Ana içeriğe atla

به‌رهه‌م سـاڵح: له‌سـلێمانی ته‌ده‌خول له‌كاروباره‌كانی‌ حكومه‌تدا هه‌یه‌

25/7/2010
سازدانی‌: هاوڵاتی‌

د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی‌ وه‌ڵامی‌ چه‌ندین پرسیاری‌ تایبه‌ت به‌بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كێشه‌كانی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ ده‌داته‌وه‌‌و به‌راشكاوی‌ ده‌ڵێت كاتێك كه‌كۆمه‌ڵێك چاكسازی‌ ده‌كه‌یت كێشه‌ت بۆ دروستده‌كرێت.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات هه‌وڵی‌ بنه‌بڕكردنی‌ بازرگانی‌ نامه‌شروع به‌نه‌وت رووبه‌ڕووی‌ ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه‌ چونكه‌ لێدانی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ژماره‌یه‌ك كه‌سه‌.

هاوڵاتی‌: رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌‌و هه‌ندێك میدیای‌ تر چه‌ندینجار مه‌له‌فه‌ی‌ به‌قاچاغبردنی‌ نه‌وتی‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا له‌رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمزی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ بڵاونه‌بووه‌وه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌كه‌وته‌ خۆی‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: ناكه‌ومه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م بڕیارانه‌‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ نیویۆرك تایمز‌و هاوڵاتی‌ بێت، هه‌ڵبه‌ته‌ كێشه‌یه‌كه‌‌و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك پرسیار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بازرگانی‌ نه‌وت، له‌و روونكردنه‌وه‌ی كه‌ داومانه‌ دوای‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ نیویۆرك تایمز‌وتوومانه‌ ده‌مانه‌وێت رێگری‌ بكه‌ین له‌هه‌ر بازرگانییه‌كی‌ نامه‌شروع.
كۆمه‌ڵێك بڕیار له‌ئارادا بووه‌، چه‌ند مانگێكیشه‌ ئیشی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت. جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ دواداچوونی بۆ كردووه‌‌و له‌ دواكۆبو‌ونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ‌وه‌زیران له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ كرده‌وه‌‌و ئێمه‌ش له‌حكومه‌ت به‌وردی‌ ئیشمان له‌سه‌ر كردووه‌‌و كۆمه‌ڵێك رێنمایی‌ گه‌ڵاڵه‌ كراون، رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ 19/7/2010 له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ‌وه‌زیراندا ئه‌م بڕیارانه‌ په‌سه‌ندكرا. بڕیاری هه‌مه‌ لایه‌نه‌یه‌‌و بازرگانیكردن به‌ به‌رهه‌مه‌نی‌ نه‌وت ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی‌ یاسا‌و به‌مۆڵه‌تی‌ ره‌سمی‌ بێت‌و هیچ بوارێكی‌ تر له‌وباره‌یه‌وه‌ قبوڵناكریت، دووباره‌ ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵویستی هه‌رێم كه‌ نه‌وتی‌ خاو نابێت له‌سنووره‌كانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ربچێت مه‌گه‌ر له‌ رێگه‌ی ره‌سمی بۆری كه‌ركوك جیهانه‌وه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین به‌پێی‌ ده‌ستووری‌ عێراق‌و یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌ بكه‌ین، ئه‌و بڕیارانه‌ ریكخستنی بواری بازرگانی به‌ نه‌وتی ره‌ش‌و مشته‌قاتی تری نه‌وته‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌بیت به‌ رێكای‌ قانو‌ونی‌و ئوسوڵی بێت.
هاوڵاتی‌: ئه‌گه‌ر نه‌وتی‌ ره‌ش له‌رێگه‌ی‌ به‌غداوه‌ بێت ‌وه‌ك حكومه‌تی‌ هه‌رێم رێگه‌ی‌ پێناده‌ن بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم؟
به‌رهه‌م ساڵح: ئه‌وه‌ی‌ له‌رێگه‌ی‌ به‌غداوه‌ بێت‌و مۆڵه‌تی‌ ره‌سمی‌ هه‌بێت بۆ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم رێگه‌ی‌ پێده‌ده‌ین، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ سو‌وته‌مه‌نیانه‌ی‌ كه‌دێت بۆ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، جاری‌‌واهه‌یه‌ قاچاغچێتی‌ به‌ به‌شێكی ئه‌م سووته‌مه‌نیه‌ ده‌كرێته‌وه‌‌و له‌ به‌شی هاوڵاتیان ده‌بڕێت‌و بێگومان ئه‌مه‌ش ناڕه‌وایه‌، بۆ ئه‌مانه‌ش میكانیزمێكمان داناوه‌ كه‌رێگه‌ له‌وه‌ بگرین، هه‌روه‌ها ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ ره‌شه‌ی‌ دێت بۆ كارگه‌كان‌و پرۆژه‌كان له‌به‌غداوه‌ هه‌ندێكی‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ بازرگانی‌ به‌كار بهێنرێت، میكانیزمان داناوه‌ كه‌له‌رێگه‌ی‌ یاساییه‌وه‌ مۆڵه‌ت پێدراو نه‌بێت هیچ به‌رهه‌مێكی‌ نه‌وتی‌ نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌. بڕیاریش دراوه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان‌و ‌وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ له‌خاڵه‌ سنورییه‌كان به‌رده‌وام چاودێری‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ بكات، هه‌روه‌ها تۆماره‌كانی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامارانه‌ی‌ لای‌ خۆمان هه‌یه‌ به‌و پێیه‌ لێپرسینه‌وه‌ی‌ پێویست بكه‌ین.
هاوڵاتی‌: چه‌ند پاڵاوگه‌ی‌ یاسایی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌یه‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: ژماره‌كه‌م لانییه‌، به‌ڵام یه‌كێكه‌ له‌و مه‌سه‌لانه‌ی‌ كه‌ كێشه‌یه‌، هه‌ندێك له‌و نه‌وته‌ی‌ كه‌ده‌درێت به‌پاڵاوگه‌كان به‌رهه‌مه‌كانی‌ به‌كارده‌هێنێت بۆ ئه‌م بازرگانییه‌‌و ناردنی‌ بۆ ئه‌ودیو سنوور. ئێستا چه‌ند پاڵاوگه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌كوردستاندا دروستبوون كه‌ هاوكارن بۆ دابینكردنی‌ به‌شی‌ سوته‌مه‌نی‌ پێویست بۆ ‌وڵاته‌كه‌مان، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ئه‌م پاڵاوگه‌ بچكۆلانه‌ هه‌ن هه‌ندێكیان مۆڵه‌تیان هه‌یه‌‌و هه‌ندێكیان نیانه‌، لایه‌نێكی‌ مه‌ترسیداری‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش بێجگه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی بازرگانی نامه‌شروع مه‌ترسی ئه‌م دامه‌زراوانه‌یه‌ بۆ ژینگه‌ی كوردستان. پێویسته‌ ئه‌م بواره‌ رێكبخه‌ینه‌وه‌ به‌ قازانجی خه‌ڵك‌و ئابووری ‌وڵاته‌كه‌مان، بۆیه‌ له‌م بڕیاره‌‌وامان داناوه‌ تا كۆتایی‌ ساڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌كلاییی‌ ببێته‌وه‌، هاوكاربین له‌وه‌زاره‌تی‌ پیشه‌سازی‌‌و بازرگانی‌، له‌وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ،‌وه‌زاره‌ته‌كانی‌ تر كه‌ ئه‌م پاڵاوگانه‌ بگۆڕدرێن بۆ به‌كارهێنانی تر، به‌ تایبه‌تی كه‌ پێویستمان به‌م جوره‌ پاڵاوگانه‌ نییه‌ به‌و جۆره‌ی‌ ئێستا.
هاوڵاتی‌: پێتوانییه‌ دوا به‌دوای‌ ئه‌م بڕیاره‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، كێشه‌ له‌لایه‌ن گه‌وره‌ بازرگان‌و خاوه‌ن پاڵاوگه‌كانه‌وه‌ بۆتان دروستببێت، له‌كاتێكدا كه‌ قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ به‌شێك له‌وانه‌ به‌رپرسی‌ له‌پشته‌وه‌یه‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: رۆژی‌ 19/7/2010 بڕیارێكی‌ گرنگی‌ تریشماندا، هه‌ر دیسانه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌ئه‌نجامی‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ‌وه‌زیران له‌گه‌ڵ كاك مه‌سعود، ئه‌ویش قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و كۆمپانیا ئه‌منیانه‌یه‌ كه‌وه‌ك ئاسایشی‌ تایبه‌ت كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییكاندا كارده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم خۆی‌ له‌رێگه‌ی‌ ‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆوه‌ ده‌زگایه‌كی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ هه‌بێت بۆ پاراستنی‌ دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كان، به‌پێی‌ ئه‌و ئامارانه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستی‌ مندایه‌ ئه‌و داهاته‌ی‌ كه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، نزیكه‌ی‌ 100ملیۆن دۆلاره‌. بێگومان به‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م بڕیاره‌‌و بڕیاره‌كانی تر كه‌سانێك زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن. بێگومان ئاسته‌نگ‌و كێشه‌‌و گیروگرفتمان بۆ دروستده‌كه‌ن. ده‌بێ بزانین كه‌ هه‌وڵی بنبڕكردنی بازرگانی‌ نامه‌شروع به‌به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان ده‌كه‌ین، رووبه‌ڕووی‌ كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی‌ ده‌بینه‌وه‌، ‌واتای‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاسته‌نگمان بۆ دروستده‌كه‌ن. به‌ڵام ‌وڵاتی‌ خۆمانه‌‌و ناكری لێگه‌ڕێین ناوبانگی بزڕێ‌و ئه‌ركی‌ سه‌رشانمانه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك‌و ناوبه‌نگی‌ میلله‌ت‌و ئه‌زمو‌ونه‌كه‌مان، بۆیه‌ ده‌بی رووبه‌ڕووی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ بینه‌وه‌. ده‌مه‌وێت ئه‌مه‌ش بڵێم ئه‌م بریارانه‌ به‌پشتیوانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم گه‌ڵاڵه‌ كراون‌و ئه‌ویش زۆر پێداگری‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی‌ كردووه‌، له‌ئه‌نجومه‌نی‌ ‌وه‌زیران به‌كۆی‌ ده‌نگ په‌سه‌ندكراوه‌، ده‌بێت بیكه‌ین.
هاوڵاتی‌: باسله‌وه‌ده‌كرێت گرێبه‌سته‌كانی‌ نه‌وت شه‌فاف نین، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێكی‌ ئاشكراكراوه‌، به‌ڵام ده‌وترێت لای‌ ‌وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌جانتایه‌كی‌ دبلۆماسیدایه‌، پیشانی‌ كه‌س نادرێن، قسه‌ت چییه‌ له‌وباریه‌وه‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: باشبوو كه‌خۆت ئاماژه‌تپێكرد كه‌ به‌شێكیان ئاشكراكراون، دوان له‌وانه‌له‌سه‌ر ماڵپه‌ری هه‌رێم بڵاوكراونه‌ته‌وه‌‌و پێشكه‌شی‌ حكومه‌تی‌ عێراقیش كراوه‌. بێگومان ده‌بێت هه‌موو گرێبه‌سته‌كان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و هاوڵاتیاندا به‌شه‌فافی‌ هه‌بێت، ئێمه‌ هیچ شتێكمان نییه‌ شاراوه‌ بێت‌و ده‌بێت ئاشكرا بێت به‌ پێی قانو‌ونی نه‌وتی هه‌رێم، به‌ڵام هه‌ندێك ئیجرائات‌و زه‌مینه‌ی گفتوگۆی هه‌رێم له‌گه‌ل به‌غدا‌وا ده‌خوازی جارێ هه‌موو گرێبه‌سته‌كان به‌ ته‌واوی ئاشكرا نه‌كرێن.
هاوڵاتی‌: باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ كێشه‌تان زۆره‌، له‌هه‌ولێر له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌‌و له‌سلێمانی‌ له‌لایه‌ن قوتبه‌كانی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت هێرۆخان‌و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، تاچه‌نده‌ ئه‌و بۆچوونانه‌ راستن؟
به‌رهه‌م ساڵح: من ‌وه‌كو سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له‌ ئه‌نجومه‌نی ‌وه‌زیران به‌رپرسین له‌ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت. به‌رنامه‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌رنامه‌ی‌ لیستی‌ كوردستانییه‌، به‌رنامه‌ی یه‌كێتی‌و پارتییه‌، نه‌ك شه‌خسی من یا هه‌ر كه‌سیكی تر. به‌رنامه‌ی نوێبوونه‌‌و چاكسازییه‌ كه‌ ئه‌و دوو هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ی كوردستان په‌سه‌ندیان كردووه‌‌و له‌ هه‌ڵبژاردنی 25\7 به‌ خه‌ڵكی كوردستانمان راگه‌یاندووه‌. بێگومان كه‌هه‌ندێك‌و بریار‌و ئیسڵاحات‌و لێپرسینه‌وه‌ ده‌كرێت كێشه‌ت بۆ دروستده‌كرێت، ئه‌گه‌ر بته‌وێت چاكسازی‌ بكه‌یت به‌ڵێ كێشه‌ت بۆ دروستده‌بێت، له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ده‌ده‌ی‌ دووچاری‌ رووبه‌ڕووبو‌ونه‌وه‌ ده‌بێت. به‌ دڵناییه‌وه‌ ده‌ڵێم سه‌رۆكی هه‌رێم پشتیوان‌و هاوكارمان بووه‌ له‌ پێداگرتن له‌سه‌ر جیبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانمان.
هاوڵاتی‌: كێشه‌ی‌ نێوان ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا‌و پارێزگاری‌ سلێمانی‌ به‌وه‌كاله‌ت به‌كوێ‌ گه‌شتووه‌ له‌كاتێكدا ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا دانانی‌ ئه‌و پارێزگاره‌ به‌نایاسایی‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، دواین بڕیار بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چییه‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: به‌داخه‌وه‌ كێشه‌یه‌كمان هه‌یه‌ له‌سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌ برایانی نێو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگادا. به‌ڵام به‌ڕاستی‌ سلێمانی‌ بۆته‌ قوربانی‌ ململانێ‌و كۆمه‌ڵێك حاڵه‌تی‌ ناجۆر، به‌داخه‌وه‌ ململانێكانی ئه‌مڕۆی‌ كوردستان له‌سلێمانیدا چڕبووه‌ته‌وه‌‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی سه‌لبی له‌سه‌ر ئاوه‌دانی‌‌و پێشكه‌وتنی‌ سلێمانی‌ هه‌بووه‌، سلێمانی‌ نرخی‌ ئه‌وه‌‌وه‌زعه‌ ناجوره‌ی داوه‌‌و به‌م پێیه‌ سلێمانی‌ غه‌درێكی‌ گه‌وره‌ی‌ لێكراوه‌. بۆیه‌ ناهێڵین ئه‌م ململانێیانه‌ ریگری بكات له‌ خزمه‌تی سلیمانی‌و ئارامی ره‌وشی سیاسی كوردستان پێویسته‌ بۆ خزمه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و سلێمانی‌ هه‌موو كۆك‌و هاوكار بین. پارێزگار به‌پێی‌ بڕیارێكی قانونی‌و ده‌ستووری دانراوه‌ كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی‌‌و راوێژ له‌گه‌ل ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا كراوه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا. دیاره‌ ئێستا هه‌ندێ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆچوونی‌ جیاوازیان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌و بڕیارانه‌ی‌ كه‌دراوه‌ بۆ جێگره‌كانی‌ پارێزگا. هه‌ڵویستی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بڕیارانه‌ به‌ پێی یاسا بووه‌‌و ئه‌گه‌ر سه‌لمێندرا كه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسابووبێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ڵیانده‌وه‌شێنینه‌وه‌. پارێزگار خۆشی‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی‌ یاسا‌و ناوخۆی‌ په‌رله‌مان دانیشتووه‌، پێمانوایه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ كا ئاڕاسته‌‌و په‌یڕه‌وی‌ كراوه‌ كارێكی‌ راست‌و دروسته‌. به‌ڵام سه‌ره‌رای مه‌سه‌له‌ یاساییه‌كه‌ باشتر‌وایه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا‌و پارێزگار هاوكار‌و هاوده‌نگ بن بۆ كاركردن‌و خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی.
هاوڵاتی‌: پێتوایه‌ به‌و داواكاریه‌ت كه‌ئه‌نجومه‌ن‌و پارێزگار هاوكاربن، یان به‌وه‌ ده‌گاته‌ چاره‌سه‌ر له‌كاتێكدا چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك به‌و هۆیه‌وه‌‌وه‌ستاون؟
به‌رهه‌م ساڵح: نه‌خێر پرۆژه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ندێك كێشه‌ هه‌بوو له‌رووی‌ راگرتنی‌ پرۆژه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆری‌ نه‌برد پرۆژه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی سلێمانی كیشه‌ی هونه‌ری‌و مقاولات‌و بێنه‌وبه‌ره‌ی تری تیابووه‌‌و چاودێری دارایی‌و ده‌زگاكانی تری پێداچوونه‌وه‌ كۆمه‌ڵێكی كێشه‌یان له‌م پرۆژانه‌ ده‌ستنیشانكردووه‌. به‌ جیدیش كارمانكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌موكورتیانه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ین‌و له‌لای‌ خۆشمه‌وه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵی‌ ناكه‌م پرۆژه‌كانی‌ سلێمانی‌ دوابخرێت. پارێزگار كاری‌ خۆی‌ هه‌یه‌، ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا چاودێری‌ ده‌زگا جێبه‌جێكاره‌كانی‌ پارێزگا ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و ململانێیه‌ ببێته‌ رێگری‌ له‌پرۆژه‌كانی‌ سلێمانی‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵی‌ ناكه‌ین، پرۆژه‌كان زیاد له‌جاران له‌كاردان، بڕۆ بۆ شاره‌وانی‌‌و ئاوه‌دانی‌و ‌وه‌به‌رهینان‌و كاره‌با‌و ئاو ژماره‌یكی زۆر پرۆژه‌یان له‌ جێبه‌جێكردندان.
هاوڵاتی‌: هێرۆخان له‌زۆر پرۆژه‌دا كه‌ده‌كرێنه‌وه‌ له‌سلێمانی‌ هاوڕێیه‌تی‌ به‌ڕێزتان ده‌كات، ئایا‌وه‌كو به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ 1ی‌ یه‌كێتی‌ له‌سلێمانی‌ به‌شدار ده‌بێت؟
به‌رهه‌م ساڵح: خانمی‌ یه‌كه‌می‌ عێراقه‌، جێگه‌ی سوپاسه‌ كه‌ به‌شداری له‌و مه‌راسیمانه‌ ده‌كات. زۆر جاریش بۆ ئه‌م بۆنانه‌ مه‌ڵبه‌ند‌و لق هه‌ندێك لایه‌نی‌ حیزبی‌ تریشی‌ به‌شدار ده‌بن. من پێت ناڵێم له‌سلێمانیدا ته‌ده‌خول له‌كاروباره‌كانی‌ حكومه‌تدا نییه‌، هه‌یه‌، یه‌كێك له‌كێشه‌كانی‌ سلێمانی‌ ئه‌و تێكه‌ڵاویی‌‌و ئه‌و شیرازه‌ تیكه‌ڵاوبوونه‌وه‌یه‌یه‌ به‌هۆی‌ ململانێكانی‌ رابردووه‌وه‌. له‌سلێمانی‌ كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی‌ گه‌وره‌ په‌كی‌ كه‌وتبوو، كه‌مپی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌، نه‌خۆشخانه‌ 400 قه‌ڕه‌وێڵه‌ییه‌كه‌، كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی‌ تر، به‌ڵام بێینه‌ سه‌رورده‌كارییه‌كه‌ی‌ ده‌توانین زۆر بڵێین. باشترین ‌وه‌ڵام كاركردن‌و خزمه‌ته‌. ئه‌مڕۆ ده‌ستمان به‌و پرۆژانه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی‌ نوێشمان ده‌ستپێكردووه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌كانی‌ تری‌ سلێمانی‌و كه‌رتی‌ تایبه‌ت له‌كارداین بۆ خزمه‌تكردنی‌ سلێمانی‌.
هاوڵاتی‌: له‌سه‌ر تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان، به‌رده‌وام ده‌زگا ئه‌منییه‌كان باسله‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ لیژنه‌یه‌ك هه‌یه‌ كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ی‌ به‌نیازن ئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ رابگه‌یه‌نێت؟
به‌رهه‌م ساڵح: هه‌ڵوێستی‌ خۆمان دووباره‌ده‌كه‌ینه‌وه‌، شه‌هیدبوونی‌ سه‌رده‌شتی‌ جوانه‌مه‌رگ كاره‌سات‌و تاوانێكی‌ ناڕه‌وا بووه‌ كه‌هیچ پاساوێكی‌ بۆ ناهێنرێته‌وه‌، ‌وه‌كو حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌ڵوێستی‌ خۆمان راگه‌یاندووه‌‌و هه‌مو‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كاره‌كانیان ته‌وابكه‌ن‌و بێنه‌وه‌ به‌رده‌می‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی‌ روون له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكرا بكه‌ن.
هاوڵاتی‌: ئاگاداری‌ كاره‌كانی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌یت؟
به‌رهه‌م ساڵح: كاك كه‌ریم سنجاری‌ ‌وه‌زیری ناوخۆ به‌شداره‌ له‌لێكۆڵینه‌وه‌كه‌‌و ئاگادارمان ده‌كاته‌وه‌، هه‌ندێك سه‌ره‌داو ده‌ستكه‌وتوون كه‌له‌سه‌ره‌تادا به‌دواداچو‌ونی‌ بۆ كرابوو، به‌ڵام هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌كان ته‌واو نه‌بووه‌.
هاوڵاتی‌: به‌شێك له‌ گه‌نجان گلیی‌ له‌حكومه‌ت ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ كه‌ ته‌نها یه‌ك ملیۆن دینار سولفه‌ی‌ زه‌واج ده‌دات به‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌چنه‌ پرۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیریه‌وه‌، به‌نیاز نین ئه‌و بڕه‌ زیاد بكه‌ن؟
به‌رهه‌م ساڵح: پێمخۆش بوو ده‌یان به‌رانبه‌ری ئه‌وه‌ بووایه‌، به‌ڵام ده‌رامه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌نده‌یه‌ ئه‌وه‌ش به‌زه‌حمه‌ت پێمان دابین ده‌كرێت. سه‌رباری ئه‌مه‌ش سولفه‌ی عه‌قار‌و هاوكاری نیشته‌جیبوون هه‌یه‌. ئه‌وه‌ ئێستا پرۆسه‌ی‌ تواناسازیمان هه‌یه‌ كه‌خوێندكار بنێرینه‌ ده‌ره‌وه‌‌و له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی‌وه‌زیران بڕیارمانداوه‌ ده‌رچووه‌ سه‌ركه‌تووه‌كانی زانكۆی ئه‌مساڵ بنێرینه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ خوێندنی باڵا. ئێستاش سه‌رقاڵی گه‌ڵاڵه‌كردنی كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ بێكاری‌ گه‌نجان.
هاوڵاتی‌: ماوه‌یه‌كه‌ مشتومڕێكی‌ زۆر دروستبووه‌ له‌سه‌ر زه‌وی‌ بێ‌ تاپۆ له‌سلێمانی‌، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و زه‌ویانه‌ شاره‌وانی‌ مۆڵه‌تی‌ خانوو كردنیان پێده‌دات، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ باسله‌وه‌كراوه‌ كه‌هه‌ر كه‌سیك بیكڕێت‌وه‌ك ئه‌وه‌‌وایه‌ بیدات به‌هه‌وا، ئێوه‌ قسه‌تان چیه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌فراوانبوونی‌ شاره‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ هه‌ر له‌سلێمانی‌ نییه‌‌و له‌شاره‌كانی‌ تریشدا هه‌یه‌، كاتێك شار فراوان ده‌بێت ‌وه‌ك سلێمانی‌ دێهاته‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ ده‌بێته‌ گه‌ڕه‌كێك، خه‌ڵكێك هه‌یه‌ له‌سلێمانی‌ ده‌یه‌وێت پارچه‌یه‌كی‌ زۆر له‌زه‌وی‌ بۆ خۆی‌ بفرۆشێته‌وه‌، به‌ڵام لێپرسینه‌وه‌ی‌ یاسایی‌ ده‌بێت، ده‌زگا یاساییه‌كان ئێستا چاودێری‌ چۆنێتی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كه‌ هه‌تا شار فراوان بێت‌و دێهاته‌كان نزیكبنه‌وه‌ له‌شاره‌كان زه‌قتر ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویستمان به‌چاره‌سه‌رێكی‌ سه‌رتاسه‌ریه‌ بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌.
هاوڵاتی‌: جه‌سره‌‌وه‌سه‌تیه‌ك هه‌یه‌ له‌نێوان گه‌ڕه‌كی‌ به‌كره‌جۆ بۆ تاسڵوجه‌ له‌سلێمانی‌، ئه‌وه‌ بۆ سێ جاره‌ تێكده‌درێته‌وه‌‌و ده‌ستكاری‌ ده‌كرێته‌وه‌، ئایا حكومه‌ت بۆچی‌ بودجه‌ی‌ خۆی‌ به‌فیڕۆده‌دات به‌و شێوه‌یه‌ له‌كاتێكدا بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵ عه‌جزی‌ هه‌یه‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: ئه‌و جه‌سره‌‌وه‌ستیه‌‌و كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی‌ ترمان هه‌یه‌ به‌ سه‌قه‌تی‌ كراوه‌، گۆڕان له‌پرۆژه‌كانی‌ سلێمانیدا به‌رێژه‌یی‌ 40% بووه‌، ‌واتا كه‌پرۆژه‌یه‌ك ملیۆنێك دۆلاری‌ بۆ دانراوه‌ بۆ ته‌واوبوونی‌، ته‌واو نه‌كراوه‌‌و گۆڕانكاری‌ تێدا كراوه‌ بودجه‌كه‌ی‌ بۆ 1ملیۆن‌و 400هه‌زار دۆلار به‌زر بووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌. نه‌ده‌كرا جه‌سره‌‌وه‌سه‌تیه‌ هه‌روا به‌ شیواوی بمێنێته‌وه‌. باش ته‌واو نه‌كرابوو‌و خراپ كراوه‌ له‌كاتی‌ پێشووتردا ئه‌وه‌ مه‌وزوعێكی‌ تره‌، ئێستا به‌پێی‌ دیزاینێكی‌ نوێ‌ له‌رێگه‌ی‌ كۆمپانیای‌ پسپۆڕه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، بریا له‌كاتی‌ یه‌كه‌مجاردا به‌باشی‌ بكرایه‌، هیوادارم ئه‌مجاره‌ دواجار بێت، به‌شێوازێكی‌ جوان ئه‌نجام بدرێت، سلێمانی‌ شایسته‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ سیمای‌ جوان بكرێت.
هاوڵاتی‌: به‌رده‌وام له‌سنوره‌كانی‌ توركیا‌و عێراقه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ئۆتۆمبێلێكی‌ زۆر به‌بێ حیسابكردن بۆ شه‌قامه‌كانی‌ كوردستان ده‌هێنرێته‌ ناوه‌وه‌، چی‌ ده‌كه‌ن بۆ سنورداركردنی‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: ئه‌وه‌ تێبینییه‌كی‌ به‌جێیه‌، زۆری‌ هاتنی‌ ئۆتومبێل نه‌ك هه‌ر كێشه‌یه‌ بۆ رێگاوبانه‌كان، كێشه‌یه‌ بۆ به‌كارهێنانی‌ سو‌وته‌مه‌نی‌‌و پیسكردنی ژینگه‌‌و له‌زۆر ‌وڵاتانی‌ دنیا زه‌وابتی بۆ دانراوه‌، به‌ڵام به‌رانبه‌ر به‌وه‌ش خۆشبه‌ختانه‌ خه‌ڵك ده‌رامه‌تی‌ باشتر بووه‌، ده‌بێت‌وه‌ك حكومه‌ت كاری‌ خه‌ڵك ئاسانبكه‌ین نه‌ك بارگرانی بكه‌ین‌و خه‌ڵك مافی خۆیه‌تی سه‌یاره‌ بكرێ. ماسته‌ر پلانی شاره‌كانی كوردستان ته‌واو بووه‌و ئێستا ماسته‌رپلانی‌ نوێی‌ سلێمانیمان هه‌یه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا تێبینیه‌كانی‌ خه‌ڵك ته‌واو ده‌بێت‌و گۆڕانكاری‌ زۆر له‌رێگا‌وبان‌و شوێنه‌كانی‌ تێدایه‌. هیوادارم ساڵی‌ داهاتوو شه‌قامی‌ سه‌د مه‌تری‌ له‌سلێمانی‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، بێجگه‌ له‌وه‌ شه‌قامی‌ باشماخ سلێمانی‌‌و چه‌ند شه‌قامێكی‌ تر هه‌یه‌ كه‌كاری‌ تێدا ده‌كه‌ین. هه‌ولێر كۆمه‌ڵیك جاده‌‌و رێگه‌ی نوێی بۆكراوه‌‌و جێگه‌ی ده‌ستخوشییه‌‌و به‌ دڵنییاوه‌ له‌ پایته‌ختیش پێویستمان به‌ فراوانكردنی جاده‌كان هه‌یه‌.
هاوڵاتی‌: رات چییه‌ له‌سه‌ر ئه‌ندامانی‌ لیستی‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ؟
به‌رهه‌م ساڵح: ئه‌ندامی‌ هه‌ڵبژێردراوی په‌رله‌مانن‌و لیستی‌ ئۆپۆزسیۆنن رۆڵی‌ خۆیان ده‌بینن ‌وه‌كو ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌هه‌ندێك له‌قۆناغه‌كانی‌ رابردوودا به‌ زمانیكی زبر‌و به‌ توندی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا ئاڕاسته‌ ده‌كرد. له‌وانه‌یه‌ قۆناغێك بووبێت په‌یوه‌ستی‌ هه‌ڵبژاردن‌و كێشمه‌ كێشمی‌ هه‌ڵبژاردن بووبێت، به‌ڵام ئێستا هیوادارم په‌یوه‌ندی حكومه‌ت‌و ئۆپۆزسیۆن به‌ شیوازیكی تر ئاڕاسته‌ بكه‌ین. ئه‌نجام ئێمه‌ ته‌واوكه‌ری یه‌كترین له‌ پرۆسه‌ی دیموكراسیدا. ئۆپۆزسیۆن كۆڵه‌كه‌یه‌كی‌ گرنگی ژیانی‌ دیموكراسیه‌، رۆڵی‌ ئه‌وان گرنگه‌ له‌ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ بڕیاری‌ حكومه‌ت‌و پێشكه‌وتنی‌ به‌رنامه‌ی‌ چاكسازی‌، به‌ڵام ده‌بێت ئۆپۆزسیۆنێكی‌ بنیاتنه‌ر بێت. بێگومان ئێمه‌ش ‌وه‌كو حكومه‌ت ده‌بێت گوێبیستی‌ تێبینی‌‌و سه‌رنجه‌كانی‌ ئه‌وان بین تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌ مه‌به‌ست لێیان بیناكردن‌و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی‌ پرۆسه‌ی‌ چاكسازی‌ كردنی‌ ‌وڵاته‌كه‌مان بكات.
هاوڵاتی‌: له‌كاتی‌ ئاهه‌نگی‌ ده‌رچووانی‌ خوێندكارانی‌ زانكۆكاندا لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان مژده‌یه‌ك ده‌ده‌ن به‌خوێندكاران بۆ دامه‌زراندن، به‌ڵام دواتر حكومه‌ت دایان نامه‌زرێنێت، ئه‌مه‌ به‌ڵێنه‌ بۆچی‌ ده‌درێت كه‌جێبه‌جێ ناكرێت؟
به‌رهه‌م ساڵح: ئێمه‌ خه‌ڵك ده‌ستخه‌ڕۆ ناكه‌ین‌و به‌ راشكاوی ده‌ڵێم به‌ داخه‌وه‌ حكومه‌ت ناتوانێت هه‌موو ده‌رچووانی‌ زانكۆ دابمه‌زرێنێت. ژماره‌یه‌كی‌ زۆرمان ئه‌مساڵ دامه‌زراندووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌‌وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌‌و ناوخۆ هه‌ندێك ‌وه‌زاره‌تی‌ تر. به‌ڵام كێشه‌ی بێكاری گه‌نجان كێشه‌یه‌كی هه‌ره‌ گه‌وره‌مانه‌. به‌ دامه‌زراندنیان له‌ حكومه‌ت ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نابێت. بۆیه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ ‌وه‌زاره‌تی‌ كاروكاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و داراییدا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پسپۆڕ‌و شاره‌زادا خه‌ریكی‌ گه‌ڵاڵه‌كردنی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ هه‌مه‌ لایه‌نین بۆ ‌وه‌گه‌ڕخستنی هێزی‌ كاری گه‌نجان، چ له‌رێگه‌ی‌ پێدانی‌ قه‌رزی‌ بچوك‌و چ به‌ رێگه‌ی خولی‌ پیشه‌ییه‌وه‌ چ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كه‌رتی‌ تایبه‌ت كه‌هه‌لی‌ كار بۆ گه‌نجان بدۆزینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌من بپرسی‌ كێشه‌ی‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌مان كێشه‌ی‌ بێكاری گه‌نجه‌، هه‌م كێشه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ هه‌م كێشه‌ی‌ ئابووریه‌، ئه‌گه‌ر تواناستی‌ ئه‌وانه‌ به‌كارنه‌هێنرێت‌و هه‌لی‌ كاریان بۆ نه‌ڕه‌خسێنیت له‌كۆمه‌ڵگادا. بۆیه‌ مه‌به‌ستمانه‌ كه‌كاری‌ جیدی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ بكه‌ین.
هاوڵاتی‌: به‌شێك له‌هاوڵاتیانی‌ سلێمانی‌ باسله‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ولێر به‌به‌راورد به‌شاره‌كه‌یان ئاوه‌دانی‌‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ زۆر كه‌متره‌، كه‌ی‌ كۆتایی‌ به‌و قسه‌یه‌ دێت كه‌سلێمانیش لانی‌ كه‌م بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: من سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانم زۆر خۆشحاڵم به‌و پێشكه‌وتنه‌ی‌ له‌هه‌ولێر هه‌یه‌، بێگومان ده‌بێت هه‌موو كاربكه‌ین زیاتریش خزمه‌ت به‌ هه‌ولێری پایته‌خت بكه‌ین. هه‌روه‌ها ۆ دهۆك‌و بۆ هه‌موو شاره‌كانی كوردستان. ‌وه‌كو له‌مه‌وپێش باسم كرد سلێمانی‌ قوربانی‌ ململانێیه‌كی‌ ناجۆر‌و ناڕه‌وا بوو‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی سلبی له‌ سه‌ر پرۆژه‌كانی سلێمانی هه‌بووه‌. هیوادارم به‌و به‌رنامانه‌ی‌ كه‌دامان ناوه‌ بتوانین قه‌ره‌بووی رابووردوو بكه‌ینه‌وه‌. له‌م ماوه‌یه‌ی‌ رابردوودا كۆمه‌ڵێك شتی‌ گرنگمان كردووه‌، هیوادارم ئه‌نجامی ده‌ربكه‌وێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێتان ده‌ڵێم ‌وه‌ك سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كیمه‌ خزمه‌تی‌ هه‌موو شاره‌كانی‌ كوردستان بكه‌م، به‌ڵام ‌وه‌كو خه‌ڵكێكی‌ سلێمانی‌ ده‌بێت ‌وریای‌ هه‌ندێك ‌ورده‌كاری‌ سلێمانی‌ بم، شه‌ونخونی‌ بۆ ده‌كه‌م‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام موتابه‌عه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كان ده‌كه‌م،‌وه‌كو رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ موتابه‌عه‌ بكه‌ن له‌م ماوه‌یه‌ی‌ رابردوودا چ پرۆژه‌یه‌ك هێنراوه‌ته‌ سلێمانیه‌وه‌، ناكرێ بۆ من بڵێم‌وامان كردو‌وامان كرد، ده‌مه‌وێت به‌و ئیشانه‌ی‌ ده‌یكه‌ین‌و به‌ كرداره‌كانمان‌و به‌ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ كاره‌كانمان خه‌ڵكی‌ به‌ویژدان بڕیاری خۆی بدات.
هاوڵاتی‌: ته‌نها یه‌ك ‌وه‌زیری‌ ژن له‌كابینه‌ی‌ شه‌شه‌مدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش گله‌یی‌ زۆری‌ هێنایه‌ سه‌ر حكومه‌ت، چی‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌دانانی‌ بریكاری‌ ‌وه‌زاریره‌كاندا قه‌ره‌بووی‌ ئه‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: بریا ژنی ترمان له‌‌وه‌زاره‌ته‌كه‌دا جێگیر بووایه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ‌وه‌زاره‌ته‌كاندا‌و ئه‌و پاڵێوه‌راوانه‌ی پێشكه‌شمان كرابوو زۆر به‌ داخه‌وه‌ ته‌نها یه‌ك ‌وه‌زیری ژنمان پێ جێگیر كرا له‌‌وه‌زاره‌تدا. هه‌شت مانگێكه‌ ده‌ستبه‌كارین له‌حكومه‌تدا‌و تائێستا بریكاری‌ ‌وه‌زاره‌ته‌كانمان دانه‌ناوه‌، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا هه‌ڵبژاردنمان له‌ رێ بوو سه‌رباری كۆمه‌ڵێ كێشمه‌كێشمی‌ سیاسی تر. سه‌باره‌ت به‌ دانانی‌ جێگری‌ ‌وه‌زیر نامانه‌وێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ دۆخی‌ جاران كه‌ بڵێن ‌وه‌زیرێكی‌ پارتی‌ جێگرێكی‌ یه‌كێتی‌ هه‌بێت‌و رێگرییه‌كی‌ بۆ دروست بكه‌ین یان پێچه‌وانه‌كه‌ی، ده‌مانه‌وێت جێگر له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پسپۆڕی‌‌و شاره‌زایی‌ دابنرێت، من ناڵێم 100% ده‌توانین ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ر نه‌بیت له‌وه‌زاره‌ته‌ خه‌ده‌میه‌كاندا به‌و شێوازه‌ ده‌مانه‌وێ كار بكه‌ین.
هاوڵاتی‌: چه‌ندین گوندی‌ نیشته‌جێبوون ده‌كرێنه‌وه‌، یه‌كێك له‌و گوندانه‌ كۆمه‌ڵگای‌ لاوانه‌ له‌هه‌ولێر، ده‌لێن پرۆژه‌كه‌ تا گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌قف سه‌رپه‌رشتیاری‌ نه‌بووه‌، ئایا هه‌موو پرۆژه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ن؟
به‌رهه‌م ساڵح: به‌لێ كێشه‌مان له‌و بواره‌دا هه‌یه‌. سه‌رۆكی ده‌سته‌ی‌وه‌به‌رهێنان ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی بۆ باسكردووین له‌ ئه‌نجومه‌نی‌‌وه‌زیران‌و تائكیدی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویستی‌ به‌دروستكردنی‌ ده‌زگایه‌كی‌ سه‌رپه‌رشتیار كه‌بتوانێت (زه‌وابت)ی‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ ئه‌و پرۆژانه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ، كێشه‌مان هه‌یه‌ له‌وباره‌‌وه‌و نایشارمه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌مان هه‌یه‌ بۆ به‌دواداچوون هه‌ندێكمان كردووه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ قه‌واره‌ی‌ ‌وه‌به‌رهێنان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌بووه‌ تائێستا 13ملیار دۆلار قه‌باره‌ی‌ ‌وه‌به‌رهێنانه‌ له‌كوردستاندا، 10ملیار دۆلاریش به‌ڕێوه‌یه‌‌و پێشكه‌ش به‌ده‌سته‌ی‌ ‌وه‌به‌رهێنان كراوه‌، میزانیه‌ی‌ ‌وه‌به‌رهێنانی‌ حكومه‌ت، ساڵانه‌ سێ ملیار دۆلاره‌، ‌واتا قه‌باره‌ی‌ سێ به‌رانبه‌ر میزانیه‌ی‌ ‌وه‌به‌رهێنانه‌.
ده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت خۆیان سه‌رپه‌رشتی‌ سێ ملیار دۆلار ده‌كه‌ن، تۆ بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ ئه‌م قه‌باره‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ ‌وه‌به‌رهێنان پێویستت به‌ده‌زگایه‌كی‌ پسپۆڕتر‌و به‌توانا تر هه‌یه‌.
هاوڵاتی‌: له‌سه‌رده‌می‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردندا یه‌كێك له‌و به‌ڵینانه‌ی‌ كه‌به‌ خه‌ڵكتاندا ئه‌وه‌ بوو كه‌ كابینه‌ی‌ شه‌شه‌م ده‌بێت زۆر شه‌فاف بێت، به‌تایبه‌تی‌ بودجه‌ی‌ حیزبه‌كان، ئێستا ئایا بودجه‌ی‌ حیزبه‌كان ‌وه‌ك پێشتر ماوه‌ته‌وه‌ یان كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، پاشان هۆكار چییه‌ له‌ئاشكرانه‌كردنیان؟
به‌رهه‌م ساڵح: بودجه‌ی‌ حیزبه‌كان به‌ته‌ئكید كه‌مكراوه‌ته‌وه‌‌و گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ی‌ به‌سه‌ردا هاتووه‌‌و تائێستاش ‌وه‌كو میزانیه‌ نادرێت، به‌ڵكو ‌وه‌كو سولفه‌‌و قه‌رز پێیان ده‌درێت تا یاسای‌ حیزبه‌كان ئه‌وكات یه‌كلایی‌ ده‌كرێته‌وه‌.
هاوڵاتی‌: ئه‌مه‌ مافی‌ هاوڵاتیانه‌كه‌بزانن ئه‌و بڕه‌ چه‌نده‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: ئه‌وه‌ له‌حیسابی‌ خیتامی‌ ده‌رده‌چێت، من ناڵێم مافی‌ هاوڵاتیان نییه‌، مافی‌ هاوڵاتیانه‌، به‌ڵام ‌وه‌عدێكمان داوه‌ به‌خه‌ڵك كه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ خه‌رج ده‌كرێت، میزانیه‌ دانراوه‌ بۆ حیزبه‌كان 90ملیار دیناره‌ له‌وه‌‌وتو‌ومانه‌ به‌قه‌رز خه‌رجده‌كرێت، به‌شێكی‌ زۆر له‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ده‌درا به‌حیزب‌و رێكخراوه‌كان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، رۆژی‌ 19/7/2010كۆمه‌ڵێك بڕیاری‌ گرنگماندا، یه‌كێك له‌وانه‌ پیاچو‌ونه‌وه‌ بوو بۆ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی، كه‌پاره‌یه‌كی‌ زۆر له‌و بواره‌دا ده‌ڕوات، به‌شێك له‌رێكخراوه‌كان سوودی‌ زۆریان هه‌بووه‌ بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌مان، به‌ڵام به‌شێكیان له‌به‌رخاتر‌و خاترێنه‌ پاره‌ی‌ بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌، كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌مووی‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر پێوه‌رێك‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌فاف بۆیان خه‌رج بكرێت، یه‌كێك له‌و هه‌نگاوه‌ گرنگانه‌ش كه‌ هه‌ر هه‌مان رۆژ داومانه‌ یه‌كخستنی‌ رێنماییه‌كانی سلێمانی‌‌و هه‌ولێره‌ به‌میكانیزمێكی‌ هاوبه‌ش ئه‌و بودجه‌یه‌یان بۆ خه‌رج بكرێت، بڕه‌ پاره‌كه‌ كه‌م ده‌كه‌ینه‌وه‌ تا له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پرۆژه‌ داوای‌ پاره‌ بكه‌ن له‌حكومه‌ت.
هاوڵاتی‌: ئه‌م پێوه‌ره‌ بۆ میدیاش به‌نیازن جێبه‌جێ بكه‌ن؟
به‌رهه‌م ساڵح: به‌رنامه‌مان ‌وایه‌ بۆ میدیاكانیش دای‌ بنێین، به‌ڵێ زۆربه‌ی‌ میدیاكان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پاره‌‌وه‌رده‌گرن، ئه‌وه‌ به‌كارهێنانی‌ سامانی‌ گشتییه‌، پیویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌فاف‌و كراوه‌ بێت، هیوادارم زۆر نه‌بات كه‌ بتوانین شێوازی‌ دابه‌شكردنی‌ پاره‌ به‌سه‌ر ئه‌و میدیایانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پێوه‌ربێت.
هاوڵاتی‌: ئه‌و سلفه‌یه‌ی‌ كه‌دانراوه‌ بۆ حیزبه‌كان، هه‌موویانی‌ گرتووه‌ته‌وه‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: به‌ڵێ
هاوڵاتی‌: به‌گۆڕانیشه‌وه‌؟
به‌رهه‌م ساڵح: گۆڕان تائێستا حیزب نه‌بوون‌و تازه‌ بوونه‌ته‌ حیزب، برایانی‌ گۆڕان هاتن داوای‌ سولفه‌یان كردووه‌ ‌وه‌ك حیزبه‌كانی‌ تر، له‌به‌رده‌می‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ‌وه‌زیراندایه‌‌و هیوادارم زۆر نه‌بات بڕیارێك له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بده‌ین.
هاوڵاتی‌: ئه‌گه‌ر ئه‌و مینحه‌یه‌ شمولیان بكات، پاره‌ی‌ مانگه‌كانی‌ پێشوویان پێده‌ده‌ن؟
به‌رهه‌م ساڵح: جارێ با بڕیارێك له‌وه‌ بده‌ین، گۆڕان قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاسییه‌‌و 25په‌رله‌مانتاری‌ هه‌یه‌ له‌كوردستان، ده‌بێت مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ له‌گه‌ڵدا بكه‌ین.
هاوڵاتی‌: گله‌ییه‌ك هه‌یه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ ‌وه‌به‌رهێنان له‌كوردستاندا، به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵێك كۆمپانیای‌ دیاری‌ كراو بۆ چه‌ندینجار زه‌ویان پێده‌درێت بێ به‌رانبه‌ر بۆ یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبوون، ئه‌مانه‌ قازانجێكی‌ زۆر ده‌كه‌ن كه‌ رێژه‌كه‌ی‌ زۆر زۆره‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ئه‌م پرۆژانه‌یان هه‌یه‌ كه‌سانی‌ دیاریكراون، ئه‌مانه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌وه‌ی‌ كه‌ شه‌ریكی‌ ده‌سه‌ڵاتن؟ له‌وباریه‌وه‌ چی‌ ده‌ڵێن؟
به‌رهه‌م ساڵح: هه‌ر به‌رپرسێكی‌ حكومه‌ت، هه‌ركه‌سێك له‌ده‌سه‌ڵاتدا بێت له‌موقیعی‌ به‌رپرسیارێتیدا بێت له‌خۆمه‌وه‌ بۆ هه‌ر كه‌سێكی‌ كه‌، پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی بۆ قازانج‌و بازرگانی‌ شه‌خسی به‌كاربهێنیت،‌واتایه‌كی‌ تری‌ نییه‌ غه‌یری‌ دزی نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ یاسا‌و ئه‌خلاقیشه‌.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌خه‌ڵك قازانج ده‌كات، بێگومان ‌وه‌به‌رهێن كار ده‌كات بۆئه‌وه‌ی‌ قازانج بكات، پیرۆزیان بێت، ئه‌وه‌ی‌ له‌كه‌رتی‌ نیشته‌جێبووندا كراوه‌ ده‌ستكه‌وتی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌ بۆ ئه‌م ‌وڵاته‌، كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌كۆڵ خه‌ڵك كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئایا به‌مونافه‌سه‌ ناكرێت كه‌ ئه‌و نرخانه‌ داببه‌زێنرێت، به‌ڵێ ده‌كرێت‌و مونافه‌سه‌ش هه‌یه‌،ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ئێمه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی‌ پوخت‌و دیار‌و شه‌فاف مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ‌وه‌به‌رهێنه‌كاندا بكه‌ین، به‌ڵێ قازانج ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیوادارم قازانجه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ بارگرانی‌ بۆ خه‌ڵك دروست نه‌كات.
هاوڵاتی‌: كه‌حكومه‌ت زه‌وی‌ بێ به‌رانبه‌ر ده‌دات به‌وه‌به‌رهێنه‌ر، مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ نییه‌ كه‌نرخیان بۆ ده‌ستنیشان بكات؟
به‌رهه‌م ساڵح: كردوومانه‌، گرێبه‌سته‌كانی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ‌وه‌به‌رهێنه‌ر ده‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت زه‌وی‌ ده‌دات به‌‌وه‌به‌رهێنه‌كان ده‌ڵێت به‌‌و نرخ‌و دیزاینه‌ ئه‌و یه‌كانه‌ دروست بكه‌ن، حكومه‌ت رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ده‌كات له‌سه‌ر نرخه‌كه‌ی‌، ئێستا ته‌نافوسێكی‌ زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر مۆڵه‌تی‌ ‌وه‌به‌رهێنان بۆ بواری‌ نیشته‌جێبوون، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌كۆمپانیاكان داوای‌ دروستكردنی‌ یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبوون ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ناتوانین مۆڵه‌ت بده‌ین به‌هه‌موویان چونكه‌ سنوردارین له‌رووی‌ سندوقی‌ نیشته‌جێبوونه‌وه‌.
هاوڵاتی‌: ئه‌و رووداوه‌ی‌ كه‌له‌ئوتێل سۆما له‌سلێمانی‌ ر‌و‌ویدا، تاچه‌نده‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌پێداچوونه‌وه‌ به‌دروستكردنی‌ باڵه‌خانه‌كاندا بكه‌ن؟
به‌رهه‌م ساڵح: بێگومان، خۆی‌ به‌پێی‌ یاسا هیچ باڵه‌خانه‌یه‌ك مۆڵه‌ت به‌دروستكردنی‌ نادرێت ئه‌گه‌ر مواسه‌فاتی‌ تێدا نه‌بێت، به‌ڵام دیاره‌ له‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و یاسایه‌دا كه‌مته‌رخه‌می‌ كراوه‌ ئه‌وه‌ش كێشه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌، بڕیاریشمانداوه‌ كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌و باڵه‌خانانه‌دا بكرێت، هه‌مووی‌ پشكنینی‌ بۆ ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌یه‌كی‌ دیاریكراودا خۆیان نه‌گونجێنن له‌گه‌ڵ ئه‌و رێنماییانه‌دا ده‌بێت دابخرێن، ئه‌وه‌ بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌‌وه‌زیرانه‌. پاشان هیچ بینایه‌كی‌ نوێش مۆڵه‌تی‌ پێنادرێت، ئه‌گه‌ر له‌جێبه‌جێ كردنی‌ ئه‌و یاسایه‌دا كه‌مته‌رخه‌می‌ هه‌بێت

Yeni Yorum yaz

Bu alanın içeriği gizlenecek, genel görünümde yer almayacaktır.

Düz metin

CAPTCHA This question is for testing whether or not you are a human visitor and to prevent automated spam submissions.