نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌رگریی له میدیای ئازاد ده‌كه‌ین
سازدانی: هۆشیار عه‌بدوڵا
نه‌وشیروان مسته‌فا له ساڵیادی هه‌ڵبژاردنه مێژویه‌كه‌ی 25/7/2009ی په‌رله‌مانی كوردستان كه لیستی گۆڕان سه‌ركه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ستهێنا ته‌ئكید له‌وه ده‌كاته‌وه كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه.
له‌م دیداره‌دا كه‌به‌رنامه‌ی ڕوبه‌ڕوی كه‌ناڵی KNN له‌گه‌ڵیدا رێكیخستوه، نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له‌وه ده‌كات كه له‌ماوه‌ی (18)ساڵی رابردودا، خه‌ڵك پێی وابو، ئه‌وه‌ی ببێت به حیزبی بۆ مشهخۆریو ئیمتیازاته، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌وڵیداوه مه‌نزومه‌ی قیه‌می ئه‌خلاقی سیاسیی له‌كوردستانی عێراقدا بگۆڕێت.
KNN: ساڵێك تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر (25/7)دا، ئه‌و رۆژه‌ی بۆ گۆڕان بوه‌ته رۆژێكی مێژویی‌و زۆر باسی ده‌كرێت، ئه‌و رۆژه‌ی كه گۆڕانخوازه‌كان، یاخود ئه‌وانه‌ی كه پشتیوانیی ئێوه‌یان كرد، توانییان ژماره‌یه‌كی گه‌وره، یاخود فراكسیۆنێكی به‌هێزی په‌رله‌مانیتان بۆ دروست بكه‌ن، ساڵێك تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ئه‌و مێژوه‌دا، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یاخود گۆڕان چی كردوه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: ئه‌گه‌ر حسابی ئه‌وه بكه‌ین كه‌چه‌ند كه‌سمان ته‌عین كردوه، یاخود موچه‌مان بۆ چه‌ند كه‌س بڕیوه‌ته‌وه، ره‌نگه ئه‌وه گونجاو نه‌بێت، به‌ڵام ئێمه له‌سه‌ر ئاستی سیاسیی ته‌ماشای كاره‌كه ده‌كه‌ین، ئێمه چه‌ند ئیشێكی گه‌وره‌مان كردوه، گرنگترین شت ئه‌وه‌یه كه ئێمه ئسلوبی ململانێی سیاسییمان له كوردستانی عێراقدا، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه گۆڕی، به‌درێژایی (50)ساڵی رابردو، هه‌رچه‌ند له جوڵانه‌وه‌ی كورددا ناكۆكی دروست بوبێت، مونافه‌سه دروست بوبێت، ململانێ دروست بوبێت، لایه‌ك په‌نای بردوه‌ته به‌ر چه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به‌زه‌بری چه‌ك سه‌ر به‌لایه‌كی دیكه دابنه‌وێنێت، یاخود ناكۆكییه‌كانیان به زه‌بری چه‌ك به‌لادا بخه‌ن، ئێمه بۆ یه‌كه‌مینجار له‌مێژوی نوێی كوردستانی عێراقدا، ئسلوبی ململانێی سیاسییمان گۆڕی له‌ململانێی چه‌كداره‌وه بۆ ململانێی سیاسیی‌و پێموایه، ئه‌وه سه‌روه‌رییه‌كی گه‌وره‌یه كه بۆ گۆڕان تۆمار ده‌كرێت، ئێمه ناكۆك بوین له‌گه‌ڵ حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا، به‌ڵام په‌نامان نه‌برده به‌ر چه‌ك، په‌نامان نه‌برده به‌ر توندوتیژیی، په‌نامان نه‌برده به‌ر شه‌ڕ، په‌نامان نه‌برده به‌ر بێگانه، به‌ڵكو په‌نامان برده به‌ر میلـلهتهكهمانو سندوقی ده‌نگدان، په‌نامان برده به‌ر هه‌ڵبژاردن‌و پێشموایه، ئێمه سه‌ركه‌وتوبوین، ئێستا توانیومانه هێزێكی سیاسیی رێكخراو، چه‌ند فراكسیۆنێكی سیاسیی لهههولێرو له‌به‌غدا، له‌سه‌ر جاده هێزێكی سیاسیی بۆ ململانێی سیاسیی ئاماده بكه‌ین، شانبه‌شانی ئه‌مه، گۆڕینێكی دیكه‌مان به‌دیهێناوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له‌ماوه‌ی (18)ساڵی رابردودا، خه‌ڵك پێی وابو، ئه‌وه‌ی ببێت به حیزبی بۆ مشه‌خۆرییه، بۆ ئیمتیازاته، بۆ ئه‌وه‌یه كه ته‌عین بێت، بۆ ئه‌وه‌یه كه وه‌زیفه‌یه‌كی باشتر وه‌ربگرێت، ئێمه هه‌وڵمانداوه، مه‌نزومه‌ی قیه‌می ئه‌خلاقی سیاسیی له‌كوردستانی عێراقدا بگۆڕین به‌وه‌ی كه كاری سیاسیی و به‌شداریكردن له‌كاری سیاسیی ته‌نیا بۆ مشه‌خۆری نییه، به‌ڵكو بۆ خۆشه‌ویستیی نیشتمانه، بۆ خۆشه‌ویستیی گه‌له، بۆ به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی نه‌ته‌وه‌یه، بۆ ئه‌وه‌یه كه له‌ژیانی رۆژانه‌دا له‌كاروباری حكومه‌تیدا، خزمه‌تكردن به‌خه‌ڵك، چاككردنی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، ده‌ستپاكیی، داوێنپاكیی، دڵسۆزیی له‌ئیشوكاردا، دڵسۆزیی بۆ گه‌ل، دڵسۆزیی بۆ نیشتمان، ئه‌مه له‌و قییه‌مه سیاسییه به‌رزانه‌ن كه گۆڕان جارێكی دیكه هێناونیه‌ته‌وه بۆ سه‌ر ساحه‌ی كاركردنی سیاسیی، ئه‌وانه‌ی كه دێن له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ئیش ده‌كه‌ن، نه‌ك هه‌ر هیچ ئیمتیازێكیان ده‌ست نه‌كه‌وتوه، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌وه كه ئه‌و گۆڕانه بنه‌ڕه‌تییه‌مان كردوه له ململانێی سیاسیی‌دا، ئه‌و گۆڕانه بنهڕهتیهمان كردوه له ئه‌خلاقی سیاسیی‌دا، هه‌زاران كه‌س له‌ئێمه توشی قوربانیدان بون، توشی سزا بون، توشی ناڕه‌حه‌تی بون، توشی نانبڕین بون، توشی فه‌قیری بون، توشی بێكاری بون، له‌نرخی ئه‌وه‌دا، ئه‌وه‌مان داوه‌و پێشموایه، ئه‌وه سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌یه، بێگومان له‌پاڵ ئه‌م دو سه‌ركه‌وتنه‌دا كه به‌ده‌ستمانهێناون، له‌پاڵ ئه‌م دو گۆڕانه‌دا كه كردومانه، گۆڕانی دیكه‌شمان كردوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه تا حه‌ددێكی زۆر ده‌توانین بڵێین، ئێستا قیاده‌ی سیاسیی كورد، هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان، له‌كاروباره‌كانیاندا به‌جۆرێك له جۆره‌كان شهفافییهتێكیان په‌یدا كردوه، له گفتوگۆكانی ئه‌م دواییه‌ی وه‌فدی كوردی له‌به‌غدا ده‌توانن نمونه‌كه بهێننه‌وه.
KNN: درێژه‌ده‌ده‌ن به‌م نه‌هجه، به‌م سیاسه‌ته، به‌تایبه‌ت كه له‌دوای (25/7)ه‌وه، بۆ نمونه ئێوه ده‌تانتوانی به‌شداریی بكه‌ن له‌حكومه‌ت، به‌ڵام نهتانكرد، تا كهیو تاچه‌ند درێژه ده‌ده‌ن به‌م نه‌هجه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م مه‌نزومه ئه‌خلاقییه‌ی كه باسی ده‌كه‌یت، له‌كوردستاندا بیكه‌ن به‌نه‌ریت، یاخود كلتورێكی سیاسیی؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: ئه‌وه به‌ستراوه به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌لومه‌رجی سیاسیی كوردستانه‌وه، ئێمه كار بۆ ئه‌وه ناكه‌ین كه به‌ته‌نیا هه‌ر ره‌خنه بگرین‌و هه‌ر بڵێین فڵان شت خراپه‌و بێگومان ئێمه هه‌ر كارێكی باش كه حكومه‌ت بیكات، پشتیوانیی لێدهكهینو ده‌نگی بۆ دهدهینو ئیسپاتیشمان كردوه له‌په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌و شتانه‌ی كه ئێمه به‌لامانه‌وه راست‌و باش بون، پێمانوابوه قازانجی میلله‌ته‌كه‌مانی تێدایه، به‌بـێ ئیعتیراز ئێمه‌ش موافه‌قه‌تمان له‌سه‌ر كردوه‌و ده‌نگمان بۆ داوه، ئێمه ئیش بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین له‌پاشه‌ڕۆژدا بێگومان ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی بگرینه ده‌ست، یه‌عنی ئه‌و به‌رنامه سیاسییه‌ی كه ئێمه هه‌مانه، به‌ته‌نیا به موعاره‌زه‌یی جێبه‌جێ نابێت، ره‌نگه له رێگه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئێمه موعاره‌زه ده‌كه‌ین، ره‌نگه بتوانین به‌رامبه‌ره‌كه‌مان ناچار بكه‌ین هه‌ندێك جار وه‌كو چۆن له دۆمینه‌دا به‌رامبه‌ره‌كه‌ت مه‌جبور ده‌بێت له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كه پوله‌كه له‌ده‌ستیدا بتۆپێت، مه‌جبوره بێته خواره‌وه، هه‌ندێك جاری وا هه‌یه كه ده‌سه‌ڵات ئیجبار ده‌كه‌یت هه‌ندێك شت بكات به‌قازانجی خه‌ڵك، كه له‌ئه‌نجامی زهختـی تۆدایه، ره‌نگه ئێمه نه‌توانین هه‌مو شته‌كان به‌ده‌ستی خۆمان بكه‌ین، به‌ڵام لاكه‌ی دیكه ئیجبار ده‌كه‌ین كه ئه‌و بیكات به‌قازانجی میلله‌ته‌كه‌مان، له‌و كاته‌دا ئێمه پشتیوانیی ده‌كه‌ین، ئێمه له‌پاشه‌ڕۆژیشدا كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین كه فیعله‌ن ده‌سه‌ڵات بگرینه دهستو له رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه ئه‌و به‌رنامه سیاسییه‌ی كه‌هه‌مانه جێبه‌جێی بكه‌ین.
KNN: سه‌باره‌ت به‌وه كه به‌رامبه‌ر ناچار ده‌كه‌ن كۆمه‌ڵێك ئیش بكات، دواجار ده‌ڕژێته‌وه جۆگه‌له‌ی ئێوه‌وه، ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا وه‌كو نوكته‌یه‌كی سیاسیی باس ده‌كرا كه هه‌تا شه‌قامێك قیرتاو ده‌كرا، ده‌یانوت ئه‌مه ده‌ستخۆشییه بۆ گۆڕان، یان ئه‌وه‌ی كه ده‌وترێت، ته‌نانه‌ت دیاریكردنی بودجه‌ی ئهحزابو بڕینی به‌شێكی ئه‌م بودجه‌یه، دیسانه‌وه هه‌ر له‌ژێر فشاری ئۆپۆزسیۆن‌و به‌دیاریكراویش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا بوه، ئه‌مانه به‌ده‌ستكه‌وتی خۆتان ده‌زانن؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: به‌ڵـێ، هه‌رچی شتێكی باش له‌م وڵاته‌دا بكرێت، به ده‌ستكه‌وتی خۆمانی ده‌زانین، یان هیچ نه‌بێت ده‌ستێكی ئێمه‌ی تێدایه.
KNN: بابێینه سه‌ر ته‌وه‌ری دوه‌م كه ئازادی رادهربڕینو ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریه، ئازادیی، له ستراتیژی سیاسیی ئێوه‌دا چییه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: ئازادیی، له ستراتیژی سیاسیی ئێمه‌داو چه‌مكی ئازادیی به‌گوێره‌ی زه‌مان، به‌گوێره‌ی زه‌مین، به‌گوێره‌ی جیاوازی ئایدیۆلۆژی، جیاوازه له گروپێكه‌وه بۆ گروپێكه‌وه دیكه، حیزبێكی شمولی، یاخود ئایدیۆلۆژیه‌تێكی شمولی، ئایدیۆلۆژیه‌تی لیبراڵی مه‌فهومی جیاوازیان هه‌یه، بێجگه له‌وه‌ش ئازادیی له‌لای چینییه‌كان، له‌لای نیپاڵییه‌كان، له‌لای ئینگلیزییه‌كان، له‌لای ئه‌مریكاییه‌كان، له‌لای سویدییه‌كان، هه‌ریه‌كه به‌جۆرێك له ئازادیی تێده‌گات، به‌ڵام بێگومان ئێمه ئازادیمان به‌لاوه گرنگه كه بریتییه له ئازادیی سیاسیی، ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئازادیی رۆشنبیریی، دابینكردنی ئه‌م جۆره ئازادییانه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا به‌لای ئێمه‌وه زۆر زۆر گرنگن، ئێمه پێمانوایه، ئازادیی تاك، یان ئازادیی كۆمه‌ڵ كاتێك ته‌واو ده‌بێت كه ده‌گاته سنوری ده‌ستپێكردنی ئازادیی تاكێكی دیكه یان كۆمه‌ڵێكی دیكه‌و پێمانوایه، ته‌نیا سنور بۆ ئازادیی ئه‌وه‌یه كه ده‌ستدرێژی نهكردێته سه‌ر ئازادیی خه‌ڵكی دیكه، مه‌فهومی ئازادیی لای ئێمه ئه‌وه‌یه.
KNN: ئێستا له كوردستاندا‌و له دۆخه سیاسییه‌كه‌شدا، باس له‌وه ده‌كرێت، باس له‌سنوردانان بۆ ئازادیی ده‌كرێت به‌بیانوی خراپ به‌كارهێنانی ئازادییه‌وه، بۆچونتان له‌م باره‌یه‌وه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: ئه‌وه بۆچونێكی ورد نییه، چونكه له كوردستاندا یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی ده‌رچوه، خراپ به‌كارهێنانی رۆژنامه، ئه‌و قانونه ده‌توانێت رێگه‌ی لـێ بگرێت، ئه‌گه‌ر به رێكوپێكی جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و قانونه كه نزیكه‌ی دو ساڵه له په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌رچوه، به‌ڵام تا ئێستا له دادگاكانی كوردستاندا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌و پێموایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و قانونه جێبه‌جێ بكرێت، ره‌نگه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر بتوانێت رێگه له‌وه بگرێت كه ئازادیی رۆژنامه‌وانی خراپ به‌كار نه‌هێنرێت.
KNN: بۆچونێك هه‌یه كه سیاسییه‌كانی كورد وه‌ك پێویست له ئازادیی تێنه‌گه‌یشتون، كێشه‌ی تێگه‌یشتن له ئازادییان هه‌یه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: پێموایه، ئه‌وه راست نییه، سیاسییه‌كانی كورد به‌درێژایی ته‌مه‌نی خۆیان كاریان كردوه له‌پێناوی دابینكردنی ئازادییدا، باوه‌ڕم وایه كه بهچاكـی له ئازادیی تێگه‌یشتون، به‌ڵام وه‌ختێك تۆ ده‌گه‌یته ده‌سه‌ڵات، پاراستنی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌وێته سه‌رو پاراستنی ئازادییه‌وه.
KNN: با بێینه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادیی راده‌ربڕین، راده‌ربڕین یاخود ئازادیی را له ستراتیژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا چۆنه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: ئازادیی راده‌ربڕین له‌لای ئێمه چ له‌ئاستی تاكو چ له‌ئاستی كۆمه‌ڵ، ئازادیی راده‌بڕین بریتییه له‌وه‌ی كه رۆژنامه‌ی ئازاد هه‌بێت، ته‌له‌فزیۆنی ئازاد هه‌بێت، رادیۆی ئازاد هه‌بێت، سینه‌مای ئازاد هه‌بێت، بێجگه له‌وه خه‌ڵك ئازادیی خۆپیشاندان‌و مانگرتن‌و رێپێوان‌و كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزای هه‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌یبه‌ستینه‌وه به‌وه‌ی كه ده‌بێت دادگا سه‌ربه‌خۆ بێت، ئازادیی هه‌بێت، زانكۆكان سه‌ربه‌خۆ بن‌و ئازادییان هه‌بێت، مزگه‌وته‌كان سه‌ربه‌خۆ بن‌و ئازادییان هه‌بێت، بازاڕ سه‌ربه‌خۆ بێت‌و ئازادیی هه‌بێت، ئه‌مه هه‌موی به‌یه‌كه‌وه گرێدراوه له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا.
KNN: جیاوازیی هه‌یه له‌نێوان راگه‌یاندن، یاخود ئازادیی راگه‌یاندن له دۆخی شۆڕشدا، له دۆخی حوكمڕانیدا؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: به‌ڵـێ، بێگومان له زه‌مانی شۆڕشدا، من باسی شۆڕشی كوردستانی عێراق ده‌كه‌م، نامه‌وێت مه‌سه‌له‌كه بگشتێنم، ته‌عمیمی بكه‌م بۆ هه‌موی، له‌سه‌رده‌مێكدا كه تۆ لهشۆڕشدای خه‌باتی چه‌كدار ده‌كه‌یت، خه‌باتی نهێنیی ده‌كه‌یت، خه‌باتی رێكخراوه‌یی ده‌كه‌یت، له‌به‌رامبه‌ری تۆدا هێزێكی دڕنده به‌هه‌مو چهكێكو شهبهكهیهكـی جاسوسـی فراوانی‌و راگهیاندنو ئیعلامو ئه‌مانه‌ی هه‌یه، له‌و حاڵه‌ته‌دا ره‌نگه پاراستنی ئاسایشی شۆڕشه‌كه، یان پاراستنی ئاسایی جوڵانه‌وه چه‌كداره‌كه، پاراستنی ئاسایشی رێكخراوه سیاسییه‌كه، ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌یه له‌چاو مه‌سه‌له‌ی ئازادییدا، یه‌عنی پاراستنی ئاسایشی شۆڕشه‌كه تاحهددێكی زۆر سنور داده‌نێت بۆ ئازادیی رادهربڕینو ئازادیی بچوك ده‌كاته‌وه، له‌كاتێكدا هه‌مو شۆڕشه‌كه له‌پێناوی به‌دیهێنانی ئازادییدا ئیش ده‌كات، وه‌ختێك كه تۆ ده‌سه‌ڵاتت گرته ده‌ست، مه‌فروزه ئازادیی له وڵاته‌كه‌دا جێبه‌جێ بكه‌یت، مه‌فروزه ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه كاتی خۆی بهخهڵكتداون جێبه‌جێیان بكه‌یت، تۆ له فهترهیهكدا كه فه‌تره‌ی شۆڕش بوه، داوات له‌خه‌ڵك كردوه، قوربانیی بده‌ن، قوربانییان ته‌نیا به‌ژیانی خۆیان نه‌داوه، به‌ڵكو قوربانییان به‌وه داوه كه ته‌نازولیان له به‌شێك له ئازادییه‌كانی خۆیان كردوه له‌پێناو ئه‌وه‌ی كه ئازادییه‌كه‌ی گه‌وره‌تر بهێننه‌دی كه ئه‌ویش ئازادیی وڵاته‌كه‌یانه، وڵاتێكی ئازاد، به‌تاكی ئازاد‌و به‌كۆمه‌ڵـی ئازاده‌وه ده‌بێت.
KNN: كاروانی سیاسیی ئێوه له‌گه‌ڵ كاروانی رۆژنامه‌گه‌ریتان، تا راده‌یه‌ك به‌یه‌كه‌وه ده‌ستپێده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می رۆژنامه‌ی رزگارییدا، بۆچونێك هه‌یه كه ئازادیی راگه‌یاندن، یاخود ئازادیی بیروڕا له‌سیاسه‌تدا سنوردارتره، تاكو رۆژنامه‌گه‌ریی، وایه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: به‌ڵـێ، ئه‌وه راسته، چونكه ئه‌وانه‌ی ده‌چنه ناو رێكخراوێكی سیاسییه‌وه به‌ئاره‌زوی خۆیان، ده‌بێت پابه‌ندبن به‌به‌رنامه سیاسییه‌كه‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌وه لهحیزبێكهوه بۆ حیزبێكی دیكه‌و له رێكخراوێكه‌وه بۆ رێكخراوێكی دیكه ده‌گۆڕێت، پابه‌ندبون به‌به‌رنامه‌ی سیاسیی حیزبێكه‌وه، به‌شێك له‌و ئازادییه‌ت لـێ ده‌ستێنێته‌وه، بێگومان ئه‌مه له حیزبێكی شمولیدا، له حیزبێكی تۆتالیتاردا پابهندییهكه زۆر به‌هێزتره، په‌راوێزی ئازادیی زۆر كه‌متره وه‌ك له‌حیزبێكی لیبراڵی، ره‌نگه په‌راوێزی ئازادیی له حیزبێكی لیبراڵی‌دا زیاتر بێت، ماوه‌ی ئیشكردنت زیاتر بێت.
KNN: كۆمپانیای (وشه)تان دامه‌زراند بۆ ره‌خنه، به فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆشتان ره‌خنه به‌زمانی گوڵ، به‌ڵام ئێستا تا راده‌یه‌ك ده‌زگاكانی راگه‌یاندن وه‌كو ئۆرگانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌رده‌كه‌ون، سیاسه‌تی ئاڕاسته‌كردن، یاخود سیاسه‌تی راگه‌یاندنی ئێوه چۆنه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: ئێمه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا كۆمپانیای (وشه) هه‌موی ته‌سلیم به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بكه‌ین، یان وه‌كو ده‌زگایه‌كی جیاواز‌و سه‌ربه‌خۆ بمێنێته‌وه، تا ئێستا له‌ناو خۆماندا لهگفتوگۆداینو ساغمان نه‌كردوه‌ته‌وه، من زۆر به‌لامه‌وه گرنگه كه له كوردستاندا ده‌زگای راگه‌یاندنی ئازاد هه‌بێت، زۆر زۆر به‌لامه‌وه گرنگه كه ئێمه چاو له میلـله‌تانی پێشكه‌وتوی دنیا بكه‌ین، میلـله‌تانی پێشكه‌وتوی دنیا، حیزبه‌كانیان داموده‌زگای ئیعلامی تایبه‌ت به‌خۆیانیان نییه، ره‌نگه هه‌ندێك ده‌زگای ئیعلامی هه‌بێت، بهشكڵێك له شكڵهكان پشتیوانی له‌سیاسه‌ت، یان له‌بیروبۆچونی حیزبێك بكات، به‌ڵام به‌م شیكڵهی ئێستا له‌كوردستاندا هه‌یه، ره‌نگه ته‌نیا وڵات كه وابێت، سوریا بێت، ئه‌گینا له‌هه‌مو وڵاتانی دنیا، توركیا به‌نمونه بهێنینه‌وه، یان ته‌نانه‌ت ئێران به‌نمونه بهێنینه‌وه كه دو وڵاتی دراوسێی ئێمه‌ن، یان كوه‌یت به‌نمونه بهێنینه‌وه، ئه‌حزاب له‌وێ به‌م ده‌زگای راگه‌یاندنه نییه كه هه‌یه، له‌كوردستان عێراقدا وه‌ختێك هه‌مو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان داموده‌زگای حكومه‌تیان به كاملیی به‌ده‌سته‌وه‌یه، میزانییه‌ی حكومه‌تیان به كاملیی به‌ده‌سته‌وه‌یه، هێزه چه‌كداره‌كانی وڵاته‌كه‌یان به كاملیی به‌ده‌سته‌وه‌یه، تۆ چۆن ده‌توانیت ململانێی فیكری سیاسیی له‌گه‌ڵ ئه‌م لایه‌نانه‌دا بكه‌یت، ئه‌گه‌ر تۆش، وه‌كو چۆن ئه‌وان ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنیان هه‌یه، تۆش ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنت نه‌بێت بیروبۆچونه‌كانی تۆ رۆشن بكاته‌وه، من ته‌مه‌ننا ئه‌كه‌م، رۆژێك وای لێبێت كه هه‌مو ده‌زگا ئیعلامییه حیزبیه‌كان له‌كوردستاندا ببن به‌ده‌زگای ئیعلامی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ، حیزبه‌كان هه‌مو وه‌كو یه‌ك وابن، ئه‌وساكه پێموایه، ئێمه‌ش پێویستیمان به‌وه نابێت ده‌زگای راگه‌یاندنی تایبه‌ت به‌خۆمانمان هه‌بێت.
KNN: ئه‌م قسه‌یه‌ت، بۆنی ئه‌وه‌ی لێدێت كه زیاتر به‌لای ئه‌وه‌دا یه‌كلایی ببنه‌وه كه ده‌زگا راگهیاندنهكهتان بخه‌نه سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌تایبه‌ت ده‌مه‌وێت، ئه‌وه‌ت بیر بخه‌مه‌وه كه له‌ناو یه‌كێتیدا پڕۆژه‌یه‌كت ته‌قدیم كرد، پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازیی كه تیایدا له‌یه‌كێك له‌بڕگه‌كانیدا هاتوه كه ده‌زگای ناوه‌ندی راگه‌یاندن، بدرێته ده‌ست كۆمپانیا، ئێستا كۆمپانیای (وشه) خۆی كۆمپانیایه، خستنه‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جۆرێك له‌جیاوازی دروست ناكات له‌و بۆچونه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: وه‌كو باسمكرد، تا ئێستا ئه‌وه‌مان به‌لایه‌كدا نه‌خستوه، به‌ڵام له‌هه‌مو حاڵه‌تێكدا هه‌تا ئه‌و زه‌مانه‌ی هه‌مو حیزبه‌كان له‌كوردستاندا، داموده‌زگای ئیعلامیی خۆیانیان هه‌بێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش مه‌فروزه ده‌زگای راگه‌یاندنی خۆی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه كه (KNNو سبهیو رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌و ده‌نگی گۆڕان) هه‌موی بكرێت به هی گۆڕان، له‌هه‌مو حاڵه‌تێكدا ئێمه وه‌كو هێزێك كه باوه‌ڕمان به ئازادیی هه‌یه، باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه كه جوڵانه‌وه‌یه‌كی لیبراڵییه، په‌راوێزی ئازادیی له‌ناو ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا زۆر زۆر زیاتر ده‌بێت له‌په‌راوێزی ئازادیی له‌ناو ئه‌و حیزبانه‌ی دیكه كه ئێستا هه‌ن، من ئومێدم وایه، بتوانین پارێزگاری ئه‌وه بكه‌ین كه هه‌میشه داموده‌زگایه‌كی سهربهخۆو ئازادمان هه‌بێت بۆ كاروباری راگه‌یاندن، به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵده‌ده‌ین كه ئه‌و غه‌ڵه‌تانه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه له‌بواری راگه‌یاندنی حیزب‌دا كردویانه، دوباره‌یان نه‌كه‌ینه‌وه.
KNN: ئه‌م په‌راوێزی ئازادییه ده‌گاته ئه‌وه‌ی كه بتوانن ره‌خنه لهخۆشتان بگرن؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: بێگومان له‌دوای هه‌ڵبژاردنی مانگی (7)ی ساڵـی پاره‌وه، خۆم كه كۆبونه‌وه‌م كرد له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌ی له بواری راگه‌یاندنه‌كه‌دا ئیشیان ده‌كرد له كۆمپانیای (وشه)، نازانم جه‌نابت له‌وێ بویت، بهههمویانم وت، به‌هیچ جۆرێك ره‌حم به براده‌ره‌كانی خۆشمان نه‌كه‌ن، چۆن ره‌خنه ده‌گرن، ئه‌گه‌ر هه‌رچی كه‌موكوڕییه‌كیان كرد، ره‌خنه‌یان لێ‌بگرن.
KNN: له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی پێشودا، باستان له‌وه كرد كه یه‌كێك لهئامانجهكانتان وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، پشتیوانیكردنی میدیای ئازاده، چۆن؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: به‌ڵـێ، ئێمه پێمانوایه، یه‌كێك له كۆڵه‌كه‌كانی ژیانی دیموكراسیی له وڵاتانی دنیا، میدیای ئازاده، ره‌خساندنی هه‌له بۆ كاركردنی میدیای ئازاد، له‌به‌رئه‌وه له كوردستانیشدا به‌هه‌مو توانامانه‌وه داكۆكی‌و به‌رگریی له‌میدیای ئازاد ده‌كه‌ین، داكۆكی لێده‌كه‌ین له روی سیاسیی‌و مادیی‌و قانونییو مهعهوییهوه، پێمانوایه یه‌كێك له كۆڵه‌كه‌كانی ژیانی دیموكراسی له كوردستانیشدا ده‌بێت میدیای ئازاد بێت، بۆیه به‌هه‌مو توانامانه‌وه له‌هه‌رچی بوارێكدا پێویست بێت، پشتیوانیی له‌میدیای ئازاد ده‌كه‌ین.
KNN: بۆچونێك هه‌یه كه له وه‌ته‌ی میدیای ئازاد دروست بوه، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی تا راده‌یه‌كی زۆر پێی سه‌رخۆش نه‌بوه، له‌ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا، له‌شوێنی جیاجیادا، باس له‌وه كراوه كه ئه‌مانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی میدیای ئازاد ده‌كه‌ن، سیخوڕن، ده‌ستی بێگانه‌ن، تابوری پێنجن، ئێستاش ره‌نگه تازه‌ترین قسه ئه‌وه بێت كه ره‌نگه سه‌ر بهئێوهن وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان؟ ئه‌م دۆخه بۆ؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: یه‌كێك له‌و شتانه‌ی له كوردستاندا به‌داخه‌وه، له‌ماوه‌ی (18)ساڵـی رابردودا چه‌سپیوه، ئه‌وه‌یه كه له كوردستاندا فێر نه‌بون موعاره‌زه قبوڵ بكه‌ن، به‌ڵكو یان ئاشتییه‌كی له‌رزۆك هه‌بوه لهبهینـی لایه‌نه سیاسییهكانداو رێككه‌وتون له‌سه‌ر دابه‌شكردنی دهستكهوتو ئه‌وانه، یاخود شه‌ڕیان كردوه، یه‌عنی ده‌ستاوده‌ستكردنی هێمنانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌كوردستاندا هێشتا نه‌بوه به نه‌ریتێك، هه‌رچی چوه ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌هه‌مو نرخێك ده‌یه‌وێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بپارێزێت‌و پێیانوایه، میدیای ئازاد كه ره‌خنه‌یان لێده‌گرێت ده‌بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌وانه نه‌توانن تا سه‌ر له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئێستا به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، بمێننه‌وه، وه ئه‌وانه عهیبو عاره‌كانیان ده‌رده‌خه‌ن، میلـله‌ت هۆشیار ده‌كه‌نه‌وه، كه‌موكوڕییه‌كانیان پیشان ده‌ده‌ن، ئه‌وانیش نایانه‌وێت له ده‌سه‌ڵات دابه‌زنه خواره‌وه، نایانه‌وێت ده‌سه‌ڵات ده‌ستاوده‌ست بكات لهدهستێكهوه، لهحیزبێكهوه بۆ حیزبێك، له گروپێكه‌وه بۆ گروپێك، به‌هه‌مو نرخێك پارێزگاریی خۆیان له‌مانه‌وه له‌ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌وانه ئه‌و بوختانانهیه كه بۆ رۆژنامه‌وانی ئازادی ده‌كه‌ن.
KNN: هه‌ڵوێستی ئێوه وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌باره‌ت به‌و هێرشه تونده‌ی ده‌كرێته سه‌ر میدیای ئازاد، چییه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: به‌لامه‌وه شتێكی ئاساییه كه ده‌سه‌ڵات به‌رگریی له‌خۆی بكات، به‌لامه‌وه شتێكی ئاساییه كه موقابیلی ئه‌و ره‌خنانه‌ی كه لێی ده‌گیرێت ئه‌وانیش رونكردنه‌وه بده‌ن، به‌ڵام به‌لامه‌وه ئاسایی نییه هه‌ڕه‌شه بكه‌ن، به‌لامه‌وه ئاسایی نییه ده‌سه‌ڵات به‌كاربهێنن بۆ چاوسوركردنه‌وه، بۆ ترساندن، بۆ گڤ كردن له‌میدیای ئازاد.
KNN: یه‌كێك له له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م میدیای ئازاد كه به‌رده‌وام باسی لێوه‌ده‌كرێت، كێشه‌ی داراییه، هه‌ندێكجار جیاواز له‌وه‌ی كه حكومه‌ت پڕۆژه‌ی نییه بۆ هاوكاریكردنی ئه‌م میدیایه، ته‌نانه‌ت زۆرجار سه‌رچاوه‌كانی داهاتیان له شێوازی ریكلام‌و ئه‌وانه‌ش سنوردار ده‌كات، ئێوه وه‌كو ئۆپۆزسیۆن، پڕۆژه‌تان چییه بۆ ئه‌م دۆخه كه وه‌كو هه‌ڕه‌شه وایه له‌به‌رده‌م میدیا ئازادهكهدا، ئامانجتان پشتیوانیكردنیانه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: ساڵ‌و نیوێك لهمهوپێش، داوام له كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی قانونی كرد كه پڕۆژه‌یه‌كمان بۆ بنوسن بۆ ئه‌وه‌ی بینێرین بۆ په‌رله‌مان، ئه‌و زه‌مانه ئێمه فراكسیۆن‌و شتی وامان نه‌بو. له‌گه‌ڵ چه‌ند رۆژنامه‌نوسێكدا كه له‌بواری رۆژنامه‌وانی ئازاد‌دا كارده‌كه‌ن، موناقه‌شه‌م كرد‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و براده‌رانه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئایا ئێمه ئه‌و پڕۆژه‌یه ته‌قدیم بكه‌ین یان نا، پێشموایه كه ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه‌مان ته‌قدیم كردبوایه، ئیحتیمالـی زۆر هه‌بو كه له‌وانه‌بو قبوڵـی بكه‌ن، ئه‌و دۆسته به‌ڕێزانه باوه‌ڕیان وابو كه پێشكه‌شكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌و كاته‌دا، كارێكی نادروسته له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ی خواره‌وه، وتیان ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه‌مان ته‌قدیم كرد، پاره‌یان بڕییه‌وه بۆ یارمه‌تیدانی رۆژنامه‌وانیی ئازاد، پێمانده‌ڵێن، ئه‌وانیش بۆیه ره‌خنه‌یان نه‌گرت بۆ ئه‌وه‌ی پاره وهربگرنو فیعله‌ن پاره‌یان وهرگرتو كڕیمانن، وتیان، ئه‌گه‌ر ره‌فزیشی بكه‌نه‌وه، ئێمه له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتن به‌رده‌وام بین، پێمانده‌ڵێن، وه‌ڵا ئه‌مانه بۆیه ره‌خنه ده‌گرن، داوای پاره‌یان كرد‌و نه‌مان داونه‌تێ، له‌به‌رئه‌وه وتیان با ئه‌وه بهێڵینه‌وه، ئه‌گینا له وڵاتانی بچوكی وه‌كو كوردستاندا كه ژماره‌ی دانیشتوان كه‌مه كه بازاڕی ریكلام كه‌مه، كه بازاڕی فرۆشی رۆژنامه كه‌مه، كه خوێنده‌واری رۆژنامه كه‌مه، به‌ته‌بیعه‌تی حاڵ ده‌وڵه‌ت مه‌سئوله له‌وه‌ی كه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان كۆمه‌كی دارایی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بكات، له وڵاتێكی زۆر گه‌وره‌ی وه‌كو به‌ریتانیا كه تا ئێستا وه‌كو (BBC) له‌لایه‌ن جۆرێك لهباجهوه بودجه‌ی پێده‌درێت، كه هه‌مو كه‌سێك كه ته‌له‌فزیۆنی هه‌بێت ده‌بێت باج بدات، باجی ته‌له‌فزیۆن بدات، باجه‌كه ده‌چێت بۆ (BBC)، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه به‌شی نه‌كرد له‌پاره‌ی یانسیب به‌شێكی بۆ ته‌واو ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ته‌واوی نه‌كرد، له په‌رله‌مانی به‌ریتانیا به قانون پاره‌ی پێده‌ده‌ن، واته چی تیایه ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌وانی ئازاد له‌كوردستانیشدا به جۆرێك له‌جۆره‌كان حكومه‌ت كۆمه‌كێكی داراییان بكات، وه‌كو باسم كرد، ئێمه وڵاتێكی بچكۆلهمان هه‌یه، بازاڕێكی بچوكمان هه‌یه، ریكلام به‌ئه‌ندازه‌ی پێویست نییه، به‌ڵام ته‌بعه‌ن ئه‌وه نه‌بێت به سه‌به‌بی ئه‌وه‌ی كه رۆژنامه‌ی پێ بكڕن‌و خه‌ڵكه‌كانی پێ بكڕن‌و رۆژنامه‌وانی ئازادی پێ بێده‌نگ بكهنو پێ كپ بكه‌نه‌وه.
KNN: ده‌وترێت، ئێوه زیاتر ئۆپۆزسیۆنێكی ئیعلامین، تا ئۆپۆزسیۆن بن له‌ناو هۆڵـی په‌رله‌ماندا، به گوزارشتێكی دیكه‌ش، نه‌هجی سیاسیی خۆتان له‌پشت رۆژنامهكانهوهو له‌پشت میدیاوه زیاتر شاردوه‌ته‌وه تا چالاكییه‌كی سیاسیی له‌سه‌ر ناو هۆڵـی په‌رله‌مان؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: پێموایه، ئه‌وه حوكمێكی نادروسته، چونكه چۆن له ئیعلامدا موعارهزهمان پیشانداوه له‌ناو هۆڵـی په‌رله‌مانیشدا فراكسیۆنی گۆڕان شانبه‌شانی دو فراكسیۆنی دیكه له‌گه‌لێك مه‌سه‌له‌ی گرنگدا ده‌وری موعاره‌زه‌یان بینیوه، پڕۆژه‌ی به‌دیلیان پێشكه‌ش كردوه، ره‌خنه‌ی مه‌عقولیان گرتوه‌و قسه‌یان كردوه، ئێمه هه‌م له هۆڵی په‌رله‌ماندا، هه‌م له ئیعلامدا، له‌سه‌ر به‌عزێك مه‌سه‌له ئیعتیرازمان گرتوه‌و موعارهزهمان پیشانداوه‌و له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كه له‌به‌غداش فراكسیۆنه‌كه‌مان كهوتهگهڕ، له‌وێش ده‌وری خۆمان ده‌بینین.
KNN: یه‌كێك له بۆچونه هه‌ره دیاره‌كانی ئێوه سه‌باره‌ت به میدیای حیزب له‌ماوه‌ی رابردودا، ئه‌وه بوه كه (3) وه‌زیفه‌و ئه‌ركی خراپی هه‌بوه، یاخود سلبـی هه‌بوه كه بریتی بون له: تاریكاندنو گهوجاندنو دێواندن، ئێستا جۆرێك له میدیا دروستبوه، یاخود ئه‌وه‌ی كه باس ده‌كرێت پێیده‌وترێت میدیای سێبه‌ر، به رای تۆ، وه‌زیفه‌ی ئه‌م جۆره میدیایه چییه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: هه‌ر عه‌ینه‌ن ئه‌و شتانه‌یه كه وه‌ختی خۆی باسمانكردون.
KNN: یه‌عنی ئه‌و (3) وهزیفهیهیه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: هه‌ر دیسانه‌وه تاریكاندنه، ونكردنی راستییه‌كانه، گه‌وجاندنی خه‌ڵكه‌و دێواندنی به‌عزێك سه‌ركرده‌و ئه‌وانه‌یه، عه‌ینی وه‌زیفه ده‌بینن، به‌ڵام ئه‌مانه له سێبه‌رو له تاریكی‌دا.
KNN: ئێوه تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌وه‌ی كه زمانی راگه‌یاندنی ئێوه، زمانێكی زۆر توند‌و هێرشكه‌ره، زمانێكه ره‌حم ناكات، به مانایه‌ك له ماناكان، له‌به‌رامبه‌ریشدا زۆرترین هێرشو په‌لامار بۆ سه‌ر ئێوه‌یه، هه‌ندێكجار بۆ سه‌ر شهخسـی ئێوه‌یه، ئه‌م هاوكێشه‌یه لای تۆ چۆنه، یه‌عنی جۆرێك له تۆمه‌تباركردن هه‌یه له هه‌ردو بهرهكهوه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: وه‌كو باسمكردوه، ره‌خنه‌م گرتوه له ئه‌دائی سیاسیی، ره‌خنه‌مان گرتوه له سیاسه‌تی فڵان حیزب، ره‌خنه‌مان گرتوه له سیاسه‌تی حكومه‌ت، ره‌خنه‌مان گرتوه له ئه‌دائی سیاسیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ره‌خنه‌مان گرتوه له ئه‌دائی سیاسیی په‌رله‌مان، ره‌خنه‌مان گرتوه له‌و مه‌سه‌لانه، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك داخڵـی ناوزڕاندن‌و شكاندنی شهخسو ئه‌وانه نه‌بوین، چونكه ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ شه‌خسدا نییه، ئێمه پێمانوایه: له سیستمێكی باش‌دا ئینسانی خراپ جێگه‌ی نابێته‌وه، خراپه‌كه، یان ده‌بێت باش بێت، یان ده‌خرێته زیندانه‌وه، له سیستمێكی ناباشدا، ئینسانی باشیش یان مه‌جبور ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا بڕوات، یان دهریدهپهڕێننه ده‌ره‌وه، له‌به‌رئه‌وه ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ سیستمی به‌ڕێوه‌بردندایه، ئه‌گه‌ر سیستمێكی به‌ڕێوه‌بردن هه‌بێت، خه‌ڵكی خراپ جێگه‌ی تیا نابێته‌وه، یان ده‌خرێته زیندانه‌وه، یان ده‌خرێته ده‌ره‌وه‌ی سیستمه‌كه، له سیستمێكی باش‌دا خه‌ڵكه خراپه‌كانیش جێگه‌یان نابێته‌وه، یه‌عنی به‌مانایه‌كی دیكه، ئێمه موشكیله‌مان له‌گه‌ڵ ئهدائـی سیستمی به‌ڕێوه‌بردندا هه‌یه، نه‌ك له‌گه‌ڵ ئهشخاسدا.
KNN: زۆرترین ئه‌و هێرشانه، یاخود ئه‌و قسانه‌ی ده‌نوسرێن له میدیای به‌رامبه‌ره‌وه به‌رامبه‌ر به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، زۆرترینیان به‌رامبه‌ر خودی نه‌وشیروان مسته‌فان، رات چییه، یاخود هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كت هه‌یه به‌رامبه‌ر به‌م نوسینانه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیی به‌خۆمه‌وه هه‌یه، گه‌ردنیان ئازاد بێت، هیوادارم خوا هیدایه‌تیان بدات، ئه‌وانه‌ی ئینسانی گومڕان بێنه‌وه سه‌ر رێگه‌ی راست، یان ئه‌وانه‌ی له‌پشتی ئه‌وانه‌وه‌ن، بێنه‌وه سه‌ر رێگه‌ی راست.
KNN: ئه‌وانه‌ی كه له‌سه‌رت ده‌نوسن، ده‌یانخوێنیته‌وه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: ئه‌وه‌نده‌ی فریا بكه‌وم، به‌ڵـێ، ده‌یخوێنمه‌وه، ئه‌وانه پۆلێنیشیان ده‌كه‌م له عه‌قڵی خۆمدا، هه‌مو ئه‌وانه‌ی كه ره‌خنه‌م لێده‌گرن، یان ره‌خنه له جوڵانه‌وه‌كه ده‌گرن، من به نه‌زه‌ری ئیعتبار وه‌ریده‌گرم، ئینجا ئه‌و ره‌خنه‌یه دڵسۆزانه بێت، یان دوژمنانه بێت، ره‌خنه‌كه راست بێت، یان درۆ بێت، به نه‌زه‌ری ئیعتبار وه‌ریده‌گرین، ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌كه راست بو، هه‌وڵده‌ده‌ین چاره‌سه‌ری بكه‌ین، ئه‌وه‌ی ئیلاقهشی به جنێوه‌وه هه‌یه، ئیهمالـی ده‌كه‌ین، ناڵێم گه‌ردنیان ئازاد بێت.
KNN: ئێستا، ئه‌گه‌ر له دۆخێكی وادا بین‌و ئه‌وه‌ی كه ده‌وترێت زۆرجار فه‌وزایه‌كی ئیعلامیی هه‌یه، وه‌زیفه‌ی كێیه ئه‌و فه‌وزا ئیعلامییه ئه‌مه سنوردار بكات؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: وه‌زیفه‌ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ریه، ئه‌ركی دادگاكانه.
KNN: رات چییه سه‌باره‌ت به‌م یاسایه، یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: ئه‌گه‌ر ئه‌م قانونه‌ی كه له كوردستاندا ده‌رچوه، به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ قانونه‌كانی پێش‌و، له‌گه‌ڵ قانونی عقوباتی عێراقی، له‌گه‌ڵ ئه‌و قانونانه‌ی كه له‌عێراقدا هه‌بون، له‌وان باشتره، به‌ڵام من ئومێدم وایه، باشتریش بێت.
KNN: ده‌وترێت، یهكێتیو پارتی كار بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه ده‌كه‌ن، چونكه پێیانوایه: جۆرێك له ئازادیی زیاتر، یاخود ئه‌وه‌ی كه خراپ به‌كارهێنانی ئازادیی، ئه‌و گوزارشته‌ی كه خۆیان دایانهێناوه، له‌م یاسایه‌دایه؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: هیوادارم، بیر له‌شتی وا نه‌كه‌نه‌وه.
KNN: ئه‌م پرسیاره، ره‌نگه تا راده‌یه‌ك شه‌خسی بێت، له واژۆكردنی مۆڵه‌تی حیزبهكهتانداو له ته‌نیشت ناوه‌كه‌ی خۆتدا نوسیوته، نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، رۆژنامه‌وان، تۆ خۆت به رۆژنامه‌وان ده‌زانیت، یان سیاسیی؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: ئه‌زانی من (3) جار په‌ساپۆرتم له عێراق وه‌رگرتوه، یه‌كه‌م جار ساڵی (1970) وه‌رمگرتوه‌و له‌سه‌ر پیشه‌كه‌م نوسراوه (صحفی)، جاری دوه‌م ساڵی (1984) ده‌رمهێناوه كه مفاوه‌زاتمان ده‌ستپێكرد، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ر نوسراوه (صحفی)، له‌دوای روخانی سه‌دامیش كه جارێكی دیكه پهساپۆرتێكم ده‌رهێناوه، له‌سه‌ری نوسراوه (صحفی)، بۆ مه‌علوماتت، له‌كۆتایی شه‌سته‌كانه‌وه، ئه‌ندامی كارابوم له سه‌ندیكای رۆژنامه‌وانانی عێراقدا، ئه‌و زه‌مانه‌ی كه هه‌مو چه‌ند سه‌د رۆژنامه‌نوسێك له عێراقدا هه‌بون، ئێستاش هه‌ر ئه‌ندامم له یه‌كێتیی رۆژنامه‌نوسانی به‌ریتانیا، یه‌عنی به پیشه رۆژنامه‌نوسم.
KNN: كه‌واته سه‌رۆكایه‌تیی حیزبێك، یاخود بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی په‌سه‌ند ده‌كه‌یت، یان سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌یه‌ك؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: به‌داخه‌وه، نه‌متوانیوه رێبازی ژیانی خۆم، یان رێبازی سه‌ره‌كیی ژیانم هه‌ڵبژێرم، ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست خۆم بوایه، حه‌زم ده‌كرد ببومایه به مامۆستای زانكۆ، به‌ڵام بوم به سیاسیی، ئێستاش ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست خۆم بێت، ره‌نگه سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌یه‌كم پێ باشتربێت له‌وه‌ی كه سه‌رۆكایه‌تیی حیزبێك بكه‌م.
KNN: دوا پرسیارم ئه‌وه‌یه كه ساڵێك تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی تازه‌دا كه به هه‌مو پێوه‌رێك، جۆرێك له رچهشكاندنی تێدابوه‌و وه‌كو باس ده‌كرێت، ئه‌ركێكی سیاسیی قورسی له‌سه‌ره، هه‌ر لانیكه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئۆپۆزسیۆنی دروستكردوه، به كورتی پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ماندو نه‌بون؟
نه‌وشیراون مسته‌فا: بیسمیلـلا، تازه ده‌ستمان پێكردوه.