Direkt zum Inhalt

زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌ توركییه‌كان له‌قولاَیی خاكی‌ هه‌رێمدان

عومه‌ر ستار
ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌ توركییانه‌ی‌ به‌ رێككه‌وتنی‌ بارزانی‌‌و توركیا هاتنه‌ ناو هه‌رێمه‌وه‌، تائێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌
تائێستا ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییانه‌ی‌ سوپای‌ توركیا كه‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ پارێزگای‌ دهۆك (نزیك له‌سنوری‌ توریكا‌و هه‌رێمی‌ كوردستان) جێگیرن شوێنه‌كانیان چۆڵنه‌كردووه‌. هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ پێشوو بڕیاری‌ لابردنی‌ ئه‌و بنكانه‌یاندا.
له‌ساڵی‌ 1997 به‌پێی رێككه‌وتنی‌ نێوان پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و توركیا، چوار بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دانران، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی‌ پارێزگای‌ دهۆك‌و شاری‌ زاخۆوه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كان له‌و كاته‌وه‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌ توركییه‌كان له‌ناوچه‌كانی‌ بامه‌ڕنی‌ (باكوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ دهۆك)، دێرالوك، كانی‌ ماسی، سیرسی جێگیرن‌و تائێستاش له‌چالاكییه‌كانیان به‌رده‌وامن‌و بنكه‌كانیان چۆڵنه‌كردووه‌.
له‌و ماوه‌یه‌دا هێزه‌كانی‌ توركیا هاوكارییان پێشكه‌ش به‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كرد به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانی‌ دژی‌ هێزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌.
له‌و بنكانه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ربازانی‌ توركی‌‌و چه‌ك‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ سه‌ربازی‌ جێگیركراون.
هه‌رچه‌نده‌ له‌ساڵی‌ 2008 په‌رله‌مانی‌ كوردستان بڕیاری‌ لابردنی‌ ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌ توركیانه‌یدا له‌ناو قوڵایی خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام هێشتا بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌‌و ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییانه‌ له‌شوێنه‌كانی‌ خۆیان ماونه‌ته‌وه‌.
په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ ئه‌وكات ناوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بوو له‌ 26/2/2008 له‌دانیشتنێكی‌ نائاسایدا كه‌ بۆ تاوتوێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ سوپای‌ توركیا بۆ ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سازیكردبوو داوای‌ داخستنی‌ ئه‌و بنكانه‌ی‌ كرد.
په‌رله‌مان له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌یانێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌‌و تێیدا هاتبوو «پێویسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌خێرایی كاربكات بۆ لابردنی‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ توركیا له‌ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.«
هه‌روه‌ها داوای‌ له‌حكومه‌تی‌ توركیا كردبوو ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییانه‌ چۆڵبكات كه‌ له‌كاتێكی‌ نائاساییدا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان جێگیركران، داواشی‌ له‌ له‌حكومه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا كرد سه‌روه‌ری‌‌و ئاسمانی‌ هه‌رێم بپارێزێت‌و رۆڵی‌ یاسایی خۆی‌ بگێڕێت.
ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامی‌ خولی‌ پێشووی‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی‌ سه‌وز باسی له‌وه‌كرد كه‌له‌و دانیشتنه‌دا راسپارده‌یه‌ك درایه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ لابردنی‌ ته‌واوی‌ بنكه‌كانی‌ سوپای‌ توركیا له‌ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
ئاریز عه‌بدوڵا وتی‌ «ئه‌و كات بنكه‌كانی‌ توركیا له‌هه‌ولێریش هه‌بوون به‌ڵام چۆڵكران، ئه‌گه‌ر ئێستاش ئه‌و 4 بنكه‌یه‌ی‌ تر مابن ده‌بێت پرسیار له‌ حكومه‌ت بكرێت كه‌بۆچی‌ لاینه‌بردوون.«
دوای‌ حه‌وت رۆژ له‌ داواكه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌رۆژی‌ 3/3/2008 له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ كارده‌كات بۆ داخستنی‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ توركیا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان.
هه‌روه‌ها وتی‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پاڵپشتی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌كات‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كه‌وه‌‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ به‌غدا گفتوگۆ ده‌كه‌ن.
بارزانی‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ دانانی‌ ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییانه‌ی‌ توركیا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌پێی رێككه‌وتنێك بووه‌ له‌ساڵی‌ 1997 كه‌ رێگه‌ به‌توركیا ده‌دات چوار بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان دابنێن.
ئارێز عه‌بدوڵا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد هه‌ر هێزێكی‌ توركیا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌بێت به‌ره‌زامه‌ندی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت نییه‌‌و پێویستیش ناكات بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ توركی‌ له‌هه‌رێم هه‌بێت.
وتیشی‌ «ئه‌گه‌ر ئه‌و بنكانه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان مابن ده‌بێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم رو‌ونیبكاته‌وه‌ كه‌ بۆچی‌ ئه‌و بنكانه‌ تائێستاش له‌هه‌رێمی‌ كوردستانن.«
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ خولی‌ پێشوو پێیوایه‌ بوونی‌ هه‌ر بنكه‌‌و باره‌گایه‌ك به‌بێ ره‌زامه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا پێشێلكردنی‌ سه‌روه‌ری‌ خاكی‌ عێراقه‌.
به‌پێی راپۆرتێكی‌ رێكخراوی‌ CPT كه‌ له‌ساڵی‌ 2009 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ به‌ناونیشانی‌ (له‌كوێ په‌یمان هه‌بێت له‌وێ مه‌رگه‌سات هه‌یه‌) كه‌ سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌كانی‌ تۆپباران‌و بۆرودومانه‌كانی‌ توركیا‌و ئێران ئاماده‌كراوه‌، مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ساڵی‌ 1994 رێككه‌وتنێكی‌ زاره‌كی‌ له‌گه‌ڵ توركیا به‌ستووه‌ بۆ هێرشكردنه‌ ئه‌ودیو سنور.
راپۆرته‌كه‌ له‌زاری‌ دانیشتوویه‌كی‌ گوندی‌ كانی‌ ماسییه‌وه‌ گواستوویه‌تییه‌وه‌كه‌ «توركه‌كان له‌ساڵی‌ 1996ه‌وه‌ له‌نزیك شاره‌كه‌ بنكه‌ی‌ سه‌ربازییان داناوه‌.«
هه‌روه‌ها له‌ساڵی‌ 2007 سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا‌و عێراق رێككه‌وتنێكیان ئیمزاكردووه‌ بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ توركی‌-عێراقی‌ له‌ساڵه‌كانی‌ 1926-1946-1948 سه‌باره‌ت به‌ سنوره‌كانی‌ نێوانیان، تێیدا بنه‌مای‌ یاسایی ده‌هێننه‌وه‌ بۆ ده‌ستێوه‌ردانی‌ ته‌واوی‌ سوپای‌ توركیا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ ئه‌نكه‌ره‌ بیه‌وێت.

په‌كه‌كه‌: ئه‌و بنكانه‌ هێزی‌ پرۆفیشناڵی‌ لێیه‌
سه‌باره‌ت به‌م بنكانه‌ ئه‌حمه‌د ده‌نیز به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌ توركیانه‌ی‌ ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هێزی‌ پڕۆفیشناڵی‌ لێیه‌‌و سیخوڕی‌ له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌‌و باشوری‌ كوردستان ده‌كه‌ن.
ده‌نیز به‌ هاوڵاتی‌ وت «ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌ توركیانه‌ی‌ ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كاری‌ جیاواز ده‌كه‌ن‌و له‌گه‌ڵ دژایه‌تی‌ په‌كه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت كۆنتڕۆڵی‌ باشوری‌ كوردستانیشیان به‌ده‌سته‌وه‌بێت.«
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌و هێزانه‌ چالاكی‌ نهێنی‌‌و هه‌واڵگری‌ له‌دژی‌ هه‌رێم ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و فاكته‌رێكی‌ هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد ئه‌و بنكانه‌ی‌ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دیاركراو بۆ شه‌ڕی‌ په‌كه‌كه‌ هاته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێویستبوو دواتر دابخرێت.
ده‌نیز ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو به‌پێی زانیارییه‌كانیان ژماره‌ی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ ئه‌و بنكانه‌ روو له‌زیادبوون ده‌كه‌ن‌و چه‌كی‌ قورسیش به‌كارده‌هێنن.
هه‌روه‌ها وتی‌ «كه‌ئامانجی‌ ئه‌و هێزه‌ ته‌نها په‌كه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئامانجی‌ به‌رفراوانیان هه‌یه‌ دژی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.«

جه‌وهه‌ر نامیق: ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌رمی‌ هه‌رێم له‌بوونی‌ ئه‌و بنكانه‌ به‌رپرسیاره‌
جه‌وهه‌ر نامیق سالم یه‌كه‌مین سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌و بنكانه‌ به‌ بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم جێگیر نه‌بوون تاكو به‌ بڕیاری ئه‌وان ده‌رچێت.
جه‌وهه‌ر نامیق له‌لێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی‌ وتی‌ «له‌ سه‌ر په‌رله‌مانه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و جێگره‌كه‌ی بانگ بكات تا هاتن‌و مانه‌وه‌ی ئه‌و هێز‌و بنكه‌ سه‌بازیانه‌ی توركیا له‌ خاكی هه‌رێم یه‌كلایبكه‌نه‌وه‌.«
جه‌وهه‌ر نامیق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری‌ لابردنی‌ ئه‌و بنكانه‌ی نه‌داوه‌، به‌ڵكو راسپارده‌ی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ داوه‌ به‌حكومه‌ت «راسپاردكه‌ش هێزی (یاسایی) نییه‌ وه‌ك (بڕیار).«
هه‌روه‌ها وتی‌ «پاش 2003 ئه‌مه‌ریكاو ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندو حكومه‌تی هه‌رێم به‌ر پرسیارن له‌ ده‌ركردنی ئه‌وه‌ هێزانه‌ كه‌ چی به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ ئاگادارین ده‌بینین نه‌ ئه‌مه‌ریكا نه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و نه‌حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و بنكانه‌ی‌ ده‌رنه‌كرد، نه‌ په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌ دواچوونی بۆ راسپارده‌كه‌ی‌ خۆی‌ كرد.
جه‌وهه‌ر نامیق باسی له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییانه‌ی‌ توركیا له‌ناو خاكی‌ هه‌رێم سیخوڕی‌ له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌‌و هه‌رێم‌و عێراقیش ده‌كه‌ن‌و هه‌روه‌ها «ئه‌م بنكه‌و هێزه‌ سه‌ربازیه‌ سیخوریه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك له‌ خاكی هه‌رێم، سه‌ره‌ رمی هێرش‌و تاوانن له‌ سه‌ر باشوری كوردستان‌و مه‌ترسیه‌ له‌سه‌ر پرسی كورد‌و خه‌ڵكی كورد‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.«
ناوبراو پێیوایه‌ «ئه‌و بنكه‌و سه‌ربازانه‌ وه‌ك كۆنتڕۆڵی (پانتایی‌و ژماره‌)‌و قه‌باره‌ی هێزی توركیا له‌ هه‌رێم، دوور نییه‌ له‌ بوونیان له‌ باكووری (قبرص) زیاتر بێت.«
یه‌كه‌مین سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان لوتكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌رمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌به‌رپرسیاری‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و بنكانه‌ی‌ سوپای‌ توركیا له‌ناو خاكی‌ هه‌رێم داده‌نێت.
له‌باره‌ی‌ بێده‌نگی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم له‌باره‌ی‌ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و بنكانه‌، جه‌وهه‌ر نامیق وتی‌ كه‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمی هه‌رێم خاوه‌ن بڕیاری سه‌ربه‌خۆی خۆی نییه‌ له‌ عێراق. بێ حیساب تێكه‌ڵی گه‌مه‌ نیشتمانی‌و هه‌رێمی‌و نێوده‌وڵه‌تی بووه‌.
هه‌روه‌ها وتی‌ «تێكه‌ڵبوونی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری‌و بازرگانی تایبه‌تی له‌ ئاستی بازنه‌ی ته‌سكی ئه‌و لوتكه‌یه‌‌و حه‌سمنكردنی ده‌سه‌ڵات‌و لاوازی ئۆپۆزسیۆن، یه‌ك له‌ فاكته‌ره‌ گرنگه‌كانی ئه‌و بێده‌نگی‌و چاونوقاندنه‌یه‌‌.«
هاوڵاتی‌ په‌یوه‌ندیكرد به‌ كاوه‌ مه‌حمود وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام وتی‌ كه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌یه‌. دواتر هاوڵاتی‌ په‌یوه‌ندیكرد به‌ شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی‌ وت كه‌ هیچ زانیارییه‌كی‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ لا نییه‌.

Hawlati

Neuen Kommentar schreiben

Der Inhalt dieses Feldes wird nicht öffentlich zugänglich angezeigt.
CAPTCHA This question is for testing whether or not you are a human visitor and to prevent automated spam submissions.