێن. جا پێم وایە هێندێک زاراوەی کوردی هەن کە هی سەردەمی میرنشینی کوردین( وەک گۆرانی یان هەورامی) بەڵام بەکار هێنانیان وەک زمانی نووسراو، کەمە. لە لایەکی ترەوە بەشێکی دیکەی کورد ( کە دەتوانین بڵێین لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە خۆی بە کورد دادەنێ) بە زاراوەی زازاکی یان دملی قسە دەکا.باشە لە هەلومەرجێکی ئاوا دا، ئایا دەبێ وەزعەکە هەر وا بمێنێتەوە یان بە شێوەیەکی پسپۆڕانە بیرێکی کارسازانەی بۆ بکرێ ؟ بۆ نموونە ئەوە – بەربانگ- بەسێ زاراوە دەنووسرێ. ئەوە دوور خستنەوەیە. بەڵام چارە چییە؟ ... دەبێ چ بکرێ؟

ئەمیر: دیارە ئەگەر پێوەندییەکی لەبار لە نێوان دیالێکتەکاندا، دەسەڵاتێکی سیاسی ئەوتۆ نەبێ، ئازادی نەبێ، فەرهەنگەکە خۆی ناتوانێ زمان دروست بکا و دیالێکتەکان لە یەکتری نزیک بخاتەوە، یان تێکەڵیان بکا. تەجروبەشمان هەیە. سەیری نۆروێژ، ئاڵبانی بکەن. دیالێکتی سەروو و خوارووی هەیە. لە ساڵانی ١٩٤٦ بەو لاوە کە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سۆسیالیستیشی هەبووە و بۆ هەموو شتێک بەرنامەیان داناوە ، هێشتا نەیانتوانیوە دیالێکتەکان بکەنە یەک. دوو دیالێکەتەکان هەر ماون. لە هەرمەنستانیش هەر وا. سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری هەرمەنستان هەبووە نەیانتوانیوە. پێم وایە لە کوردستانیش ئاوا بە ئاسانی ناکرێ دیالێکتەکان یەک بگرن. دووان لە بارەی داهاتووش نەختێ زەحمەتە. کام داهاتوو؟ داهاتوویەکی وا کە ئەم بەشانەی کوردستان یەک بگرنەوە.
ئەگەر شتێکی وا دابنێین دەتوانین باسی ئەوە بکەین کە چی لێ دێت. دەسەڵاتی سیاسی کورد هەبێ و هەموو پارچەکان یەک بگرنەوە، بەلانی کەمەوە ئەو بەشانەی لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی دا بوون، ئەوکات دەبێ بەرنامەیەکی وا دا بنرێ کە خەتەکە ببێ بە یەک، چونکە ڕێنووسەکە تەئسیری زۆری هەیە لە سەر ئەوەی دیالێکتەکان ببن بە یەک. دوایێ دەزانین کە لە دنیای ئێستا دا، ڕادیۆ هەیە،تێلێڤیزیۆن هەیە، دەبێ ئەو کات بزانین دەزگای پەروەردەی ئەو دەوڵەتە چ بەرنامەیەکی هەیە؟ ئایا هەر سێ دیالێکتەکە دەکرێ لە فێرگەکاندا بگوترێنەوە؟ ئەوانە هەمووی بەرنامەی دەوێ. زەحمەتە هەر لە خۆڕا دانیشین و بڵێین چی لێ دێ. دەبێ بەرنامە هەبێ.

حەسەن: باشە، ببوورە ئەگەر ئێمە تەجروبەی جێگەی تر ( وەک ئاڵبانی و نۆروێژ کە باست کرد) بە کار بێنین دەبێ لە ڕووی پڕاکتیکەوە چی بکەین تا نزیک ببینەوە؟ ئەوان چیان کردووە؟

ئەمیر: لە – ئاڵبانی - دیالێکتێکیان داناوە وەکوو دیالێکتی سەرەکی کە لە ووشە و تەرکیباتی دیالێکتەکانی تریش
کەڵک وەربگرن. واتە دیالێکتەکان لە ناو یەکتر دا بتوێننەوە. مەسەلەکە ئەوەیە کە زمان پێوەندییەکی یەکجار زۆری دەگەڵ فەرهەنگ هەیە ، هەر وەها دەگەڵ بیر و باوەڕ و دنیای دەروونی مرۆڤ و ناوچە و هەل ومەرجی ناوچەیی. جا ئەگەر ئاڵوگۆڕێکی بەر فراوان نەبێ لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە، هەر وا لە خۆڕا یەک ناگرن.
لە باری مێژووییەوە لەو شوێنانەی کە دیالێکتەکان یەکیان گرتۆتەوە دەبێ بڵێین زەمانێکی زۆری خایاندووە، لە درێژ خایەن دا شتی وا دەبێ، دوایە لە ووڵاتە ئوڕوپاییەکاندا کە دیالێکتەکان تێکەڵ بوون و دیالێکتێکی سەرەکی بۆتە زمانی – ستاندارد- ئەوە لە کۆمەڵی سەرمایەداری دا ئەو کارە کراوە،کە هەموو خەڵکی ووڵات تێکەڵ دەکا.سیستمێکی دابەش کردنی کار هەبووە کە پیشەسازی سەرمایەداری ئەو ئیمکانەی داوەتێ، کە چی لە ووڵاتی ئێمە دا، وا نییە.نۆ نموونە ئایا جووتیارێکی دەشتی هەولێر بۆی هەیە کە بچێتە دەور و بەری بایەزید و کاری دەست کەوێ؟ دەبینین ناکرێ چونکە زمان پێوەندییەکی گەلێ نزیکی لە گەڵ ئابووری ووڵات و سیستمی کۆمەڵایەتی و چینایەتی و کولتووری ووڵات هەیە.بێجگەلە ڕێنووس و ڕێزمان و ئانسیکلۆپێدی و قامووس و فەرهەنگ ،شتی لە هەموان گرینگتر ئەوەیە کە خەڵکەکە بۆیان هەبێ و بتوانن لە کوردستان دا هاتوچۆ بکەن. لە ناوچەیەکەوە بچنە ناوچەیەکی تر و لەوێ نیشتەجێ بن و کار پەیدا بکەن. وەک ئێرە ئەگەر کەسێک لە -ستۆکهۆڵم- کاری وەدەست نەکەوێ دەتوانێ بچێتە – یۆتەبۆری – و لەوێ کار پەیدا کا و نیشتەجێ بێ، بەڵام ئایا لە کوردستاندا ئەو حاڵەتە هەیە؟ جا ئەگەر ئەو هەلومەرجانە نەیەنە دی، با هەزار قامووس و شتی تر هەبێ، دیارە تەئسیری وای نابێ...

حەسەن: دیارە لە هەلومەرجێکی وا دا، نەک ووشەی نووسراو، بەڵکوو ووشەی دەنگ دار ( وەک ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن) دەتوانن تەئسیریان هەبێ، وا نییە؟

ئەمیر: بەڵێ... ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن و ڤیدێئۆ دەتوانن تەئسیریان هەبێ . بەڵام ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی بە کام دیالێکت و زاراوە بڵاو دەکرێنەوە؟ سیاسەتی تێکەڵاو کردنی زاراوە چییە؟ ... بۆ نموونە بەڕاستی ئێستا کارکردی دیالێکتەکان نا بەرابەرن. دیالێکتی کورمانجی ئەو ساڵەهای ساڵە سەرکوت کراوە و تا ١٩٥٨ لە کوردستانی عێڕاق ئیمکانی نووسین بە دیالێکتی کورمانجی نەبووە.

بەڕۆژ: من شتێکی تر دەڵێم. بە ڕای من ئەو کارانەی کە دەبێ لە ئایەندە دا بکرێن، ئەمن هەر لە ئێستاوە لێیان بە گومانم. چونکە دیارە ئەو کارانە دەکەوێتە ئەستۆی بەشێک لە کۆمەڵ. بۆ نموونە: ١- خەڵک. ئەگەر قەرار بێ خەڵک ئەو کارە وەئەستۆ بگرێ، بە ڕاستی ئەوە گرفتی خەڵک نییە. مەسەلەی زمان بە شێوەیەکی ئاکادێمیک کێشەی سەرەکی خەڵک نییە. ئەو هەموو خەڵکە بە کوردییەکی پاراو قسە دەکەن بێی ئەوەی بزانن – کردار- چییە؟ یان – ئاوەڵناو- چییە. ٢- سیاسییەکان: ئەگەر گرفتی سیاسییەکان بێ ( کە نییە!) ئەوە من زیاتر نیگەرانیم پەرە دەستێنێ. چونکە دەبینین ئەوە چەندین ساڵە حیزب و هێزە سیاسییەکان ( زۆربەی هەرە زۆریان، بە تایبەت لە کوردستانی عێڕاق. بەم دواییە کوردستانی تورکییەش!) ڕێبازی پارتییەکەیان، پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزبەکانیان بە عەڕەبی یە، یان تورکی. ( هەڵبەت دوای چەندێ دەیکەن بە کوردییەکی سەیر و سەمەرە!) گۆڤارەکانیان بە عەڕەبی و.... دەردەچن. گۆڤاری " الشعب" ( بۆ نموونە) هی پارتییەکی شۆڕشگێڕی میللی بوو. "گەل" ێکی بچووکیان دەنووسی و ئەوی تری هەمووی عەڕەبی بوو. باشە ئەوەش ئەوە. دەمێنێتەوە بەشی سێیەم کە چەند
پسپۆڕێکی شایانی ڕێزن کە بە ڕاستی ئەوان دەبێ بە سەر ئەو حاڵە دا زاڵ بن. دوایێ دەگەینە ئەو دوورنەمایەی جەنابت باست کرد ( کە زۆری پێ دەچێ) بەڵام ئەمڕۆ دەبێ چ بکرێ؟

ئەمیر: لە ووڵاتدا، یان لە دەرەوە؟

بەڕۆژ: لە دەرەوە،

ئەمیر: لە دەرەوەی ووڵات من باسی مەسەلەی خەتم کرد. یەکێک لە گرفتەکان مەسەلەی خەتە کە دوو بەشی خواروو و سەرووی لە یەکتری جیا کردووەتەوە. ئەوە یەکێک لە گرفتەکانە کە پێم وایە گرفتێکی هێندە ئاڵۆزیش نییە کە چارەی نەکرێ. تۆ حەفتەیەک دانیشە و ڕۆژێ چوار سەعات کار بکە بزانە فێر دەبی یان نا؟ بەڵام مەسەلەی دیالێکت هێندە ئاسان نییە. من ئەوە ساڵەهای ساڵە شتی کورمانجی دەخوێنمەوە کەچی هێشتا ناتوانم بە کورمانجی قسە بکەم. دەرفەتی وام نەبووە لە گەڵ کورمانجەکان تێکەڵ بم. من پێم وایە بە ڕاستی پێویست نییە ئەوەی لە بەربانگ دا بە پیتی عەڕەبی دەنووسرێ دیسان بە پیتی لاتین بنووسرێتەوە.چونکە فێربوونی هێندە زەحمەت نییە. ئەو هەموو کارە فێر دەبین. ئەو هەموو زمانە فێر دەبین، کەچی لەو کارە دا تەنبەڵی دەکەین. جا هەر وەکوو خۆت باست کرد مەسەلەی ڕەوشەنبیر فەرقی هەیە لە گەڵ نارەوشەنبیر. کەسی وا هەیە کە هیچ شتێک هەر بە هیچ زاراوە و زمانێک ناخوێنێتەوە.رەوشەنبیرەکان دەبێ خەمی خۆیان و زمانی خۆیان بخۆن.

بەڕۆژ: باشە، هێندێک بیر و ڕا هەیە کە دەگوترێ زمانی کوردی، زمانێکی لاوازە و هەموو شتێکی پێ نانووسرێ. وەک فەلسەفە، تێکنۆلۆژی، فیزیک، شیمی تەنانەت، بابەتە قورسەکانی ئەدەبیی مۆدێڕنیش. ئەو شتانەش کە وەرگێڕدراون یان داتاشراون (وەک ووشە) گەلێ دوور و قەڵبن. بۆ نموونە هاتوون بۆ زاراوەیەکی سیاسی وەک (انحصار طلب)( پاوانخواز) یان بە کار هێناوە. کەچی خودی ئەو ووشەیە بۆنی سەردەمی فیودالیزمی لێ دێ و هی سەردەمی کشت و کاڵییە. بەگشتی پێت وایە، زمانی کوردی لە چ قۆناغێک دایە؟

ئەمیر: لەو بارەوە، زمانی ئینگلیزی و فەڕانسەییش هەر وا بوون. چوارسەد ساڵ لەمەوبەر ئەوانیش دەیانگوت ئێمە ناتوانین شتی پێ بنووسین. ئەو کات کۆمەڵێ کەس هاتن شتێکیان نووسی بە ناوی دیفاع لە زمانی فەڕانسەیی. هەوڵێکی زۆریان دا. وەک ئەحمەدی خانی کە دەڵێ: ئەوە نەمامێکە کە پێ دەگا و میوەیەکی خۆشی دەبێ. فەڕانسەییەکانیش هەر ئەو قسەیان دەکرد. جیاوازی زمانی فەڕانسەیی لە گەڵ کوردی ئەوە بوو کە لە فەڕانسە دا چینێکی بورژوازی تازەی بەهێزی تێدا خەریکی سەرهەڵدان بوو. کەچی لە سەد ساڵی ڕابردوو دا تا ئێستا چینێکی وا لە کۆمەڵی کوردەواریدا تازە خەریکە سەر هەڵدەدا. چینێکی شارنشینی بورژوا. کە ئەویش بە قەدەر چینی بورژوای ئەو کاتی فەڕانسە ئیمکاناتی ڕەنگە نەبێ. ئەوەش کە ووشەکان یان ووشەیەک هی سەردەمی فیودالی یان سەردەمێکی ترە هیچ گرینگ نییە. چونکە هەموو زمانەکان هەر وا بوون تا کۆمەڵی پیشەسازییان تێدا پەیدا بوو. ژیانی نوێ ووشەی نوێش لە گەڵ خۆی دێنێ.

بەڕۆژ: منیش مەبەستم ئەوە نییە کەگرفتمان لە سەر ئەو ووشانە بێ یان نا. بڕاونە، کورد خەریکە بە ڕواڵەت لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا دەژی. کەچی لە ڕووی زمان و فەرهەنگەوە نازانێ لە چ سەردەمێکدا ڕاوەستاوە. دەتوانین بڵێین کە بۆ نموونە جۆگەلەیەک لەو نێوانە دا هەیە کە کورد هەنگاوی بۆ پەڕینەوەی هەڵێناوە، جا پێیەکی گەیشتۆتە ئەو بەر و پێیەکەی تری لەو بەر ماوەتەوە. نە دەتوانێ بگەڕێتەوە شوێنی جارانی و نە دەشتوانێ بە یەکجاری بپەڕێتەوە. لەو نێوانە دا خەریکە دەمرێ بێی ئەوەی تەنانەت دەنگیش هەڵبڕێ. کە دەنگیش هەڵدەبڕێ
دەنگە ڕاستەقینەکەی نییە. چۆن دەبێ لە گەڵ دنیای ئەمڕۆ خۆی بگونجێنێ؟ کورد پێویستی بە تێکنۆلۆژی هەیە، بە فەلسەفە هەیە بە هەزاران شتی تر. ئەوانەش هەموویان پێویستییان بە زمان هەیە. ئەم قۆناخە چۆن دەبڕدرێ؟ دەبێ چ بکەین؟ بە تایبەت لە ڕووی زمانەوە ( لێرە دا!).

ئەمیر: هەر وەکوو گوتم زمانەکانی تریش هەر وا بوون. مەسەلەن زمانی فەڕانسەیی هەر وا بووە. زمانی کوردی دەسکەوتی یەکجار زۆری هەیە. زمانی کوردی تا ساڵی ١٨٨٩ کە ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کرایەوە، لەو زەمانە دا پەخشانمان نەبوو. بەڵام ئەمڕۆ لە ستاندارد بوونی زمان دا ، کوردی دەسکەوتی یەکجار زۆرە. زمانەکە پوخت تر بووە. سەیری ڕۆژنامەکانی کۆن و ئەمڕۆ بکە. زۆر شت هەیە کە ئەمڕۆ دەتوانین بیاننووسین و ئەو کات نەدەکرا. کاک حەسەن (قازی) باسی بابەتێکی کرد کە لە ووڵاتەوە هاتووە تا لێرە بڵاو بێتەوە، لە بارەی زانستی کۆمەڵناسی نووسراوە. با ئەوەش بڵێم ئەگەر خەڵکی کورد بە ٢٠ میلیۆن دابنێین زمانی کوردی چلەمین زمانی دنیایە لە باری هەژماری خەڵکەوە. لە سوێدی و دانمارکی و نۆڕوێژی لە سەرووترە. نزیک ٦٦٠٠ زمان لە دنیا دا هەیە، بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە زانایانی کانادایی کردوویانە کوردی چلەمین زمانی دنیایە.بەڵام دیارە لە باری پێشکەوتنەوە زۆر لە سوێدی و دانمارکی و نوڕوێژی دوا کەوتووە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە کۆمەڵی کوردەواری کۆمەڵێکی دوا کەوتووە. ئەو ووڵاتانە نزیکی ٤٠٠ ساڵە بەرەو سیستمی سەرمایەداری، بەرەو سیستمی پیشەسازی ڕۆیشتوون و ئێمە ئەوە تازە بە تازە دەست پێدەکەین. بۆیە زەحمەتە. پێت وا نەبێ بە زمانەکانی مەسەلەن سوێدی یان فەنلاندیش کارێکی هاسان بووبێ، ئەوانیش ئەو گرفتەیان هەبووە. دووشت لەو نێوانە دا دەبێ گۆڕانیان بە سەر دابێ، یەکەمیان خۆی کۆمەڵ ە، دووهەمیشیان ڕەوشەنبیرەکان دەبێ هەوڵێکی زۆر و بێ ووچان بدەن. ئێمە ناتوانین قۆناخێکی چوار سەد ساڵە بە ٣٠ یان ٤٠ ساڵ تێپەڕێنین. بەڵام هەر وەکوو گوتم دەبێ هەوڵ بدرێ. دەش کرێ. هەموو گەلانی تر بۆ زمانی خۆیان هەر وایان کردووە.

حەسەن: مامۆستا، ئێوە پێتان وایە کە پێوانە دروست کردن بۆ ( ا‌صطلاحات/ مصطلحات) دەبێ چ شێوەیەکی هەبێ؟ یان مەسەلەیەکی تر هەیە ئەویش پێوەچاران بە ووشەکانی دەخیلی زمانەکانی ترە. دەزانین لە بەر ئەوەی ووڵاتەکەمان بە سەر ئەو چەند دەوڵەتە دا دابەش کراوە و ئەو دەوڵەتانە بەشێکی زۆری کوردستانیان خستووەتە بەر ڕکێفی خۆیان، بمانەوێ و نەمانەوێ تەئسیری زمانی ڕەسمی ئەو ووڵاتانە لە زمانەکەماندا دەبینرێ. بۆ نموونە زمانی عەڕەبی لە بەر چەندین هۆی مێژوویی تەئسیری لە سەر زمانەکانی تر هەیە وەک زمانی فارسی. جا لە بەر ئەوە ئاخێوەرانی دوو بەشی کوردستان ( ڕۆژهەڵات و خوارووی کوردستان) جاری وایە لە قسە کردن یان نووسیندا ووشەی دەخیلی عەڕەبی بە کار دێنن کە خۆی ئەو ووشەیە لە زمانەکانی تر دا مانایەکی تری وەرگرتووە، یانی دەکرێ بڵێین – فارسی لیزە – کراوە. جا بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بە کوردی دەنووسن و دەیانەوێ زمانی کوردی سیستماتیزە بێ، ڕێک و پێکتر بێ، دەبێ چ بکرێ؟

ئەمیر: من پێم وایە ( ئەگەر لە پرسیارەکە، چاک حاڵی بووبم) هەندێک ووشە هەیە لە زمانی کوردی دا ، کە لە زمانی بێگانەوە هاتۆتە نێو زمانەکەمانەوە و خەڵکەکە وەری گرتووە و بە کاری دێنێ. ئەو چەشنە ووشانە پێویست نییە لە زمان وەدەر بنرێن. دەبێ ڕایانگرین. بۆ نموونە: ووشەی – قەڵەم و کتێب – هیچ پێویست نییە قەڵەم بکەین بە پێنووس یان کتێب بکەین بە پەڕتووک. چونکە ئەوانە بوونەتە کوردی و هەموو زمانە زیندووەکانی دنیاش هەر وا دەکەن. چارە نییە. ئەوە بەشێک لە ژیانی زمانەکانە . بۆ نموونە ئێستا ئێمە چاویلکەمان لە چاوە و سەعاتمان لە دەست دایە، کەچی جلوبەرگی کوردیمان دەبەر دا نییە. زمانیش هەر وایە. تاوانیش نییە کە ووشە لە دراوسێکانمان وەرگرین. ئەوانیش ووشەیان لە ئێمە وەرگرتووە. بەڵام هەر وەکوو خۆت ئاماژەت پێکرد. ئەوە
کێشەی ڕووناکبیرانە. کێشەیەکی هێندە گەورە و گرانیش نییە. یانی نەبۆتە بەرهەڵستێکی وا کە بڵێین پێشی زمانی کوردی گرتووە. جار و بار زەحمەتە ووشەیەک کە وای لێ هاتووە، بەڵام ئێستا کە ووڵات ئاوا دابەش کراوە و نە ئاکادێمییایەکی کوردی وا هەیە و نە دەسەڵاتێکی سیاسی یەکگرتوو هەیە، زۆریشی حەول بۆ بدەی مرۆڤ پێی ناکرێ. دەبێ بە ووشیارییەوە لە سەری بنووسرێ. بۆ نموونە من لە کتێبەکەمدا باسی ئەوەم کردووە کە بۆچی کوردی عێڕاق زمانی عەڕەبی دەپاڵێون و فارسی دێنن. بۆچی – سوپاس – یان بە سەر ئێمە دا سەپاندووە؟ ئەوە کوردی ئێرانیش خەریکن فێری دەبن. کەچی فارسەکان خۆیان ناڵێن سوپاس دەڵێن ( ممنونم، متشکرم، مرسی) ئەوانە و هێندێک شتی تر. نەبوونی دەسەڵاتێکی یەکگرتووی سیاسی تەنانەت لە دەرەوەی ووڵاتیشدا، لە ووڵاتێکی وەک سوێد دا کە کورد ئیمکانی یەکگرتنەوە و نزیکبوونەوەیان هەیە، کە چی دیسانیش هەر لە یەک جیاوازن. چاپەمەنیان لە یەک جیاوازە.

حەسەن: جەنابت چ پێوانەیەک دا دەنێی؟ مەسەلەن ئێمە ئێستاکە لە – سوێد- دەژین سەروکارمان لە گەڵ زمانی کوردی بە شێوەی نووسراویش هەیە، یانی ئەم چاپەمەنییە کوردییانەی لێرە دەردەکەون. وەک ئاگاداری زۆر لە دەسەڵاتداری و داو دەزگا سوێدییەکان سەبارەت بە ئەرک و ئیش و کاری خۆیان بە زمانە بێگانەکان زانیاری بڵاو دەکەنەوە. لەوانە کوردیش. بۆ نموونە داییرەی تەئمین یان ادارەء بیمەهای اجتماعی هێندێک زاراوەی لە مەڕ خۆیان هەیە کە پێوەندی بە ئەرک و هەڵسووڕانیانەوە هەیە. لەبەر ئەوەی ستروکتوور و سیستمی حکوومەتی یان کۆمەڵایەتی ئێرە لەو سیستمەی لە کوردستان هەیە جیاوازە، کەسێ کە ئەم شتانە وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی هەرچۆنێک بێ دەبێ هێندێک شتی تازە دابنێ. یانی دەبێ ببینە ئەحمەدی خانییەکی بچووک. باشە لە ئاست ئەم شتانە دا دەبێ چ بکرێ؟ پێت وا نییە دەبێ هەوڵ بدرێ ئەو ووشانەی کە لە گوێیان خۆش بێن ( واتە لە گەڵ سیستمی فۆنێتیکی کوردی بگونجێن) ساز بکرێن؟

ئەمیر: بەڵێ. من پێم وایە، ئەو کەسەی ووشە ساز دەکا، دەبێ بە ڕاستی لە تایبەتمەندییەکانی سروشت و روحی زمان تێگەیشتبێ و هەستی ئەوەی هەبێ کە کاتێ ووشەیەک دادەتاشێ بزانێ وەک پێوانە، ئەوە لە گەڵ تایبەتمەندی زمانی کوردی دێتەوە، یان نا؟ ... ئەوە تەنیا یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانە. بەڵام شتێکی تر هەیە کە گشت زمانەکانی تریش وایان کردووە و هەرواش دەکەن. لە زمانناسی دا بەو شتە دەگوترێ ( لۆن ترانسلەیشن) یانی دەکرێ ووشەیەکی هاو مانا و هاوسەنگ بۆ ووشە بدۆزینەوە. بۆ نموونە: کامپیوتر ( یانی شتێ کە حیساب دەکا) ڕەنگە بکرێ ووشەیەک وەک: حیسابگەر یان ژمێریاری بۆ دابندرێ. ئەوە دیارە وەرگێڕانی مانای ووشە ئینگلیزییەکەیە. لە زۆر زمانی تریشدا ئەو کارە کراوە. وا بزانم سوێدی پێی دەڵێن – داتور- جا نازانم ئەو – داتا- یە، مانای حیسابکردنی تێدایە؟

حەسەن: بەڵێ!

ئەمیر: جا بێجگەلەوەش دەکرێ ووشەیەک دابنێین کە ماناکەی وەرنەگێڕێتە سەر زمانی کوردی. یانی شتێک بێ کە بۆ ئەو – مەکینە- یان – ماشێن – ەی دابنێین ، شتێکی وا کە تایبەتمەندییەکی تری ئەو دەزگایەمان بۆ ڕوون کاتەوە و دەربخا.

حەسەن: دەتوانم لێرە دا دەمە تەقێیەکی نێوان وەرگێڕەکانت بۆ باس بکەم. بۆ نموونە لە سیستمی پێش خوێندنگەی سوێد دا ( یانی بەر لەوەی منداڵ ببێتە حەوت ساڵان و دەست بکا بە خوێندن) کە منداڵی تێدا دەحاوێننەوە ( لە تەمەنی یەکساڵییەوە تا دەگاتە حەوت ساڵان و بۆخوێندن ئامادە دەبێ)، ئەوەی کە لە سەر دەمی کۆماری کوردستان پێیان گوتووە – پۆلی ساوایان - و ئێستا لە هەر دووک لای کوردستان – باغچەی منداڵان – ی بۆ بەکار دەهێنن. کەچی لێرە لە سیستمی پێوەچارانی منداڵ تا ئەو دەمەی کە خوێندن دەست پێدەکەن، بە زمانی سوێدی چوار پێنج زاراوە هەیە، من پێم وایە لەبەر ئەوەی ئێمە لەم ووڵاتە دەژین دەبێ هەر ناوە سوێدییەکە بەکار بهێنین ( من خۆشم وا دەکەم) و هێندێکی شی بکەینەوە. من پێم وا نییە کە دەبێ ووشەکان یەک بە یەک بکەینە کوردی. بۆ نموونە: (داگهێم) داگ یانی ڕۆژ و هێم یانی ماڵ، لە باتی ئەوەی من ووشە بە ووشە بنووسم ( ماڵی ڕۆژ) دەنووسم داگهێم و دوایە شەرحی دەکەم کە فۆنکسیۆنی داگهێم چییە، یان فریتیدزهێم ( ماڵی کاتی ئازاد)، ئەویش هەر سوێدییەکەی دەنووسم و شی دەکەمەوە کە یانی چی؟ هەندێک دەست بە قەڵەمی تر هەن کە دەڵێن چونکە لە کوردستان دا گوتراوە باغچەی منداڵان دەبێ هەر ئەوە بە کار بێنین، یان ئەگەر ئەو ووشەیە لە کوردستانیش نەبێ دەبێ ئەوەی کە هی زمانی زاڵە وەک ( کودکستان)، یان (روضە)یان (حضانە) بە کار بێنین ، ئەگەر ئەوەش نەبوو ووشە داتاشین و بڵێین زارۆک خانە. تۆ لە سەر ئەم گێرە و کێشەیە چ تێبینییەکت هەیە؟

ئەمیر: جارێ با ئەوەە بڵێم کە (کیندر گارتن) = باغچەی منداڵان لە ئەڵمانییەوە هاتووە و چووەتە نێو زمانی ئینگلیزی . ئینگلیسییەکان عەینی ووشەکەیان وەرگرتووە. زمانە زیندووەکانی دنیا ئەوەیان لە بەر چاوە کە ئەگەر خۆی ووشەی نەبوو لە زمانێکی دیکەی وەردەگرێ و هیچ عەیبێکی تێدا نییە. من پێم وایە لێرەشدا ( سوێد) دەکرێ هەر ئەو شتەی کە سوێدییەکان کەڵکی لێوەردەگرن ئێمەش بەکاریان بێنین. جا هەرچەندە شکڵ و شێوەی هەبێ. ئەگەر بکرێ ووشەی کوردی بۆ ساز بکرێ ئەوەی تۆ باسی دەکەی دروستە. بەڵام ئەوەی کە کوردەکانی ئێرە ئەوە بە کار بێنن یان نا، ئەوە مەسەلەیەکی ترە. مەسەلەی هەرە گەورە سەبارەت بە موستەلەحات یان تێرمینۆلۆژی ئەوەیە کە کێ بەکاری دێنێ؟ ئێستا نزیکەی چوارسەد هەزار تێرمینۆلۆژی عیلمیان بۆ هێندێک لە زمانەکانی هیندووستان دروست کردووە، بەڵام هیچ کەس نییە کەڵکی لێوەرگرێ و هەر وا لە سەر
کاغەز ماوەتەوە.جا ئەوە کەڵکی چییە؟

حەسەن: من تەنیا یەک شتی دیکەم ماوە، دیارە زۆرمان قسە کرد. پێم وایە خراپ نییە بۆ ئەوەی خوێنەرەوانی -بەربانگ-ئاگادار بن باسی ئەو – تێزە- یان (ریسالەیە) بکەن کە نووسیوتانە و پێشکێشی زانکۆی ئیلێنۆی تان کردووە لە ئوربانا – شەمپەین. ناوەکەی وا بزانم ( فاکتۆری زمان لە پێشکەوتنی نەتەوایەتی دا)یە. هەر وەها لێکۆڵینەوەشە لە سەر ستاندارد بوونی زمانی کوردی و پێشکەوتنەکانی لە نێوان ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٨٥. لەو دوو ساڵەی دواییدا هەندێ ئاڵوگۆڕ هاتوونە دی و لە هەندێ بەشی کوردستاندا هەڵوێستی ڕەسمی ڕێژیمەکان بەرانبەر بەم زمانە گۆڕوان، ئایا تیشکت خستووەتە سەر ئەو گۆڕانکاریانە، یان نا؟، بە تەما نیت ئەم تێزە وەک کتێب بڵاو بکەیەوە؟

ئەمیر: ئەم تێزەم لە ساڵی ١٩٨٦ تەواو کرد، بەڵام تا ساڵی ١٩٨٩ ئێمکانی پێشکێش کردنیم نەبوو بە زانکۆ. لەو ماوەیە دا کەمێک دەستم تێوەردا. هێندێک فاکتی تازەم خستە سەر. ئێستا خەریکە وەکوو کتێب دەربچێ. ناوەکەشی دەگۆڕدرێ و دەبێتە: " ناسیۆنالیزم و زمان لە کوردستان دا لە ١٩١٨وە تا ١٩٨٥". باسی هێندێک شتی نوێشم کردووە. بە تایبەت ئەوە کە دەوڵەتی تورکییە ئیجازەی داوە کە کوردی ئەو بەشە بتوانن بە زمانی خۆیان بدوێن. لێکدانەوەیەکم لە سەر ئەو کێشەیە نووسیوە و هەر وەها تێکچوونی یەکێتیی سۆڤییەت لە بەشێکی دا باس کراوە، بەڵام زۆر بە کورتی. هۆی ئەوەی کە بە درێژیی باسم نەکردووە ئەوەیە کە ئەو لێکۆڵینەوەیە تا ساڵی ١٩٨٥ باس دەکا.

بەڕۆژ: وا بزانم هەموومان ماندوو بووین. سپاستان دەکەم. سپاسی کاک حەسەنی قازی ش دەکەم کە بە ڕاستی یارمەتی داین. تەنیا شتێک کە بۆم ماوەتەوە ئاماژەی پێبکەم و بەلامەوە گرینگە ئەو پێوەندییەی نێوان جەنابت و مامۆستا مەسعوود محەمەدە، کە وا چۆن بوو و ئاکامەکەی بە چی گەیشت؟

ئەمیر: بەڵێ. من کاک مەسعوودم نە دەناسی. پێم وایە لە ساڵی ١٩٧٧ دا داوای چاپەمەنی کوردیم لێ کرد بوو. ئەویش چاپەمەنی کوردی بۆ ناردم. داوای ئەوەشی کرد بوو تێبینی خۆم سەبارەت بەو چاپەمەنیانەی بۆ بنووسم. منیش لە ڕاستییدا ئەو کات وەختی ئەوەم نەبوو هەموویان بە ووردی بخوێنمەوە و بیر و ڕای لە سەر بنووسم. تەنیا بیروڕای خۆمم سەبارەت بە باسێک لە کتێبە سێ بەرگییەکەی کرد کە لە مەڕ – حاجی قادری کۆیی – یەوە بڵاوی کرد بووە . بە تایبەتی سەبارەت بەو بەشەی کە باسی دەرەبەگایەتی کرد بوو. ( کە دیارە لە کتێبەکەشدا خۆی نامەکەی منی بڵاو کردووەتەوە.)

بەڕۆژ: کام کتێب؟

ئەمیر: کتێبی: " بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێ بێ". من نووسیبووم کە مامۆستا مەسعوود محەمەد بیروڕای ئەوەیە کە لە کوردستان دا دەرەبەگایەتی نیە و ئەگەریش هەیە، هیچ پێوەندی لە گەڵ دەرەبەگایەتی ئوڕووپا و وڵاتانی تر نییە. دوایە ئەو پێی وایە دەرەبەگی کوردستان جووتیاری کوردی نەچەوساندووەتەوە و ئەوان برا گەورەی کورد بوون. پێی وایە کە حاجی قادری کۆیی هیچ هەڵوێستی دژی دەرەبەگەکان نەبووە. من بە کورتی ئەوەم بۆ نووسی کە لێکدانەوەکەی تۆ لە باری تیۆری و سیاسی و فەلسەفییەوە لێکدانەوەیەکی دروست نییە. ئەویش هەر وەکوو خۆی لە کتێبەکەیدا نووسیویە، باسەکانی منی زۆر پێ ناخۆش بووە و وەڵامێکی وا دوورو درێژی داوەتەوە. منیش تا ئێستا وەختم نەبووە وەڵامی بدەمەوە، بەڵام هەوڵ دەدەم.
هەر لە کۆنەوە زۆر هەوڵ دەدەم کە لە باری ئابووری و کۆمەڵایەی کوردستان بگەم و لێکۆڵینەوەی لە سەر بکەم و فاکت و شتی وا کۆ بکەمەوە. خۆم تەجروبەی دێهاتی کوردستانم هەیە. لەوێدا ژیاوم، بەر لە اصلاحاتی زراعی. زمانی کوردیش پڕە لەوەی کە دەرەبەگایەتی و چەوسانەوەی دەرەبەگایەتی هەبووە. ڕۆنانە ، مەڕانە، بزنانە، ڕێواسانە، گوریسانە. هەرچی جووتیار بەرهەمی هەبووە تەنانەت ئەوانەی لە شاخ و کێوان کۆی دەکردەوە دەبوو ماڵیات بدا بە ئاغا. ئەوە ئەساسی چەوساندنەوەی دەرەبەگایەتی یە، گەرچی شتی دیکەشی تێدایە.
باسێ دیکەشی ئەوەیە کە مارکسیزم و ماتریالیسمی جەدەلی ڕاست و دروست نییە. بەڵام من پێم وایە مامۆستا لەو باسە دا شارەزاییەکی وا پێشانی خوێنەر نادا. بۆ نموونە : ئەو (مادە)ی ئەو باسی دەکا بە هیچ جۆرێک لە گەڵ (مادە)ی مارکسیزم یەک ناگرنەوە. لە مارکسیزم دا (مادە) ئەوە نییە کە دەکرێ دەستی لێ بدەی و بیبینی. (مادە) لە فەلسەفەی مارکسیستی دا، یانی هەر شتێک کە لە دەرەوەی مێشکی مرۆڤ دا هەن. واقعییەتی ئەو دنیایە، هەر شتێک کە بە چاو دەبینرێ و ئەوانەش کە بە چاو نابینرێن وەک : هەست و عالەمی روحانییەت و دنیای فیکر و بیر و تەواوی ئەوانە بەشێکن لە (مادە).
من پێم وایە کە مامۆستا باش لەوەش نەگەیشتووە کە کاتێ تۆ ماتریالیزم بەرپەرچ دەدەیەوە دەبێ بزانی کە مارکسیزم چۆن (مادە) شی دەکاتەوە. مادە لە فەلسەفەی مارکسیستی دا فەرقی هەیە لە گەڵ مادە لە فیزیک و شیمی دا. مادە لە فەلسەفەی مارکسیستی دا یانی هەموو ئەو شتانەی کە لە دەرەوەی لەشی مرۆڤد دا، لە دەرەوەی زەینی مرۆڤ دا بوونیان هەیە. ئەمەش هەم مەسەلەی روحانی دەگرێتە خۆ و هەم شتەکانی تر.

بەڕۆژ: سوپاس. تکایە لە کۆتایی دا ئەگەر قسەیەکت هەیە بۆ خوێنەرانی بەربانگ بفەرموو.

ئەمیر: من قەدەرێکە " بەربانگ" م بە دەست دەگا. هەوڵێکی زۆرم دا تاکوو بەربانگ م دەست کەوت. ئەم گۆڤارە چاک بڵاو نابێتەوە. کوردی دەرەوەی سوێد ئیمکانی وەدەست هێنانی بەربانگ یان نییە. پێم وایە دەبێ لەم بارەوە نەختێ خۆی رێک و پێک بکا، لە باری ئەدەبی و زمانی یەوە ( پێم وایە لە گەڵ کاک حەسەن یش باسمان کردووە) هەندێک کەم و کووڕی تێدایە. بەڵام بە گشتی گۆڤاری چاکە.

بەڕۆژ: سوپاس

Neuen Kommentar schreiben

Der Inhalt dieses Feldes wird nicht öffentlich zugänglich angezeigt.
CAPTCHA This question is for testing whether or not you are a human visitor and to prevent automated spam submissions.