ته‌وه‌ر: ئه‌ی ره‌قیب هه‌ر ماوه قه‌ومی کورد زمان
Written by ساقی بارزانی - ئه‌مریکا
ساقی بارزانی: سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب، به بێ هیچ ده‌مارگیرییه‌كی ئایینی یان نه‌ته‌وه‌یی، سرودێكی نیشتمانییه.
ماویه‌ک به‌ر له‌ئێستا له دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ سایتی حزبه‌که‌ی "کۆمه‌ڵنیوز" دا مامۆستا عه‌لی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی سوكایەتی بە سروودی نەتەوەیی كورد "ئه‌ی ره‌قیب" کرد و بە موڵكی پارتی و یەكێتی له‌قه‌ڵه‌مدا، وه‌ک دژکرده‌وه‌یه‌ک له هه‌مبه‌ر ئه‌و قسانه‌ی ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شێک له رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانی کوردستان ئەو لێدوانەی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیان ئیدانە کرد و رایانگه‌یاند: عه‌لی باپیر دەبێت داوای لێبووردن لە میللەتی كورد بكات.
بۆچی کۆمه‌ڵی ئیسلامی بێرێزی به سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ره‌قیب ده‌کات؟ بۆچی له روانگه‌ی شه‌رعییه‌وه ئاوڕ له سروودی ئه‌ی ره‌قیب ده‌درێته‌وه؟ ئایین و نه‌ته‌وه تا چه‌ند دژی یه‌کترین؟
راڤه به باشی زانی ئه‌م بابه‌تانه بکاته ته‌وه‌ر و له هه‌ر ژماره‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسێک ئه‌م پرسانه بخاته به‌ر باس و راڤه‌یه‌ک بۆ لێدوانه‌کانی عه‌لی باپیر ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان بکات.
له‌م ژماره‌یه‌دا هه‌ر یه‌ک له ساقی بارزانی سه‌رنووسه‌ری ماڵپه‌ڕی کڵاورۆژنه و به‌دره‌دین ساڵح، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و هه‌ڤاڵ نه‌ژاد رۆژنامه‌نووس و چالاکی مه‌ده‌نی بیر و ڕای خۆیان ده‌خه‌نه روو.
ساقی بارزانی رۆژنامه‌نووس و سه‌رنووسه‌ری ماڵپه‌ڕی "کڵاورۆژنه" له‌سه‌ره‌تا باسی سروودی ئه‌ی ره‌قیبی بۆ راڤه کرد که چۆن بۆته سروودی نه‌ته‌وه‌یی کوردان و گوتی: " سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب سرودێكی پیرۆزی نیشتیمانییه كه به هه‌زاران كورد له پێناویدا شه‌هید بوونه و سروودێكی نیشتیمانیه که وه‌ک سه‌رجه‌م سرووده‌كانی ووڵاتانیتر جێی ڕێز و بایه‌خه و به‌شێكه له پیرۆزێتی نه‌ته‌وه‌یی كه ته‌نانه‌ت له ئایینیش ڕێز بۆ خاك و نه‌ته‌وه دانراوه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که بۆچی سروودی نیشتیمانی ئه‌ی ره‌قیب له لایه‌ن ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامی بێرێزی پێده‌کرێ ساقی بارزانی پێی وایه" ئه‌م کاره پیشێل‌کردنی مافی کۆمه‌ڵگه‌یه و ده‌بێ هه‌موو لایه‌نێک به هه‌ر بیروباوه‌رێک رێز له سروودی ئه‌ی ره‌قیب بگرێ و له‌مباره‌وه گوتی: "ناكرێ مه‌ودای ئازادیی بیركردنه‌وه به‌رته‌سك بكه‌ین، وه‌لێ پێویسته له هه‌ندێ بابه‌ت كه هه‌ستی خه‌ڵكی ده‌وروژێنن، دووره‌په‌رێز بین. هه‌روه‌سا له كاتی مامه‌له كردنیش له‌م جۆره بابه‌ته هه‌ستیارانه به گیانی نیفاقییهت و دووڕوویی ڕه‌فتار نه‌كه‌ین ... كاتێك كه بێڕێزیی به‌رامبه‌ر به ئایین ده‌كرێ، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك سكاڵا دژ به كه‌سه‌كه تۆمار ده‌كه‌ن و خوازیاری دادگاییی ده‌بن و ڕه‌نگه‌ش خوازیار بن حكومه‌ت هه‌ڵوێست وه‌رگرێ، چونكه به قسه‌ی خۆیان بێڕێزیی به‌رامبه‌ر به بیروباوه‌ڕی خه‌ڵك كراوه، ئه‌ی بۆ بێڕێزی به‌رامبه‌ر به سروودێكی نیشتمانی كه مه‌شخه‌ڵی شۆڕشی كوردایه‌تی بووه و زۆربه‌ی كوردستانیان باوه‌ڕیان پێیه، پپێشێل كردنی مافی كۆمه‌ڵگه نییه؟ سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب، به بێ هیچ ده‌مارگیرییه‌كی ئایینی یان نه‌ته‌وه‌یی، سرودێكی نیشتمانییه و پێدڤییه هه‌موو كوردێك به هه‌موو بیروباوه‌ڕێكه‌وه ڕێزی لێ بگرێ".
تێبینی: ئه‌م راپۆرته له ژماره 16ی گۆڤاری راڤه له هه‌ولێر بڵاوکراوه‌ته‌وه.